دیالۆگی نێوان من و ئەهریمەن لە دۆزەخدا 06
#شەماڵ بارەوانی#
قەراربوو سروودێک بۆ پەیامبەری ئیسلام بڵێم..!
باپیرە: دواتر دەگەڕێینەوە سەر دیالۆگەکەمان.
با جارێ پشووەک وەرگرین و شەربەتێکی سروشتی بخۆمەوە. ئینجا گوێم بۆ ڕادێرە، با گۆرانیەکیشت بۆ بچڕم، بزانم دەنگم خۆشە، یاخود نا؟
باش ڕۆڵەکەم.
باپیرە:لە فەقێیاتی دەنگم زۆر خۆش بوو و بە چوار پێنج ئاواز بانگم دەدا و لە کاتی پێشنوێژیکردن بۆ نوێژخوێنان قورئانم دەخوێند. لە مزگەوتی حاجی عەلی سۆرانی(مەلا سەلیم)، گەنجێک هەبوو، دەیگوت:کاتێک تۆ پێشنوێژی دەکەیت، من دەڕۆم بۆ جیهانێکی تر و دەچمە دۆخی مەستی و ناتوانم گوێم لەو دەنگەت بێت نەگریم.
ئەو گەنجە کە دەچوومە سەردانی هاوڕێ فەقێکانم لە حوجرەکەی مزگەوتی خدرسوارە، موبایلەکەی دەهێنادەر و دەیگوت:توخوا، توخوا، با ئەو دەنگە خۆشەت تۆمارکەم بۆخۆم. من قورئانم دەخوێند و ئەویش تۆماری دەکرد. من و فەقێیەکیتر لە سەردەمی فەقێیاتیم، لە هەولێر، جار جار سروودی ئاینمان دەگوت لە یادی لە دایکبوونی پەیامبەری ئیسلام.
من و ئەو فەقێیەی هاوڕێم کە ئێستا مەلایه لە پێنجوێن، لاسایی سامی یوسف و ئەیاد محەمەد و سەلیم عومەر و کێ و کێمان دەکردەوە و قەراربوو لە داهاتوو پێکەوە، بە دوێت، سروودێکی دینی بۆ پەیامبەری ئیسلام تۆماربکەین و پاشان بڵاوی کەینەوە.دواتر ئەو فەقێیه دوو سروودی دینی بڵاوکردەوە و لە کەناڵە ئیسلامیەکان دابەزی.
ئەی بۆ پێکەوە سروودە ئاینیەکەتان تۆمار نەکرد؟
من دواتر وازم لە سروود گوتن هێنا.
بۆچی؟
فەقێیەکیتر دەنگی هێندە گڕ و ناخۆش بوو و سەرەتا دەفی بۆ لێدەداین، دواتر بەو دەنگە گڕەی هاتە ناو کۆرسەکە، من گوتم تا زووە و حەیامان نەچووە، کارێکی زۆر چاک دەکەم گەر واز بێنم هاهاها.
ڕۆڵەکەم:یانی ئیتر بەو چەشنە وازت لە سروود گوتن هێنا؟
بەڵێ باپیرە.
دەی گوتت گۆرانیەکت بۆ دەڵێم، تا وازت لە گۆرانی گوتنیش نەهێناوە، با زوو گوێمان لە دەنگت بێت هاهاها.بە چاوان باپیرە هاهاها.
بۆچ نزانن کا ئەم کینە؟!
کەنگی ژ دایکا خو ئەم بینە
بۆچ دبێژن یێ ژۆرینە
ئان دبێژن یێ ژێرینە
ژ بنیاتڕا ئەم ئارینە
ملەتەکی زرادەشتینە
ئاخ ژبنیاتڕا ئەم ئارینە
من شولە پ هەوە نینە
باپیرێ من ئێزدینە.
ئەی ئافەرینێک بۆ ئەو دەنگە خۆشەت و ئافەرینێکیش بۆ ئەو تێکستە جوانەی.
هی کێیه ئەو گۆرانیه ڕۆڵەکەم؟
هونەرمەندی گەورەی کورد، هونەرمەندی نەمر
تەحسین تەها.
ئەی کێ تێکستەکەی نووسیوە؟
ئەوەیان نازانم.
