بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بە بۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینی گەرمترین پیرۆزبایی لە هاووڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان دەکەم. پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەم و هیوای خێر و خۆشی بۆ هەموو لایەک دەخوازم.
ئەو بۆنەیە بە دەرفەت دەزانم کە جەخت لە پەیامی ئاشتیخوازانە و فەرهەنگی پێکەوە ژیانی گەلی کوردستان بکەمەوە. گەلی کوردستان هەردەم بڕوای بە ئاشتی و برایەتی بووە و خوازیاری ئەوەیە کێشە و گرفتەکانی لە ڕێگەی دیالۆگ و بە زمانی لەیەک تێگەیشتن و دوورکەوتنەوە لە دەمارگیری و نکۆڵیکاری چارەسەر بکرێت.
لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی ئێڕاقیش پێمان وایە ئێستا هەلێکی تازە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵیی ئێڕاق لە ئارادایە و بە هەموو توانایەک پشتگیریی جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنانە دەکەین کە لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی ئێڕاق و هەروەها لەنێوان حکوومەتی هەرێمی و حکوومەتی فیدڕاڵیی ئێڕاق بەستراون.
ئەو چاوەڕوانییە هەیە کە لە قۆناغی داهاتوودا هەنگاوەکانی حکوومەت و پڕۆسەی سیاسیی ئێڕاق لە چوارچێوەی دەستوور و، بە ئاڕاستەی بەرژەوەندییەکانی گەلانی ئێڕاق و هەروەها ڕەچاوکردنی پڕەنسیپەکانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازاندا بێت.
لە کۆتاییدا ئومێدی ئەوە دەخوازم ساڵی تازە، ساڵی خۆشی و بەختەوەری بێت بۆ هەموو هاووڵاتیانی کوردستان و ئێڕاق و، ئاشتی و تەبایی بۆ ناوچەکەمان و سەرجەم مرۆڤایەتی بێتە دی. [1]
#مەسعود بارزانی#
31ی کانوونی یەکەمی 2022