ناو: حەسەن
ناوی باوک: مەلا محەمەد تاجەدین
ساڵی لەدایکبوون: 1925
ڕۆژی کۆچی دوایی: #22-07-2006#
شوێنی لەدایکبوون: شارۆچکەی #مێرگەسوور#
شوێنی کۆچی دوایی: شارۆچکەی مێرگەسوور
$ژیاننامە$
حەسەن مەلامحەمەد ساڵی 1925 لە شارۆچکەی مێرگەسۆرى سەر بە پارێزگای هەولێر لەدایکبووە، لە یەکێتی سۆڤیەت هاوسەرگیرى لەگەڵ گالیە یەعقوب موسا کردووە و کوڕێکیان هەبووە ناوی عەلی بووە کە لە ساڵى 1952 لەدایکبووە. حەسەن مەلامحەمەد ساڵی 1959 بە فەرمانبەر لە فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووک دامەزراوە و دواتر گواستراوەتەوە بۆ فەرمانگەی کشتوکاڵی هەولێر، لە ڕێکەوتی 22 تەمووزی 2006 لە مێرگەسۆر کۆچی دوایی کردووە و هەر لەوێش بەخاک سپێردراوە.
خەباتنامە
ساڵی 1943 یەکێک بووە لە و کەسانەی داواکراوبووە لەلایەن حکومەتی ئێڕاق کە زەمینەسازى دەکرد بۆ هەڵگیرسانی شۆڕشی بارزان و گەڕانەوەی بنەماڵەی بارزانی بۆ ناوچەی بارزان کە ئەو کاتە دوورخرابوونەوە و لە سلێمانی نیشتەجێ کرابوون، ساڵی 1943 پەیوەندی بە ڕیزەکانی شۆڕشی دووەمی بارزان کردووە، لە 10ى تشرینی دووەمی هەمان ساڵ بەشداریی گرتنی بنکەی پۆلیسی مەزنێى کردووە، بەم هۆیەوە لە 19ی ئابی 1945 بە فەرمانی دادگای عورفیی سەربازیی ئێڕاق دەست بەسەر گشت موڵک و ماڵە گواستراوە و نەگواستراوەکانیدا گیراوە.
لە 11ی تشرینی یەکەمی 1945 و لە دوای نسکۆی شۆڕشی دووەمی بارزان، لەگەڵ #مستەفا بارزانی# و هەڤاڵانی دەپەڕنەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. دوای دامەزراندنی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد، لە 31ی ئاداری 1946 لە چوارچێوەی هێزی بارزاندا بەرگری لە کۆمار کردووە.
لە 29ی نیسانی 1946 بەشداریی شەڕی قاراواى لە ناوچەی سەقز کردووە، هەروەها لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ڕێکەوتى 19/4/1947 لە ڕێگاى (خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە) بە خاکى کوردستانى باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەى شێروان و مزورى.
لە 23ی ئایاری 1947 لەگەڵ دوو برای بە ناوەکانی (محەمەد مەلامحەمەد و ڕەسوڵ مەلامحەمەد) یاوەرى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانییان کردووە بەرەو یەکێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گەلی قتور و شەڕى پردی ماکۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە 18ی حوزەیرانی 1947 لە ڕووباری ئاراس کە دەکەوێتە سنووری نێوان ئێران و یەکێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە 19ی حوزەیرانی 1947 لەگەڵ گشت هەڤاڵانی لە شاری نەخچەوانی کۆماری ئازەربایجان بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە کۆمەڵگایەکی سەرئاوەڵا کە بە تەلی دڕکاوی دەورەدرابوو، دانران و لەلایەن کۆمەڵێک سەربازەوە پاسەوانییان لێدەکرا و لە ڕووی خۆراک و پۆشاک و هاتوچۆوە وەکوو دیلی شەڕ مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە. دواتر لەسەر بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت بەسەر ناوچەکانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر لە کۆماری ئازەربایجان دابەشکران. لە 10ی کانوونی یەکەمی 1947 گواستراونەتەوە بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باکۆى پایتەختى کۆماری ئازەربایجان و لە ڕێکەوتی 23ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سەربازییان پێدراوە و بە سەرپەرشتی ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان ڕۆژانە هەشت کاتژمێر مەشقی سەربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردییان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بارزانی بڕیاردەدات کەمپە سەربازییەکەى لە 29ی ئابی 1948 لە کۆماری ئازەربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگای چرچوک لە نزیک تاشکەندی پایتەختی کۆماری ئۆزبەکستان و لەوێش لە مەشقی سەربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری 1949 لەگەڵ هەڤاڵانی بە شێوەی دەستە و تاخم بە شەمەندەفەر بەسەر گوندە هەرەوەزییەکانی یەکێتی سۆڤیەتدا دابەشکران و لە کێڵگەی کۆلخۆزەکان(ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) کاریان دەکرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی تێدادەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووەمی 1951 دەچێتە شاری ڤریڤیسکی لە سۆڤیەت.
دواى شۆڕشى 14ى تەموزى 1958 لە ئێڕاق و گەڕانەوەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لە 25ى شوباتى 1959 و بەپێى هەردوو ماددەى سێیەم و حەوتەم و بڕگەى (أ) لە ماددەى دەیەم و کارکردن بە ماددەى (11) بە پشت بەستن بە یاساى هەموارکراوى ژمارە 19 لە ساڵى 1959 دا، خۆى و هەڤاڵانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتوون.
لە ساڵى 1958 کۆمارى ئێڕاق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، ناوبراو لە 16ی نیسانی 1959 لەگەڵ هەڤاڵانی بە کەشتیی گرۆزیا لە ڕێی بەندەری بەسڕەوە لە باشووری کۆماری ئێڕاق گەڕاوەتەوە کوردستان.
حەسەن مەلامحەمەد بەشداریی شۆڕشی ئەیلوولی کردووە و بەشداری شەڕەکانی (#زۆزک#، #هەندرێن# (1966) و سەری #ئاکرێ#)ی کردووە، ساڵی 1975 دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول بە پەنابەرى ڕوودەکاتە ئێران، ساڵی 1998 گەڕاوەتەوە کوردستان. لە 22-07-2006 کۆچی دوایی کردووە. [1]