ڕۆڵەکەم ماڵەوە لێت زویرنابن کە گوێیان لێ بێت ئەو گۆرانیە دەڵێیتەوە؟
باپیرە: من لە ماڵەوە هەرگیز، بە دەنگی بەرز گۆرانی و پاشان ئەو گۆرانیەم نەگوتووە، سەرەڕای ئەوەی یەکێکە لە گۆرانیە هەرە دڵگیر و خۆش و تایبەتیەکانم.
جا با گوێشیان لێ بێت و با زویریش بن.
خۆ کفرم نەکردووە و جوێنم نەداوە هاهاها. باپیرە دەبێت هەموان ڕێز لە هەلبژاردنی یەکتری بگرین. با دوو هاوسەر، خوشک و برایەک، کوڕ و باوک، کچ و دایک، تێڕوانین و ئاینیان جیاوازبێت،
با ئەمیان ئێزدی و ئەوەکەیتر زەردەشتی، ئەویان کریستان و ئەویتر موسڵمان، ئەو بوودی و ئەویکە ئەتایست و لائیک و دایزم و چی و چی بێت.
ئەوەیە لوتکەی تێگەیشتنێکی شارستانیانە و دیموکراسیانە. تاکەی بە ناوی: خێزان و کۆمەڵ، خێڵ و نەریت، عەیبە و سنوور، مەزهەب و ئایینەوە شت بەسەر تاکدا دەسەپێندرێت و ئازادی تاک و مرۆڤ بوونی ئەتک و وێران دەکرێت !
باپیرە:ئازادی و ئەخلاق و مرۆڤایەتی واتا:بە پێی قەناعەت و هەڵبژاردن و حەزی خۆت بژی.
نەک من تازە کاتژمێرێکە پێم خستووەتە دنیا و جگە لە زاراوەی گریان، هیچ شتێکی تر نازانم، تۆبێیت و مەزهەب و ئایین و ئایدیا و دنیایەک نەریت و ڕێسا و یاسام بۆ دیاریکەیت و بەسەرمدا بسەپێنیت و ئیتر تا مردن، پێم بڵێیت:ئەمانە بتەکانی تۆن.
بڤە و پیرۆزی هێڵی سوور و سنوورن و بۆت نییە بە موویش لێیان لادەیت و ڕەتیان بکەیتەوە !
باپیرە:ئینجا من، ئەوەی بیرم دێت، ماڵەوەمان هەرگیز، دەستیان لە ئازادییەکان و ژیانی تایبەتی من و بیرکردنەوەکانی من وەرنەداوە.
پاشان مرۆڤ کە هەژدە ساڵی تەواو کرد، تەواو، ئیتر خۆی بڕیار لەسەر ژیانی دەدات و ئازادە لەوەی چی ئایینێکی هەبێت، یان نەبێت و چی دەپۆشێت و چی فیکر و ئایدیایەکی هەبێت و چۆن بژیت.
باپیرە:من لە ماڵەوە دایکم بەیانیان زۆر جار دەڵێت: تەلەفیزۆنەکەم بۆ بخەره سەر قورئانێکی خۆشیش، ئەوەی کە دەیکاتەوە کوردی.
مەبەستی ئەوەیە کە تەفسیریشی لەگەڵە.
منیش کۆمەڵێک کەناڵی ئاینی، ئەوانەی تایبەتن بە قورئان خوێندن لە تیڤیەکە، هەموویم لە دوای یەک خەزن کردووە و کاتێک دایکم داوام لێدەکات، دانە دانە دەگۆڕم و دەڵێم:کامەت بە دڵە، تا ئەوەبێت.
ئەی خۆت، ئێستا گوێ بۆ دەنگی هیچ قورئان خوێنێک دەگریت؟
بۆ دوو ڕوویی و درۆی بکەم وەکوو خەڵکێک و بڵێم:بەڵێ.
نەخێر، باپیرە. ئەوەی ڕاستی بێت، من تەنها گوێ لە گۆرانی و میوزیک دەگرم.
ئەی دەنگی کامە قورئان خوێنت لا خۆش بوو، پێشووتر؟
قورئان خوێنی ناودار و بە ڕەگەز کوردعەبدولباست عەبدولسەمەد.
ئینجا باپیرە:مرۆڤ هەمیشە گوێ لە دەنگی ویژدان و قەناعەتی خۆی بگرێت، نەک ببێت بە سێبەر و کۆپی پێستی فیکر و ئایدیا و تێڕوانینی ئەویتر و ئۆرجیناڵیەتی خۆی لەدەست بدات.
