ناونیشانی بابەت: ئەو خۆراکانەی خانمان زیاتر پێویستیانە لە پیاوان
ئامادەکردن: د. #کامەران ژاژڵەیی#
ئاشکرایە جەستەی خانمان جیاوازە لە پیاوان، بەهۆی کاریگەریی هۆرمۆنەکان و قۆناغە جیاوازەکانی وەک باڵغبوون، دووگیانی، شیردانی سرووشتی و وەستانی سوڕی مانگانە، بۆیە کۆمەڵێک خۆراک هەیە کە پێویستە خانمان زیاتر بیخۆن کە گرنگترینیان ئەمانەن:
$ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە ئاسن:$
- ئاسن یەکێکە لە گرنکترین کانزاکان بۆ تەندرووستیی خانمان و بە گوێرەی قۆناغەکان پێداویستی لەشی کەم و زیاد دەکات؛ بۆ نموونە لە کاتی دووگیانیدا زیاتری پێویستە و دوای وەستانی سووڕی مانگانە پێداویستی کەمتر دەکات.
وەک گۆشتی سوور، و مریشک و قەل و ماسی، پاقلەمەنییەکان، سپێناخ و کەلەرم.
$ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە فۆلیک ئەسید:$
فۆلیک ئەسید ڕۆڵێکی سەرەکی دەبیێت لە ڕێگریکردن لە هەندێک نەخۆشی و شێواویی زگماکیی کۆرپەلە، بۆیە زۆر گرنگە بۆ خانمان لە ماوەی پێش دووگیانبوون و لە سێ مانگی یەکەمی سکپڕی و کاتی شیردانی سرووشتی پێدوایستی لەش زیاد دەکات، بۆیە سەردانکردنی پزیشکی پسپۆڕ گرنگە بۆ پێدانی بڕی پێویست، پزیشکان سێ مانگی پێش سکپڕی ڕۆژانە (400) مکگم حەپی فۆلید ئەسید دەنووسن بۆ خانمان، هەروەها دەتوانرێت لە ڕێگەی هەندێک خۆراکەوە بەدەستبهێنرێت وێنەی سەوزە گەڵاتۆخەکان، پڕتەقاڵ، فاسۆلیا و بازالیا.
$ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە کالسێوم و ڤیتامین دی:$
دیارە خانمان زیاتر ئەگەری تووشبوونیان هەیە بە فشەڵبوونی ئێسک بە تایبەت دوای چوونە تەمەنەوە و دوای وەستانی سووڕی مانگانە، بۆیە پێویستیان زۆرترە بەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە کالسێوم، هەروەها بە ڤیتامین دی کە یارمەتی هەڵمژینی کالسێوم ئەدات.
لەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە کالسێوم شیر و بەرهەمەکانی، هێلکه، ماسی، سەوزەگەڵاتۆخەکان.
-- بۆ ڤیتامین دی سەرچاوەی سەرەکی چوونە بەر تیشکی خۆرە، ماسی سەلموون، زەیتی جگەری نەهەنگ.
$چەند ڕێنمیاییەکی گرنگ:$
1- دوور کەوتنەوە لە خواردنی بڕێکی زۆر لە کالۆری وەک شیرینی و چەوری و فاستفوود و خواردنەوە گازییەکان چونکە خانمان بە شێوەیەکی گشتی جەستەیان بڕێکی کەمتر ماسولکە و بڕێکی زیاتر چەوری تێدایە بۆیە بڕێکی کەمتر لە کالۆری و وزەیان پێویستە ڕۆژانە.
2- گرنگی دان بە وەرزش و بەردەوامبوون لە سەری، وەرزش سوودە تەندرستییەکانی زانراون بەڵام بۆ خانمان زیاتر گرنگە چونکە ئەگەری زۆربوونی کێش و قەڵەوبوونیان هەیە.
3- بەکار نەهێنانی حەپی مەڵتی ڤیتامین و تەواوکەرە خۆراکییەکان بێ ئەوەی پێویست بکات و دوور لە ڕێنمیایی پزیشک، خواردنی تەندرووست و دەوڵەمەند بە سەوزە و میوە زۆر گرنگە تا پێویستیت بە تەواوکەری خۆراکی نەبێت. [1]