$مردن: شیکارێکی زانستی$
نووسینی: #لوقمان حەوێز#
مردن چییە؟ چەندە بەئازارە بۆ مرۆڤەکان؟
تێبینی: تکایە ئەگەر زۆر لە مردن دەترسیت مەیخوێنەوە، نووسینەکەم شیکارێکی زانستیە، مەبەستم تەنیا خستنەڕووی کۆمەڵێک زانیاری زۆر گرنگە.
ستیڤ جۆبزی کۆچکردوو دەڵێت: هیچ مرۆڤێکی ئاسایی حەزی لە مردن نیە، هەتا ئەوانەی دەیانەوێت بچن بۆ بەهەشت ئارەزووی ئەوەیان نییە لەڕێگەی مردنەوە بگەن بە بەهەشت.
پێشەکی، مردن چییە؟
مردن لە هەموو زیندەوەرەکان بە مرۆڤیشەوە بریتییە لە وەستانی بەردەوام و ئێجگارەکی هەموو کردار و زیندەچالاکیە بایۆلۆژیەکانی ناو هەموو خانەکانی لەش و پێکهاتەی ئەو زیندەوەرەیە لەبەر هەر هۆکارێک بێت، لە ئەنجامی ئەم وەستانەش یەکسەر ئەو خانانە بەشێوەیەکی سرووشتی شیدەبنەوە بۆ ئەو توخم و پێکهاتە سەرەکیانەی کە لێی دروستبوون، هەموو ئەو پێکهاتانەش ئەگەر بە ڕاستەوخۆیی بێت یان ناڕاستەوخۆیی بەتێپەڕبوونی کات تێکەڵی ئاو، هەوا، هەروەها خاکی هەسارەی زەوی دەبنەوە.
مردنی مرۆڤەکان هەر لە سەرەتای مێژووی مرۆڤایەتی تاوەکو ئێستا لەلایەن هەموو کۆمەڵگاکان بە گەورەترین تڕاژیدیا و ناخۆشترین ڕووداو دانراوە لە ژیانیاندا، ئەویش لەبەر نەمان و پچڕانی بەردەوامی پەیوەندیە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکان بووە لەگەڵ مرۆڤە مردوەکان.
ئێمە ئەوەندەی هەین زۆربەی کاتەکان باسی ژیانمان دەکەین، لەدایکبوون، منداڵی، باسی ڕۆژەکان و ساتەکانی ڕابردوومان و پلانەکانی داهاتووشمان دەکەین، باسی یادگاریەکان، جوانیەکان، خۆشیەکان و تاڵیەکانی ژیانمان دەکەین.
زۆربەمان یان نازانین، یاخود بیرمان دەچێت، یان خۆمان دەدزینەوە لەو ڕاستیەی کە پێمان دەڵێت هەموومان لەنێو گەردوونێکدا هەین و دەژین کە هەموو دۆخێک تیایدا سەرەتا و کۆتایی هەیە، هەموومان دەزانین کە ژیانیش یەکێک لەو دۆخانەیە، دەشزانین کە کۆتایی دۆخی ژیانی هەر یەکێکیشمان مردنە، بەڵام ئێمەی مرۆڤەکان بەگشتی لە زۆربەی کاتەکاندا بەهۆی ترسێکی شاراوە لە مردن کە لە ناخی هەریەکێک لە ئێمەدا بەخۆڕسکی هەیە، وای کردووە کە کەمترین ئارەزوومان هەبێت لە ورژاندن و قسەکردن لەسەر ئەم بابەتە، زۆربەی جارەکانیش کە باس لە مردن دەکەین ئەو کاتانەیە کە زۆر لەمێژ نییە ئازیزێکمان لەدەست داوە.
زۆر سەیرە، لەوانەیە دواجاریش مردن بۆ ئەوانەی دەمرن بەو شێوەیە بەئازار نەبێت وەک ئەوەی ئێمەی زیندووەکان بیری لێدەکەینەوە، لە خوارەوە وردتر باسی دەکەم.
بەگشتی مردنەکان چوار جۆرن، یەکەم مردنی سرووشتیە کە بە زۆری لەسەرخۆیە، هەندێک جاریش یان لە ماوەیەکی کەمدا ڕوودەدات یان ئەویش کت و پڕە، دووەم جۆر مردن بەهۆی کوشتنی مرۆڤەکەوەیە کە ئەویش دەشێت کت و پڕ و خێرا بێت یان دوای ماوەیەک ڕووبدات بەهۆی سەختی برینەوە، سێیەم جۆر بە هۆکاری خۆ کوشتنە کە زۆربەی جارەکان کت و پڕ و خێرایە، چوارەم بەهۆی ڕووداوەکانە ئەویش زۆربەی جارەکان کت و پڕە بەڵام دەشێت ئەویش ماوەیەکی پێ بچێت یان لەسەرخۆ بێت.
