ناونیشانی بابەت: بەکتریای گەدە H-pylori infection
ئامادەکردن: هەرێم کەریم ئەحمەد
تازەترین زانیاری 2022 کە لە گۆڤاری پزیشکی NEJM بڵاوکراوەتەوە:
نەخۆشییەکی بەربڵاوە لەسەرتاسەری جیھاندا بەڵام ڕێژەکەی لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر دەگۆڕێت و بۆ چەند دەیەی دوایی ڕووی لە ھەڵکشانە.
ڕێکخراوی تەندرووستی جیھانی لە گرووپی یەکەمی (group A) ھۆکارە پاڵنەرەکانی شێرپەنجە دایناوە.
بە گوێرەی توێژنەوەیەک لە یابان کە بۆ ماوەی تێکڕای 7.8 ساڵ چاوەدێری نەخۆشەکان کراوە، 2.9٪ شێرپەنجەی گەدە تۆمارکراوە لەو کەسانەی نیشانەکانی بەدھەرسی یان قورحەیان ھەبووە لەگەڵ بەکتریای گەدە لەھەمان کاتدا، بەرانبەر بە سفر لەو کەسانەی کە بەکتریاکەیان نەبووە.
ساڵانە نیزیکەی 1.5 ملیۆن کەس چارەسەر وەردەگرن لەو وڵاتە.
$پێویستە کێ پشکنینی بەکتریای گەدە بکات:$
1- کەسانێک برینی (قورحە) دوانزە گرێی و (گەدە) ھەبێت.
2- دەرمانی ئەسپرین و گرووپی NSAID بەکاربھێنێت بۆ ماوەیەکی درێژ.
3- کەمخوێنی ئاسن کە ھۆکارەکەی نەزانراو بێت.
4- دابەزینی خەپلەی خوێنی ھەبێت بەھۆی تێکچوونی بەرگری لەشەوە ITP.
5- گرێی لیمفاوی ناوپۆشی گەدەی ھەبێت MALTomas.
6- بەدھەرسی ھەبێت لە شێوەی بەرکاری ئازاری سەر گەدە وھێڵنج و دڵ تێکھەڵاتن ، قرقێنەی زۆر ، سک ھاڵاوسان و باش ھەرس نەکردن ، کەمبوونەوەی حەزی خواردن لە کەسانی خوار تەمەنی 60 ساڵاندا بەمەرجێک نیشانەی مەترسی داری نەبێت وەک (کێش دابەزین ، خوێن دانیشتن لەگەڵ پیسایی ، ڕشانەوەی بەرکار ، ئازاری توندی ناوسک ، قوتدانی بەئازار ، سەرو تەمەن 60 ساڵان) .
$دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە:$
1- پشکنینی پیسایی H-pylori stool Antigen
ڕادەی وردی لە دیاریکردنی بەکتریاکە لە دەوری 92٪ و ھەروەھا بەکاردێت بۆ زانینی بنبڕبوونی بەکتریاکە لە دوای بەکارھێنانی چارەسەر.
2- لە ڕێی ھەناسەوە Urea breath test وردی لە دیاریکردنی بەکتریاکە لە دەوری 95٪.
3- پشکنینی شانەیی لەکاتی ھەناوبیندا و وەرگرتنی نموونە کە ڕادەی وردی لە دیاریکردنی بەکتریاکە لەسەرو 95٪.
4- پشکنینی خوێن؛ پێشنیار کراوە چیتر بەکار نەھێنرێت بۆ دەستنیشان کردن و بنبڕکردنی بەکتریاکە چونکی وردی لە دەوری 80٪ و دژە تەنەکە بۆ چەندین ساڵ لە خوێندا دەمێنێتەوە.
$چارەسەر:$
سێ تا چوار جۆر دەرمانی جیاواز بەکاردەھێنرێت بۆ ماوەی 10-14 ڕۆژ بە گوێرەی ھەستیاری نەخۆشەکە و کاریگەری دەرمانەکان و ئەگەری درووست بوونی دژە بەرگری، پاشان لە دوای یەک مانگ لە تەواوبوونی چارەسەرەکان شیکاریەکە بەتایبەت لە ڕێگەی پیساییەوە دووبارە دەکرێتەوە بۆ دڵنیابوون لە بنبڕبوونی لە لایەن پزیشکی پسپۆڕ و لەژێر چاوەدێریدا.
$ڕێگاکانی گواستنەوە:$
1- خواردن و خوادنەوەی پیس بوو بە میکرۆبەکە.
2- بەرکەوتنی کەسی تووشبوو لە ڕێی بەکارھێنانی پێداویستیە تایبەتەکانی یەکتر.
3- گەڕەکە ھەژار نشین و بێ خزمەت گوزاریەکان
4- خێزانە گەورە و قەرەباڵغەکان.
5- نەبوونی ھۆشیاری تەندرووستی و ڕەچاونەکردنی ڕێنمایەکان. [1]