ناونیشانی بابەت: بۆ منداڵەکەم هیچ خواردن ناخوات؟
ئامادەکردن: #کامەران ژاژڵەیی#
-خۆراکی مناڵ و مێرد مناڵ و چەند سەرەنجێک:
1- هەر نەوەیەک حەزی لە جۆرێ لە خواردنی تایبەت بە سەردەمی خۆی هەیە و بەردەوام دەگۆڕێت، مناڵ و مێردمناڵی ئێستا زیاتر حەزییان لە خواردنی وەک پیتزا و هەمبەرگر و ڤنگر چپس هەیە، هەڵبەت خواردنە خێراکان ڕوونە کە زیانیان هەیە و درووست وایە نەخورێن یان لانی کەم کەمیان لێ بخورێن و لە ماڵەوە ئامادە بکرێن، زۆر ئاساییە حەزی لە یاپراخ و سەروپێ و کفتە و خواردنی برنج و شلە نەبێت هەموو ڕۆژێک وەک زۆربەی گەورەکان ڕاهاتوون بیخۆن، بۆیە ئامادەکردنی ئەو خواردنانەی مناڵەکانتان حەزییان لێیە لە ماڵەوە، نیوەی کێشەی کەمخواردنە چارەسەر دەکات.
2- کۆمەڵێک خواردن کە پێشتر زیاتر لێ دەنران وەک نۆکاو و نیسکێنە و پەڵپنەبەترش. زۆر بەسوودن بۆ مناڵان، دەکرێت هەفتانە چەند جارێ بخۆرێن وەک ژەمی سەرەکی لە هەموو وەرزەکان.
3- زۆربەی مناڵ و مێرد مناڵان کەدەڵێین گۆشت ناخوات، بەڵام ئەگەر بکرێت بە شفتە یا کووبە حەزیان لێیە، تەنیا ئەوەیە ئەوان بێزار بوون لە خواردنی برنج و شلە ڕۆژی جارێ یا دوو جار.
4- ناکرێ ڕۆژانە چپس و جێلی بوون و کێک و هاوشێوەکانی بۆ مناڵ بکڕێت و دوایی بڵێ هیچ ناخوات، پێویستە هەفتەی جارێ زیاتر نەیخوون و بە مەرج و ڕێک کەوتن بێت لەگەڵ مناڵەکات.
5- ئەو ڕۆژەی کە مناڵەکانت دەوامیان نییە یا خۆت دەوامت نییە گرنگە مناڵەکانت و پێش ئەوانیش دایک و باوک زوو هەستن نانی بەیانی لە کاتێ خۆی دا بدەن بە مناڵەکانیان، چونکە دەمێکە ژمارەی پشووەکان زیاترن لە ڕۆژانی دەوام .
6 --- بیبسی و خواردنەوە گازییەکان دەبنە هۆی کەم بوونەوەی ئیتشتهای خواردن، تۆ بۆ مناڵی خۆتی مەکڕە و مەڵێ هەرچی مناڵە دەیخوات.
7- لە بری شیرینی و ئیشی هەویر مێۆژ و قەیسی و هەنجیریی وشکراو و چەرەس دابنێ بۆ مناڵەکانت.
8- میوە پێویستە ڕۆژانە دوو بۆ چوارجار بدرێ بە مناڵ لەنێوان ژەمەکان، نەوەک تەنیا شەوان کاتێ میوان هات بیرت بکەوێتەوە. [1]