دیالۆگی نێوان من و ئەهریمەن لە دۆزەخدا 04
#شەماڵ بارەوانی#
باپیرە: وەکو (دالایی لاما) دەفەرموێت باشترین ئاین ئەوەیە کە بتکاتە مرۆڤێکی بەڕەوشت و بەسۆز و پڕبەزەیی.
گیانەکەم، ڕۆڵەی داسنی: دەبێ وەزارەتی پەروەرە هەموو ئەو کتێبانە قەدەغەبکات و دووبارە دەبێت بە پەروەردە و فیقهو توراس و هۆکارەکانی بوون بە تیرۆرستبوونی مرۆڤدا بچینەوە و مەنهەجی خوێندن لە هەرشتێک پاکبکەینەوە کە بۆنی تووندو تیژی و نا لێبوردەیی لێدێت و دژی ڕۆحیەتی هەناسەی ئازاد و گیانی پێکەوەژیان و ئەویتر قبوڵکردن و فرەییە. دژی ئازادیەکان تاک و دیموکراسی و مافەکانی ژن و ڕێزگرتنە لە جیاوازیەکانە. پەروەردەیەکی سیکۆلاریستانە و شارستانی و هاوچەرخ و سەردەمیانە.
پەروەردەیەک هەڵقوڵاوی هەناوی فەلسەفەی مەدەنیەت و پرەنسیپەکانی هیومانیزم و پلورالیەت و سیکۆلاریزم بێت. گەرنا لە بیرینەکەین، کورد وتەنی:چی بچینیت ئەو دەدووریتەوە و چاوەڕێ مەکه لە شوێنێک دڕکت ڕواند، گوڵی لێ شین بێت.
ئەگەر ویستت بزانیت تیرۆرست چۆن بووە بە تیرۆرست و تیرۆر چۆن لە دایک دەبێت و سەرهەڵدەدات و سەری هەڵداو لە دایک بووە، سەیری هۆکارەکان، ژینگە، ژیان، سایکۆلۆجیەتی کەسەکه بکە و لەفاکتەر و پاڵنەرە کۆمەڵاتی و سایکۆلۆجیەکان بکۆڵەرەوە. ئێمە وەکو بیرمەند و شەهیدی وشە(فەرەج فۆدە)دەڵێن ناتوانین توندو تیژی به توندو تیژی وڵام بدەینەوە.
فۆدە لەکتێی(تیرۆر) پێمان دەڵێت بە توندو تیژی و هەمان سیاسەتی تیرۆرستان و شکەنجەدان و سزادانی فیزیکی و جەستەیی، کێشەی تیرۆر چارسەرنابێت.
لە جیاتی ئەوەی بە چەک، ڕووبەڕووی فیکر و چەکی تیرۆر ببینەوە و توندوتیژی لە دژی توندوتیژی بەکاربهێنینەوە، کە نەچارەسەرە و نەیش کۆتایی بە تیرۆر دێنێت، با ڕێگه لە گەشەسەندن و پەرەسەندنی ئیسلامی سیاسی بگرین و وەک خۆی لە مەترسی ئیسلامی سیاسی بڕوانین و هەڕەشەی ئیدۆلۆجیەت و فکری ئیسلامی سیاسی ئاوێتە لە عروبەت و شۆڤێنیەت، بۆ سەر هزری نەتەوەیی و ئاسایشی نەتەوەیی و ئایندەی دیموکراسیەت و سیکۆلاریزم و تولەرەنس و فرەیی و پێکەوە ژیان و مرۆڤ بوون و وڵات، لەبەرچاو بگرین و موجامەلەیان نەکەین و دووڕوویی و دوفاقی و سارد و سڕی و بێ موباڵاتی و خەمساردی لەهەمبەریان نەنوێنین و مەترسی سەلەفیەتی دینی و ئیسلامی سیاسی، وەکوو خۆی لەبەرچاوان بگرین و هەزار و یەک حیسابی بۆ بکەین.
