ناونیشانی بابەت: گرنگترین ئەو ڤیتامین و کانزایانەی ڕەنگە کەم بن لە مرۆڤ دا
ئامادەکردن: د. #کامەران ژاژڵەیی#
زۆرن ئەو پێکهاتووە خۆراکیانەی ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە پاراستنی ژیان و تەندرووستی مرۆڤ دا کە کەمیان دەبنە هۆکاری زۆر کێشە و نەخۆشی ترسناک؛ گرنگترین حاڵەتەکانی کەمی ئەم ڤیتامین و کانزایانە ئەمانەن:
1- ماددەی ئاسن: ئاسن یەکێکە لە سەرەکترین کانزاکان کە ڕۆڵێکی بنەڕەتی هەیە لە پێک هێنانی خوێن و ماسولکەکان و ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە درووست کردنی چەندین ئەنزیم و هۆرمۆن.
بە زۆری لە ئەم سەرچاوە خۆراکیانەدا هەیە: جگەر، گۆشتی سوور، ماسی، هێلکە، پاقلەمەنەییەکان، قەڕنابیت، سپێناخ و کەلەرم.
2- یۆد: ڕۆڵێکی کاریگەری هەیە لە کارکردنی غودەی دەرەقی و کەمی یۆد ئەبێتە هۆی سستی غودەی دەرەقی، و بە زۆری لە ماسی ئاوی دەریا و گژوگیای دەریا و خوێی یۆداوی هەیە.
3- ڤیتامین دی: زیاتر لە (300) ڕۆڵی گرنگی هەیە لە ناو لەش و لەوانە لە پێکهاتنی ئێسقان و بەرگری لەش و کۆمەڵێ هۆرمۆنی سەرەکی لەناو لەش دا.
-باشترین سەرچاوەش تیشکی خۆرە و بە بڕێکی دیاری کراو لە ماسی و زەردێنەی هێلکە و زەیتی جگەری نەهەنگ هەیە.
4- کالسیۆم: زۆر گرنگە لە پێکهاتنی ئێسقان و ددان و ڕۆڵی بنەڕەتی هەیە لە کارکردنی ماسولکەکان.
بە زۆری لە ماسی، شیر، بەرهەمەکانی شیر، دەنکی کەتان، قەڕنابیت، سپێناخ، کەلەرم، بڕۆکلی، بەزالیا و سۆیادا هەیە. [1]