سیکۆلاریزم و چەند سەرنجێک 03
#شەماڵ بارەوانی#
دەوڵەتی سیکۆلاریزم: دەوڵەتێکە هاووڵاتی بوون پێوەرەو جیاوازی نەتەوە، ڕەنگ و ڕەگەز، ئایین و ئیتن و مەزهەب و ئیدەلۆژیا ناکرێن بە هۆکاری چەوسانەوەی ئەویترو بێ ماف کردنی.
سەپاندن و تۆتالیتارییەت.لەناو سیستەمێکی سیکۆلاردا هەرگیز، جێگای نابێتەوەو بوونی نییە. هیچ کەسێک، لەسایەی سیستەمێکی سیکۆلاریستی ڕاستەقینە، سیستەمێک، بەمانای وشە، نەک تەنها بە ڕواڵەت و بە ناو بە دروشمی بەتاڵ و بێ ماناو بێ ناوەڕۆک، سیکۆلاربێت، بۆی نییە تەداخولی ژیان و ئازادی و خواست و هەڵبژاردنەکانی ئەویتر بکات. دەوڵەتی سیکۆلار هەموو مافێکی بۆ تاک، بەپێی گریبەست و پەیمانێکی کۆمەڵایەتی نێوان هەموان و بەیاسا ڕێکخستووەو دەستەبەر و زامنکردوو پاراستووەو کردوونی بەبڤەو هێڵی سوور و کەس بۆی نییە، بە هیچ پاساوێک و لەژێر هیچ ناوێکدا، ئەو هێڵە سوور و بڤەو پیرۆزیەی تاک، ئەو ماف و ئازادی و خواست و سنورانەی مەملەکەتی تاک و مرۆڤەکان ببەزێنێت و ئازادیەکانیان پێشێڵ بکات.
لەدەوڵەتی سیکۆلاردا، هاووڵاتی لەسەرووی هەموو شتێکەوەیەو دەوڵەت دەوڵەتی هاووڵاتیەو هاووڵاتی بنەماو بنچینەیە، هاووڵاتی پێوەرو پیرۆزە، بێ ئەوەی سەیری ئایینەکەی یاخود ئیتن و مەزهەب و ئایدیۆلۆجیاکەی، نەتەوەو ڕەنگ و ڕەگەزەکەی بکرێت، لەدەوڵەتی سیکۆلاردا دەستورێک هەیە پێویستە بەیەک چاو سەیری هەموان بکات و بەیەکسانی ئەرک و ماف بۆ هاووڵاتیان دابەش و دیاری بکات و ئازادی ویژدان(لائیک-بێ دینی)و عەقیدەو بیرو باوەڕ بۆ هەموو کەسێک دەستەبەربکات و هەموان بە ئازادی بتوانن گۆزارشت لەخۆیان بکەن و کەس مافی ئەوەی نەبێت لەجیاتی ئەوەکەیتر بڕیاربدات و نەخشەی بکەو نەکەی بۆ بکێشێت و تاک ئازاد بێت بەو شێوازە بژیت کەخۆی دەیەوێت، نەک ئەویتر.
لەناو سیستەم و دەوڵەتی سیکۆلاریزمدا،
عەلمانیەت مرۆڤی کردووە بەکابەو ڕووگەی ژیان و دەبێت هەموو شتێک لەپێناو مرۆڤ و خزمەتی مرۆڤایەتی دابێت و هەموو شتەکان بەدەوری خواست و ئارەزوو و ئازادی و مافەکانی مرۆڤدا بخوڵێنەوە،
لەناو دەوڵەتی سیکۆلاریزمدا، دەسەڵات دەسەڵاتی ئەقڵ و هێز هێزی زانست و گۆڕەپان گۆڕەپانی بیرکردنەوەی ئازاد و ئینسانی ئازادو مرۆڤ بوونە. لەناو سیستەمی سیکۆلاریزمدا.
هیچ مەرجەعەکی باڵاو دەسەڵاتێکی پیرۆزی ڕەها بوونی نییە، تەحەکوم و یاری بەژیانی تاکەکان و چارەنوسی مرۆڤەکانەوە بکات، بەڵکو لە لەسایەی عەلمانیەت و لەناو سیستەمی عەلمانیدا ئیرادەی گشتی و پەیمان و ڕێککەوتنی کومەڵایەتی نێوان هاووڵاتیان و ئازادی و خواستەکانی تاک مەرجەع و پیرۆز باڵان.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!