ئەو مەترسیەی تەنها پەیوەست نییە بە وڵاتێک و سنووری دەوڵەتێک و جوگرافیایەکی دیاکراودا، بەڵکو لەمێژە بووەتە دیاردەیەکی کەونی و پەتایەکی هاوشێوەی (کۆڤید19)و جیهانی و لە زۆربەی وڵاتانی دنیا کەم و زۆر بوونیان هەیە و مەترسین بۆ سەر ئاسایشی وڵات و ڕۆحی پێکەوەژیان و ئاشتی کۆمەڵایەتی و ئایندەی ئازادی و دیموکراسی و مرۆڤایەتی.
بۆیە دەبێت مەترسیەکە بەهەند و لەبەرچاوبگیرێت. ئیسلامی سیاسی ئەگەر لەسەرئاستی سیاسیش شکست و فەشەلیان هێنابێت، لەچەندین وڵات دوای گەیشتنیان بە جڵەوی دەسەڵات، بەر باهۆزی زەمانە و نەفرەتی گەل کەوتبن و دۆڕابن، وەکوو نموونەی میسر و تونس و سودان و مەغریب و..تاد.. وەلێ لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی، ئەوان ئەقڵی مێگەڵی کوردیان بەدەستەوەیە و بۆ چەمکی تولەرەنس و گیانی پلورالیەت هێشتا هەڕەشە و مەترسی جدین و گەر حیسابیان بۆ نەکرێت.
دەتوانن کۆمەڵ بەرەو هەڵدێر و ژیان بەرەو داخران و تاک سەرگەردان بکەن. بۆیە وەکو ئاماژەم بۆ کرد دەبێت مەترسیەکە لەبارچاوبگیرێت و وەکو خۆی حیسابی بۆ بکرێت و لەقەبارەی خۆی سەیربکرێت. هەموو ئەو تەیارە دینیە فێندەمێنتالیست و کۆنەخوازانەی کە داوای گەڕانەوەی حوکمی مەزهەبی و دەوڵەتێکی سیوکراتی دەکەن، تاوەکو تێیدا دۆزەخێک بۆ هەموو دانیشتوانەکەی سازدەن و بە ئاگرەکەی ئازادی و ژیان و کەرامەت و مافەکانیان بسوتێنن.
ئەو ئیسلامگەرا و توندڕۆیانەی لە ڕاکێشانی هەست و سۆزی بەشێکی خۆندەکاری زانکۆکان بۆلای خۆیان، ئەو گەنج و جەوانە هەرزەکارانەی ئاستی ڕۆشنبیری و هۆشیاری و زانیاری و مەعریفی و فیکریان لاوازو سنوردارە و بە ئاسانی و لە بارێکی نالەباردا، لە بوارەکانی سیاسەت، ئابووری و کومەڵایەتیدا ئستغلال دەکرێن لەلای ئیسلامی سیاسی، دەکرێن بەپاروەکی چەور و نێچیرێکی سادەو دەکەونە داوی ئیخوانیزم و تۆڕی ئیسلامگەراکان و بە کۆمەڵێک قسەی خورافی و مەقولەی نەقڵکراوی سەر بە کولتووری سەدەکانی ناوەڕاست، کۆمەڵێک قسەی عاتفی و سەتحی و سەرەتایی، هەست و سۆزیان پێ جۆش دەدەن و عاتیفەیان پێی دەجوڵێننەوەو مێشکیان بە عەقڵیەتی کۆنەخوازانە بارگاوی دەکەن و لە خشتەیان دەبەن و، ئەقڵ و هۆش و ئیدراک و مێشکیان هاکدەکەن و لە قاڵبی ئیدۆلۆجیای ئیسلامگەرایانەی خۆیان دەدەن و بەو شێوەیه جڵەوی هەست و سۆز و عەقڵیان دەکەوێتە ژێر دەستی ئیسلامیەفۆندەمێنتالیستەکان و ئینجا کە ڕام و کۆنترۆڵیان کردن چۆنیان بوێت لەشێوەی بوکەڵەیەکی یاریکردن، لە پێناو ئامانج و مەبەستی خۆیان، بۆ یارییە بێتام و بێ ماناکەی خۆیان بەکاریان دێنن و شەڕی ئایدیۆلۆجیاو دۆگماکانی خۆیانیان پێدەکەن و دەیانکەن بە نەیارێکی سەرسەختی چەمکی عیلمانیەت و دووژمنی مرۆڤایەتی و مافەکانی ژن و ئازادیەکانی تاک و کومەڵێکی کراوەی مەدەنی مۆدێڕنێتەی سیکۆلارو سەردەمی و شارستانی.
