$ڕۆح و بەئاگایی$
نووسینی: #لوقمان حەوێز#
بەئاگایی چییە؟ ئەی زانست چی دەڵێت دەربارەی ڕۆح؟ بۆچی ناتوانرێت لێکۆڵینەوەی زانستی لەسەر بکرێت؟
لە ئێستادا لێکۆڵینەوەی زانستی ورد لەسەر بەئاگایی مرۆڤ دەکرێت. سادەترین پێناسەی بەئاگایی بۆ هەریەکێک لە ئێمە ئەمەیە: هەست کردنە بە بوونی خۆمان لە ئێستادا لە نێو کات و شوێندا لەڕێگەی هەستەکانی ناو ناخ و دەروونمان وهەروەها هەستەوەرە فیزیکیەکانمان.لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا بەتەواوی و بە وردی نازانین چییە، بەڵام لەوە دڵنیاین بەئاگایی یەکێکە لە خەسڵەتە هەرە گرنگەکانی ژیان بەتایبەتی لە باڵندەکان و شیردەرەکان، بێ گومان ئێمەی مرۆڤیش تەنیا جۆرێکین لەو شیردەرانە.
هەموو زیندەوەران تا ڕادەیەک بەئاگان بەڵام بە ڕەهەندی جیاواز لەیەکتر، مرۆڤیش لەبەرزترین ئاستی ڕەهەندی بەئاگاییدایە، تاکە زیندەوەریشە بیر لە داهاتووی خۆی و مردنی خۆشی دەکاتەوە.
بەگشتی دەتوانین بەئاگایی لەنێو زیندەوەران هەر لە بەکتریاکان تاوەکو مرۆڤ بکەین بە چەند ئاست یان ڕەهەندی جیاواز لە یەکتر یان وردتر بڵێین چەند پلەیەکی جیاواز لە یەکتر، بۆ نموونە بەکتریاکان و ڕووەکەکان لە نزمترین ئاست یان ڕەهەندی بەئاگاییدان، ئەوان هەست بەهەندێک لە گۆڕانکاریەکانی دەوروبەر دەکەن بۆ نموونە پلەکانی گەرما و ڕادەی شێ و بوونی توخم و ئاوێتەی سودبەخش یان زیانبەخش و نامۆ بۆ ئەوان، مێرووەکانیش لە ئاستێکی بەرزتری بەئاگایین، بۆ نموونە هەست بەجووڵانەوەی تەنەکانی دەوروبەریان و قەبارەکانیان دەکەن، بەهەمان شێوە هەستەوەرەکانیان هەست بە پلەکانی گەرما و توخم و ئاوێتە زیانبەخشەکان دەکەن لە دەوروبەریان.
بڕبڕەدارە خوێن ساردەکانیش وەکو تیمساح و مار و مارمێلکە ئاستی بەئاگاییان لە مێرووەکان بەرزترە، ئەوان جگە لەو خەسڵەتانەی سەرەوەیان شوێنی خۆیان و نێچیرەکان و دوژمنەکانیشیان باش دەناسنەوە.
باڵندەکان و شیردەرەکانیش لەنێو زیندەوەراندا بەبەراورد بەهەموویان جگە لە مرۆڤ لە ئاستێکی بەرزتری بەئاگاییدان، هەندێک لەوان بەتایبەتی مەیمونەکان و دۆلفینەکان و هەندێک لە باڵندەکان بە درێژایی ژیانیان زنجیرە و پەیوەندیەکی کۆمەڵایەتی دەیانبەستێتەوە بەیەکتر، شوێن و پێگەی خۆیان دەزانن لە نێو گروپەکانیان، ئەوان سۆزداریشن، هەست و سۆزیان بەشێوەیەکی جیاواز لەهەموو زیندەوەرانی تر بۆ یەکتر دەردەبڕن و دەگۆڕنەوە، ئەوان ئەوەش دەزانن کە جیاوازن لە زیندەوەرەکانی تر.
مرۆڤیش تاکە زیندەوەرە لەبەرزترین ئاست و ڕەهەندی بەئاگاییە، جگە لەهەموو خەسڵەتەکانی سەرەوە مرۆڤ تاکە بوونەوەرە دەزانێت داهاتوو چییە، دەزانێت کە داهاتوو دێت و هەیە، پلانی هەیە بۆ ئەوە، دەشزانێت مردن هەیە و بەردەوام بیر لە مردنی خۆی دەکاتەوە، تاکە زیندەوەریشە زمان و قسەکردن بەکاردێنێت بۆ پەیوەندیکردن و گواستنەوەی زانیاری، لەو ڕێگەیەوەش زانیاری دەبەخشێت بە مرۆڤەکانی تر و نەوەکانی خۆی، لەئەنجامی ئەوەش تاکە زیندەوەرە لەسەر هەسارەی زەوی کە تا ئێستا خاوەنی کەلتور و شارستانیەتیە و زانستیشی داهێناوە.