من:برادەرێکم هەیه، لائیکه، چۆن حەزی بە دەنگی گوڵبەهار و حەسەن شەریف و ئەیاز زاخۆیی و کەریم کابان و پەیمان عومەر و سوهام حەسەن و شیلان عوسمان و عەیشاشانا کوردی و مەریەم خان و فەیروز و ئوم کەلسومە، دەڵێ ئاواش مەنشاوی.
باپیرە: ئینجا جاری وایه، تۆ گوێ لە گۆرانییەک دەگریت، ئاوازەکەیت زۆر بە دڵە، بەڵام ڕەنگ بێت تێکستەکەیت قبوڵ نەبێت، یان لات لاواز بێت، یاخود شتێکی ناو تێکستەکە لەگەڵ قەناعەت و تێگەیشتن و پڕەنسیپەکانی تۆ یەکتری نەگرێتەوە و پێچەوانە و دژ بێت.
بۆ نموونە:گۆرانیەکی کورمانجی هەیه، تا بڵێیت من حەزی پێدەکەم، بەڵام لە ناو تێکستەکەیدا بە سووک سەرنجی سەگ دەدات و کابرای عاشق، بە قلە ناپاکەکەی دەڵێت تو ئەڤ هنگڤینی، ئەوات د لەشێ سەی(سەگ) وەردای... هەمی دەما من دگوت:هەر کەسێ نێربیت، نە مێرە.
ئێ منی یەکسانی خواز و ئاژەڵ دۆست و ڕووەکی، ئەو دوو دەستەواژە نێرسالار و دژە ئاژەڵ دۆستیەم سەرلەبەری لا ڕەفزە، بەڵام ئاوازی گۆرانیەکە نا، لەوانەیە بەشێکی تێکستی گۆرانیەکەیش، هیچ کێشەیەکم لەگەڵیدا نەبێتن.
ئەو هاوڕێ لائیکەشم دەڵێت من بەو پێوەرە گوێ لە مەنشاوی دەگرم.
یانی:مەنشاوی وەکو دەنگ و سەدا، نەک تێکست و کەلیمات و ئایەت.
بۆیە ڕەنگ بێت بۆ ئەو برادەره، کە هێندە ئاشقی دەنگی ئەو قورئان خوێنەیه، گەر مەنشاوی:شیعرێکی ڕۆمانسی و تێکستێکی ئیرۆتیکی، یان وتەیەکی مارکس، گیڤارا و گاندی، یاخود تەورات و ئاڤێستا و ئینجیلیش بخوێنێتەوە. هەرهەمان شت بێت و ئەو لەبەر عاشقبوونی بە دەنگەکە و ئاوێتەبوونی بە مۆسیقای دەنگەکە، هەر ئاگای لەوە نەمێنێت. کە داخۆ مەنشاوی چی دەخوێنێتەوە، گرنگ لای ئەو، ئەو لەگەڵ دەنگە بەسۆزەکەی مەنشاوی، مەست دەبێت و دەفڕێت بۆ کەشکەڵانی ئاسمان و دەڕوات بۆ دنیای خەیاڵ و جیهانێکی تر.
شێخ محەمەدی خاڵ، سەبارەت بە ڕشتەی مرواری، هەڵە نەبم لە ناڵەی دەروونە دەڵێت:مامۆستا عەلائەدین سوجادی بێئەدەبی بۆ کردووین بە ئەدەب و من لەکاتی خوێندنەوەی ڕشتەی مرواریدا، بەهۆی بەرزی زمانە ئەدەبیەکەی و شێوازە ئەفسووناویەکەی، مەست دەبم و ئاگام لەوە نامێنێت، کە نووسەر چی نووسیوە و بەسەرهات و چیرۆکەکانی باسی چیدەکەن !
باپیرە:موفتی ئەزهەر دەڵێت گوێ لە فەیرۆز دەگرم.
مەلایەک لە کوردستان، کە هەموو خەڵک دەیناسێت، گوێ لە ئوم کەلسوم دەگرێت.
دڵی باپیرەی: ئیتر حەزە.
دەی خێرا شەربەتەکەت بخۆرەوە، تا سارد نەبووەتەوە.
هاهاها.[1]