دەستخۆش باپیرە گیان:هاوڕاتم و هەرگیز، بە توندو تیژی، توندوتیژی چارەسەرنابیت. تۆ بەرلەوەی هەوڵدەیت تیرۆر وەکو فیزیک لەناو بەریت، دەبێت کاربکەیت تا تیرۆر لە ڕووی فیکریەوە، کز و لاواز بکەیت و سەرچاوەکانی تیرۆر و هۆکارەکانی بوون بە تیرۆرست لەناوبەریت، ئەگەرنا هەوڵەکان هەمووی نەزۆک و بێ دەرەنجام و بێ سود و بێ مانا دەردەچن و تیرۆر هەرگیز، بە تیرۆر لەناو ناچێت.
دەبێ سەرەتا ئەو مێژووە بکوژین کە تیرۆر دروست دەکات، ئەوتۆراسە هەڵوەشێنینەوە کە بارگاوی و لێوان لێوە بە فیکری تیرۆر و ئەو کتێبانە لەنێو بەرین کە دێڕەکانیان سیخناخن بە بیری توندڕۆیی، دەبێ پێش هەموو شتێک، گەرووی ئەو دەنگە نەشاز و نەخۆش و ڕاسیزم و ڕادیکاڵ و ناتۆلەرانس و نامرۆڤانەیە بگرین و بیخنکێنین(خنکانی مەجازیم مەبەستە)کە بۆنی سەبایە و کۆیلایەتی و جەنگ و کوشتنی مرۆڤەکانی لێدێت و هانی پەڕگیری و نالێبوردەیی و ڕەگەز پەرستی و دەمارگیری دەدات و هۆکاری سەرەکییە بۆ لە دایک بوونی تیرۆر.
دەبێت دەستکاری ئەو کەلەپووە بە پیرۆزکراو بە تابۆ کراو بە بڤەکراو بە هێڵکراوە بکەین، کە هەوێن و داینەمۆی فیکری تیرۆرو فاکتەری لە دایکبوونی مرۆڤی تیرۆرستە. دەبێت لە ڕێگەی پەروەردە و خوێندن و ڕاگەیاندن، لە ڕێگای دیموکراسیەت و سەروەری یاساوە، ڕەگی تیرۆر هەڵقەنین و ژێدەرەکانی تیرۆر وشککەین.
دەبێت کێشەی ئابووری و بێکاری و هەژاری، نەبوونی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و لاوازی دیموکراسیەت چارەسەربکرێت.
کە ئەمانیش هۆکار گەلێکی سەرەکین زۆر جار بۆ پەڵکێش کردنی گەنجی دەست بەتاڵ و بێ کار، بۆ نێو ئەو کارەسات و فیکرە تیرۆراویە.
باپیرە گیان:گەنج بێ کار و دەست بەتاڵبێت لە ژیان، زۆر مەترسیناکە. گەنجێک سەیردەکات، ژیانی ئێستای لە بێ مانایی و بێ کاری و بەتاڵیدا دەخوڵێتەوە و ئاسۆیەکیش نییە بۆ ئاییندە و داهاتووی، ئێ دەبێ بیرکردنەوە و کەسایەتی ئەو گەنجە، سایکۆلۆجیەتی و دروونی ئەوکەسە چی لێ بەسەربێت؟ چاوەڕێ مەکە ئە گەنجە ببێتە ئایندەی وڵات، لە وڵاتێکدا ببینێت گەردیلەیەک ژیانی بۆ ئەو تێدا نییە و جیاوازی چینایەتی تیایدا لە تڕۆپکدابێت.
ڕۆڵەکەم: نەفرەت لەتیرۆر و توندوتیژی دەمارگیری ئایینی و ڕاسیزمیەت.بیرو باوەڕی ئێمەی ئێزدایی ئەوەیه: مرۆڤ ئایینی هەرچیەک بێت ئەوە پەیوەندی بەخۆیەوە هەیه و ئایین پەیوەندیەکی تایبەتی نێوان مرۆڤ و ئێزدانە و نازانم ئەو توندڕۆ و دەمارگیرانە بۆچی ئایین تێکەڵ به سیاسەت و کاری حزبی و هەموو شتێک دەکەن !