زانستی بایۆلۆجی بەگشتی و زانستی دەمارناسیش بەتایبەتی لەئێستادا زۆر لێکۆڵینەوە دەکات لە بواری بەئاگایی لە مرۆڤدا کە بەئاڵۆزترین بەشی زانستی دادەنرێت، لەبەر ئەو ئاڵۆزیە ئەو لێکۆڵینەوانە لەئێستادا زۆر سود لە زانستەکانی زیرەکی دەستکرد و فیزیای کوانتەم و کیمیا وەردەگرن.
بە کورتی بزانین مێشکی ئێمە چەندە ئاڵۆزە؟
مێشکی خۆمان ئەوەندەی تاوەکو ئێستا دەیزانین هەرە ئاڵۆزترین ئامێر و ماشێنی بایۆلۆژی نێو گەردوونە، لە نزیکەی 80 بۆ 100 ملیار خانە دەمار پێک دێت، بەردەوام ئەو خانە دەمارانە ترپەی کارەبایی لەگەڵ یەکتر و لەگەڵ خانە دەمارەکانی تری هەموو لەش دەگۆڕنەوە، پەیوەندی هەموو خانە دەمارەکان لەگەڵ یەکتر لە ڕێگەی تۆڕێکی زۆر زۆر فراوان و ئاڵۆز ئەنجامدەدرێت کە پێی دەووترێت تۆڕی سیناپسەکان، سیناپسەکان ڕیشاڵی زۆر ورد و هەستیارن کە دەتوانین بە گەیەنەری کاربایی و کیمیاییان دابنێین لە نێوان هەموو خانە دەمارەکان، ژمارەی سیناپسەکان بێ شومارە لە زۆری، ئەو ژمارەیە لە مێشکی هەریەکێکمان لە 100 ترلیۆن سیناپس زۆرترە، کەواتە ئێستا هەندێک مەزەندەی ئاڵۆزی و سەرسوڕهێنەری ئەو ئامێرە دەکەین کە مێشکە.
تاوەکو ئێستا زۆربەی دەمارناسان و فیزیاناسان لەو بڕوایەدان کە بەئاگایی بەرهەمێکی لاوەکی تاوتوێ کردنی زانیاریەکانە لەنێو مێشکدا byproduct، هەندێک لە فیزیاناسان و دەمارناسەکانیش پێیان وایە بەئاگایی دۆخێکی تایبەتیە لە ماددە و وزە، لە ساڵی 2014 فیزیاناسی سویدی بەڕەگەز ئەمەریکی ماکس تێگمارک لە پەیمانگەی MIT بۆ تەکنەلۆژیا لە لێکۆڵینەوەیەکی سەرنج ڕاکێشدا ئەوەی خستە ڕوو کە بەئاگایی ئێمە ئەنجام و بەرهەمی دۆخێکی تایبەتیە لە ماددە کە لە نێو مێشکدا دروست دەبێت.
ئەی باشە ڕۆح چییە؟ زانست چی دەڵێت دەربارەی ڕۆح؟ بۆچی ناتوانێت لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەنجام بدات؟
بە درێژایی مێژوو و ئێستاش زۆربەی مرۆڤەکان بڕوایان بەبوونی گیان یان ڕۆح هەبووە، هەموو ئایینەکان و زۆربەی هەرە زۆری فەیلەسوفەکان جەختیان لە بوونی ڕۆح کردۆتەوە بەتایبەتی لە مرۆڤ.
بەڵام زانست مامەڵە لەگەڵ پێوانەکان و تاقی کردنەوەکاندا دەکات، هەر بیرۆکەیەک نەتوانرێت تاقی بکرێتەوە و هەروەها دووبارەش بکرێتەوە ناچێتە قاڵبی زانستەکان.
ئایا ئەمە مانای ئەوەیە ڕۆح نیە؟ نەخێر، هەروەکو چۆن ناتوانین لە ڕووی زانستیەوە پێوانەی بکەین و لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەین بەهەمان شێوە ناتوانین بیسەلمێنین کە ڕۆح نیە، بە وردی مانای ئەوەیە ئێمە هیچ نازانین دەربارەی ڕۆح بەپێی ئەو زانست و زانیاریەی کە لە ئەمڕۆدا لەبەردەستماندایە. [1]