ناونیشانی بابەت: ئەو نیشانەی ئاماژە بە سووتانی چەوری لەش ئەدەن
ئامادەکردن: د. #کامەران ژاژڵەیی#
1- دابەزینی کێش: یەکەم نیشانەی سووتانی چەوری جەستە کەم بوونەوەی کێشی مرۆڤە، سووتانی هەموو (7200) کالۆرییەک ئەبێتە هۆی لە دەست دانی نزیکەی یەک کێلۆ لە کێشی لەش، هەتا ڕێژەی چەوری لە پێکهاتووی جەستە زۆرتر بێت، بڕی سووتانی چەوری زیاتر دەبێت.
2- قیاسی ناوقەد و کەمەر: کەمبوونەوەی قیاسی ناوقەد و کەمەری مرۆڤ یەکێکە لە باشترین ئاماژەکان بۆ سووتانی چەوری و هەندێ جار ڕەنگە مرۆڤەکە کێشی کەم نەکات بەڵام قیاسی کەمەر و ناوقەدی کەم ببێتەوە، لە پیاوان قیاسی ناوقەدی نموونەیی پێویستە کەمتر بێت لە (101.6 سم) و لە خانمان کەمتر بێت لە (88.9 سم)، درووست ئەوەیە هەفتەی جارێک قیاسی ناوقەد بکرێت، هەڵبەت بێ قیاس کردنیش دەردەکەوێت کە جل وبەرگەکانت بۆت گەورە بوون.
3- ئارەق کردنەوەی زۆر: ڕەنگە یەکێک بێت لە نیشانەکانی سووتانی چەوری بە تایبەت ئەگەر پلەی گەرما نزم بێت وەک لە وەرزی پایز و زستان.
4- زیاد نووبوونەوەی کێش و دووبارە قەڵەو نەبوونەوە دوای چەند ڕۆژێک لە وازهێنان لە ڕێجیم، ئەگەر دابەزینی کێش لە ئەنجامی سووتانی چەوری بێت کێش دووبارە بە خێرایی لە ماوەی چەند ڕۆژێ زیاد ناکاتەوە، بە پێچەوانەوە ئەگەر دابەزینەکە تەنیا بەهۆی لە دەست دانی ئاو و وشک بوونەوەی جەستە بێت بە خێرایی کێش زیاد دەکاتەوە.
5- ئاسان ئەنجام دانی وەرزش و ئیش و کاری ڕۆژانە، نەمان یا کەمبوونەوەی پرخەپرخ لە کاتی نووستن، لەش سووکی، نەمانی هیلاکی و تەنگەنەفەسی و کەم بوونەوەی ئازاری پشت و ئەژنۆ و جومگەکان و تێکڕای لەش، نووستنی قووڵ.
6- لە ڕێگای فەحسی پێکهاتووی جەستە بەهۆی ئامێری تایبەتەوە بە ئاسانی دەردەکەوێت کە چەند لە چەوری جەستە سووتاوە و ڕێژەکەی کەم بۆتەوە. [1]