دواتر
ئایین: دەبێ فێری خۆشەویستی مرۆڤەکانت بکات.
تۆی ئەوین لە دروونتدا بڕوێنێ.
نەخۆشی ڕق و کینە لە دڵتدا بسڕێتەوە.
ئاوازی مرۆڤ بوونت پێ لەبەر بکات.
هەموان بکات بە برا.
فێرت بکات جیاوازی و ئەویتر قبوڵ بکەیت.
رێز لە مرۆڤ بوون بگریت.
لە پێش ئایین و ئایدۆلۆجیاکەی مرۆڤ بوونی بەرامبەر ببینیت.
وات لێ بکات بەژداری خۆشی و ناخۆشی مرۆڤەکان بکەیت.
تۆیەک پیرۆز بایی کردنی جەژنی شوێن کەوتەی ئایینی ترت لا کفربێ و پێی گیڤ و قەڵسبیت!
خواردنەکەیان نەخۆیت.
پسوولەی دۆزەخیان بۆ ببریتەوە.
بێ ڕێزی و سوکایەتیان پێ بکەیت.
بە گڵاو پیسیان دابنێیت.
ڕێز لە بۆچوون و بیروباوەڕیان نەگریت.
تراژیدیاو ئازارەکانیان نەتگرێینێت.
گومان لە مرۆڤ بوونی خۆت بکە!!!
بەداخەوە، باپیرەگیان، هەزاران ساڵە، بەناوی ئایین و خوداوەند و مەزهەب و ئیدەلۆژیاو شتەوە، فتوحات و داگیرکاری و جەنگی پیرۆز و خاچ و جیهانی چی و چی بە ڕپادەکرێت و مرۆڤ و مرۆڤایەتی تێدا پێشێڵ و بە سوتماک دەکرێت و دەکوژرێت و ماڵی خەڵک و ژیان و بوون وێران دەکرێت.
دڵەکەی باپیرەی: دەبێ ئێمە لەخەمی ئەوەدابین مرۆڤەکان فێری مرۆڤایەتی بکەین و دووباره بیانکەینەوە مرۆڤ، نەک موسڵمان خەمی ئەوەی بێت، مەسیحیەک و ئێزدیەک بکات بە موسڵمان و مەسیحیەک هەوڵدات موسڵمان و جوێک بکات بە گاور.
لە ئاینی ئێزدایی، خەم و تەوەر ئەوە نییە چەند موسڵمان و جو و بوودی و کێ و کێیتر بکەین بە ئێزدی و بیانهێنینە ناو بازنەی ئێزدایەتی، ئێمە بەرلەوەی نزای چاکە و خێر بۆ خۆمان بکەین، بۆ ئەوانیتری دەکەین.
ئەوە بیرو باوەڕی ئێمەی ئێزدایییە و ئاینەکەی ئێمە، ئاینێکی تەبشیری نییه و هەر قبوڵی نییه خەڵکی نا ئێزدایی ببن به ئێزدایی و با مرۆڤ بە پێی بیرو باوەڕی خۆی بژی، جا هەر ئایین و بیرو باوەڕێکی هەبێت، گرنگ مرۆڤ بوون لە بیرنەکات و مروڤانە بیربکاتەوە و مرۆڤ بێت، مرۆڤ.
یانی قبوڵی ناکەن من، بێمەوە ناو بازنەی ئایینی ئێزدایی؟
نانا، کورد هەزاران ساڵە، خۆی ئێزدایی بیر و باوەڕ بووە و لە ئایینەکەی خۆی دوور خراوەتەوە و کراوە بە دووژمنی ئایینە ڕەسەنەکەی خۆی و ئێستا هەر یەکێک لەو ڕوڵانەی من، کە دەیەوێت دووباره بێتەوە باوەشی ئێزدانیەت و بگەڕێتەوە ماڵە میتراییەکەی خۆی، ئێمە دڵخۆش و شادومان دەکات ڕۆڵەکەم.[1]