ئەو مرۆڤانەی مردن زۆرترین ئازاریان پێ دەبەخشێت ئەو کەسە زیندووانەن کە ئازیزێکیان لەبەرچاویان لەسەرخۆ یان کت و پڕ دەمرێت، ڕووداوی مردنەکە دەبێتە یادگاریەکی تاڵ و ناخۆش کە وەکو شریتێکی سینەمایی سەدەها جار لێدەرێتەوە لە هزر و خەیاڵی ئەوان ئەوەندەی لە ژیاندا دەمێنن، لە ڕاستیدا ئەو یادگاریانە وا دەکەن زۆربەی مرۆڤەکان ترسێکی شاراوە لە مردن لەلایان درووست بکات لە هزر و ناخیان، ئەو ترسەش هەروەکو لەسەرەوە خستمە ڕوو وایکردووە بەگشتی مرۆڤەکان ئارەزوی ورژاندنی ئەو بابەتە نەکەن ئەوەندەی لە ژیاندا دەمێننەوە.
مردن تا چەند بە ئازارە؟
هەموومان لەکاتی پێویست هەست بەئازار دەکەین تا دوا چرکە کە تیایدا بەئاگاین لە ژیاندا، لە ڕاستیدا ئەو هەستە وادەکات ئەوەندەی هەین خۆمان لە مەترسیەکان بپارێزین، ئەو کەسانەش کە ڕووبەڕووی مردن دەبنەوە کاتێک ئەوان بەئاگان ڕووبەڕووی ئازارێکی کەم تا زۆر دەبنەوە ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆر کورتیش بێت بە پێی دۆخ و جۆرەی مردنەکەیان، لە سەرەتا جگە لە ڕووبەڕوو بوونەوە و هەست کردن بە ئازار کە دەشێت توند و ناخۆش بێت ئەگەر بەهۆی وەستانی دڵ و مێشکەوە بێت یان وەستانی هەناسە یاخود برینێکی زۆر قوڵ و سەخت یان شێلان و تێکشکان بەهۆی ڕووداوێکی زۆر سەخت و قورس، جگە لەوە لەهەمان ساتیشدا دیسان ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆر کەمیش بێت ئەوەندەی بەئاگان ترس و تێکشێوانێکی دەروونی و مشەوەشیەکی ئێجگار زۆریش لە هزر و دەرونی کەسەکەدا درووست دەبێت، دوای کەمێک لەوە ئەگەر لەسەرخۆ و وردە وردە بێت یان زۆر بە خێرایی بێت کەسەکە بەئاگایی لەدەست دەدات و ئیتر لەو ساتەوە هەستی ئازاریش لەلای نامێنێت و خودی کەسەکە شۆڕ دەبێتەوە نێو بێ ئاگایی و بێهۆشییەکی زۆر قوڵ بەپێی دۆخ و جۆری مردنەکە، دوای کەمێک لە بێئاگایی یان ماوەیەکی درێژتر لە بێهۆشی و بێ ئاگایی دیسان بەپێی جۆر و دۆخی مردنەکە کەسەکە دەگاتە مردنی تەواوەتی دوای وەستانی مێشک بەتەواوی.
چی بکەین باشە لەکاتی مردنی کەسێکی نزیکمان یان ئازیزێکمان لە پێشمان؟
ئەگەر مردنەکە کت و پڕ و خێرا بوو لەوانەیە بەهیچ ڕانەگەین جگە لە داواکردنی یارمەتی بە خێرایی لە کەسانی دەوروبەر یان لایەنەکانی فریاگوزاری خێرا، بەداخەوە لەوانەیە کاتی ئەوەمان نەبێت پێش ئەوەی کەسە لەهۆش خۆی بچێت و بمرێت هیچ ئاخاوتنێکی لەگەڵ بکەین.
بەڵام ئەگەر مردنەکە لەسەرخۆ بوو هەروەها زانیمان کەوا هیچ هەوڵێک یان ڕێگا چارەیەک نەماوە بەکاربهێنرێت ئەوا باشترین بژاردە ئەوەیە یەکەم کۆنتڕۆڵی گریان بکرێت لەپێش ئەو کەسە ئەوەندەی بەئاگایە، دووەم دەستی کەسەکە بگیرێت و ئاخاوتنی لەگەڵدا بکرێت تا ئەو ڕادەیەی بە ئاگایە، لە ئاخاوتنەکانیش باسی گرنگی و جوانیەکانی ئەو کەسە و ژیانی کەسەکە بکرێت، دڵنیایی پێ بدرێت کە هەموو شتێک باش و جوان بووە لە ژیانیدا، هەروەها هەموو شتێک هەر وا بەباشی و بە جوانی دەمێنێتەوە دوای ڕۆیشتنی ئەویش، ئەگەر کەسەکە بڕوادار بوو زۆر گرنگە دڵنیایی ئەوەی پێبدرێت کە جیهانێک و ژیانێکی زۆر خۆشتر و جوانتر چاوەڕێی دەکات دوای مردنی. [1]