ناونیشانی پەرتووک: شەوانی هەزار و یەک شەوە
نووسەر: نەجیب مەحفوز
وەرگێڕ: بەرزان محەمەد
بڵاوکەرەوە: ناوەندی ڕەهەند
بابەت: ڕۆمان
ساڵی چاپ: 2019
ژمارەی چاپ: یەکەم
$پێشەکیی وەرگێڕ$
بۆ یەکەمجار ساڵی 2012 بوو، کە ئەم پەڕتووکەم خوێندەوە و کەڵکەڵەی بە کوردیکردنیم کەوتە سەر، وەلێ سەرقاڵیم بە پەڕتووکی دیکە وای کرد بکەوێتە پشتگیر، ئەگەرچی زۆریشم بۆ خۆم هێنا تا بتوانم لە وەرگێڕانی پەڕتووکێکی وا جوان و باڵا خۆ ببوێرم. پارساڵ جارێکی دیکە ئەفسوونی پەڕتووکەکە کەمەندکێشی کردم و خوێندمەوە و ئەمجارەیان ئیدی نەمتوانی خۆمی لێ لابدەم، بۆیە ناوی خودام لێ هێنا و کەوتمە وەرگێڕانی، چونکە بێ هیچ شک و گومانێک بوونی ئەم پەڕتووکە لە پەڕتووکخانەی کوردی و پەڕتووکخانەی ئەو خوێنەرانەیشی شەیدای ئەدەبیاتن؛ کارێکی ئێجگار پێویستە.
خوێنەری ئازیز.. ئەم پەڕتووکەی بەردەستت لە زمانی فارسییەوە کراوەتە کوردی. لە کاتی خوێندنەوەی بە فارسی هەستم بە کەموکووڕی و کەلێنی زۆر و زەق کرد، بۆیە بڕیارمدا دێڕ بە دێڕ بەراوردی عەرەبییەکەی بکەمەوە. ئیتر ئەو عەرەبییەی، کە ساڵانێکە فێری بوومە، بۆ یەکەمجار لە کاری وەرگێڕاندا بەکەڵکم هات و بە دایەخم دەرچوو. لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر هاوکاری و دڵفراوانیی وەرگێڕی بەتوانا و هاوڕێی ئازیزم مامۆستا مەلا (خەڵات جەمال) نەبوایە، کە لە هەر شوێنێکدا خۆم توانام بەسەر عەرەبییەکەیدا نەدەشکا، چاکی لێ دەکرد بە لادا؛ ئەوا کاری بەراوردکارییەکەم لەنگ دەبوو و نەمدەتوانی ئەو کەموکووڕییانەی وەرگێڕانە فارسییەکە ساغ بکەمەوە. بۆیە لە دڵەوە سوپاسی دەکەم و هاوکارییەکەی بەرز دەنرخێنم.
دەبێت لە خزمەتتاندا ئەوەش بڵێم، کە بۆ خوێندنەوە و تێگەیشتن لەم ڕۆمانەی نەجیب مەحفوز پێویستتان بەوە نییە، کە پێشەکی پەڕتووکی هەزار و یەک شەوە بخوێننەوە یان خوێندبێتتانەوە، بەڵام گەر خوێندبێتتانەوە بەدڵنیاییەوە باشترە بۆتان. هەر هێندە بەسە، کە بزانن چیرۆکی هەزار و یەک شەوە بە ناپاکیی هاوسەرەکەی شەهریار دەست پێ دەکات و شەهریاریش دەیەوێت تۆڵەی ئەو ناپاکییە بکاتەوە. بۆیە هەموو شەوێک کچێکی بۆ دەهێنرێتە کۆشک و بەیانییەکەی دوای ئەوەی لەگەڵی دەخەوێت، دەیکوژێت. تا سێ ساڵ بارودۆخەکە بەم شێوەیە تێپەڕی و ڕۆژێکیان وەزیر هیچ کچێکی دەست نەکەوت بیهێنێ بۆ کۆشک و لە ترسی شەهریار، بەغەمگینییەوە ڕێی ماڵەوەی گرتەبەر. ئا لێرەدایە، کە شەهرزاد، ئەو خانمە نەجیبە بە باوکی دەڵێت: لە سوڵتانم مارە بکە، یان منیش دەکوژرێم، یان زیندوو دەمێنمەوە و ئەو بەڵا و موسیبەتە لە کچی خەڵکی دووردەخەمەوە.
باوکە، کە ترسی لە گیانی کچەکەی هەبوو، ناڕەزایی دەبڕی، وەلێ شەهرزاد بە گێڕانەوەی چیرۆکێک باوکی بە هاوسەرگیرییەکە ڕازی دەکات و شەهرزاد دەبێتە خانمی کۆشک. شەهرزاد مۆڵەت لە پادشا وەردەگرێت، تا دنیازادی خوشکیشی لە کۆشک بمێنێتەوە و بەم شێوەیە شەهرزاد لە شەوی بووکێنیدا لەسەر خواستی دنیازاد دەست بە گێڕانەوەی چیرۆکی بازرگان و جنۆکە دەکات، بەڵام دەمەوبەیانی دەست لە گێڕانەوە هەڵدەگرێت و چیرۆکەکە بە نیوەچڵی دەهێڵێتەوە، پادشایش لە تاسەی بیستنی پاشماوەی قسە جادووییەکانی شەهرزاد، کوشتنەکەی دوا دەخات. شەهرزاد لە بەرانبەر کوشتارە بەردەوامەکانی شەهریاردا، کەڵک لە جادووی چیرۆک وەردەگرێت. ئەو بە ئەفسوون و سیحری قسە، بە تاقی تەنیا لە بەرانبەر پادشایەکدا دەوەستێتەوە، کە برینی ناپاکیی هاوسەرەکەی بەرەو یاخیبوون و سەرکەشییەکی لەڕادەبەدەری بردووە. لە درێژەی بەسەرهاتەکەدا شەهریار ڕووبەڕووی زنجیرەیەک چیرۆکی تێهەڵکێش دەبێتەوە، کە دوور نییە یەکسان بن بە مەرگی شەهرزاد، بەڵام لێهاتوویی شەهرزاد لە حیکایەتخوانیدا سەرئەنجام دەبێتە هۆی ڕزگاریی ئەو و گۆڕینی ئاکار و هەڵسووکەوتی ئەو پادشا ستەمکارەیش. ئیدی ئەو بە ئەفسوونی قسە و ئەو شێوازە تایبەتە، کە دەتوانین بە چیرۆکدەرمانی ناوی ببەین، دیدگای نەخۆشانەی پادشای سەبارەت بە ژنان لە ڕیشەوە گۆڕی...
ئیتر ئەمە ئێوە و ئەمەش شەوانی هەزار و یەک شەوە، کە هەوکە پێم وایە ڕووی مەجلیسی هەیە و بۆ ئەوە دەشێت بیخوێننەوە و چێژی لێ ببینن و وەک شاکارێکی ئەدەبی لە پەڕتووکخانەکەتاندا هەڵیبگرن. [1]