$بۆچی کوردی ئێراق بەپێ خاوسی دەچێتە دۆزەخی گەمژەکانەوە؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
بایدن لە جەددەی سعودیە لێدوانێکی زۆر مەترسیداری دا بەوەی کە ئامریکا بچووکترین بۆشایی جێناهێڵێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ ڕوسیا وچین و ئێران تا پڕی بکەنەوە. ئەم وتەیەی بایدن زۆر مەرترسیدارە چونکە زیاتر وەک پەلەقاژەی کۆتایی دۆڕانێکی حەتمی دەردەکەوێت نەوەک هەژمون و ئیقتیدار. ئابووریناسێکی وەک تەڵاڵ ئەبو غەزالە پێی وایە ئامریکا قەبوڵێتی تەنانەت شەریکی چینیش بێت بەڵام ئەوە چینە قەبوڵی شەریکایەتی ئامریک ناکات، ئەو پێی وایە هەر ئەم هۆکارە جەنگی سێیەمی جیهانی هەڵدەگیرسێنێت. ئەمڕۆ تەنانەت سعودیەش گەرموگوڕییەکەی جارانی بۆعەشیقە ستراتیژییەکەی کە ئامریکایە کەم بۆتەوە، نەخوازەڵا سووریا ولوبنان وئێراق کە زیاتر موڵکی ئێرانن.
ئەوەی ئەمڕۆ موقتەدا سەدر دەیکات زیاتر سەر بەو حیلەفە تورکییە-سونییەیە کە هێڵە گشتییەکانی ستراتیژی نوێی ئامریکا ئاڕاستەیان دەکات تا بۆشاییەک بۆ ئێران نەهێڵنەوە کە نوێنەری بیلزەرورەی چین و ڕووسیایە لە ئێراقدا.
حیلفی بارزانی/ موقتەدا/حەلبووسی کتومت خزمەت بە ئەژێندا گشتییەکەی ئامریکا دەکات لە هێڵە گشتییەکانیدا و خۆشیان موستەفیدی گەمە لۆکاڵییەکانی دەبن. بەنیسبەت ئامریکا ئەوان دەتوانن لە گۆشتاوی ئەم یارییە بخۆن، بە جۆرێک ئێراق نابێتە وڵاتێکی بەهێز لەبەرانبەر دەستدرێژییەکانی تورکیا و سەبارەت فەرهودی نەوتەکەی ناتوانێت هیچ بڵێت، پارتی نەوتی خۆی دەفرۆشێت، هەژموونی ئێران و شیعەش لەبەرانبەر عروبەی سوننەکاندا پاشەکشە دەکات. ئاشتبوونەوە لەپڕ و بێ پێشینەکەی ئاردۆگان-بن سەلمان- شێخ زایدی ئیمازات کە پێشتر ئاردۆگان تۆمەتباری دەکردن بە هەوڵی کودەتا لە وڵاتەکەیدا لەمە زیاتری لێناخوێندرێتەوە. بەڵام ئێران توانی گێمی یەکەمی یارییەکەیان لێ تێکبدات و نەهێڵێت سەدر و پاشکۆکانی حکومەتی زۆرینە درووستبکەن.
بە پێچەوانەوە حیلفی ئیتاری تەنسیقی + یەکێتی ئەو حیلفەیە کە لە ئێراقدا دەوڵەتی قوڵی بەدەستەوەیە و لەئان وساتی لەدەستدانیدایە. ئێران بە یارمەتیی ڕوسیا و چین هەرگیز لێناگەڕێت ئەم داهۆڵەی ئیتار+یەکێتی بکەوێت، هەموویان وەک مردوویەک بوونەتە بار بەسەر ئێرانەوە بەڵا ئەم ناتوانێت دەستیان لێبەربدات، چونکە هیچ ئاڵتەرناتیڤێکی نییە لەبەرانبەر سەدرەوە و بە کەوتنی ئەمان خۆشی دەکەوێت.
ئێران مردوویەکی وەک بەشار ئەسەدی زیندووکردەوە و بە جەبەرووتێکی زیاترەوە خستییەوە سەر عەرشی دەسەڵات، ئایا لێدەگەڕێت ئێراقێک بەو هەموو خەزێنە پڕەوە بکەوێتە دەست بەرەی تورکیا/سعودیە؟
هەرچۆنێک ئەم یارییە تەوابێت کوردی ئێراق بەم کارەی کە لە ئێستادا دەیکات زۆر زەرەر دەکات. بەهاریش دوورە و وا چلەی تەممووزە تا بڵێین ڕێفراندۆمێکی دیکەی پیا ئەکەین و دەوڵەتی بێمنەتی خۆمان ئیعلان دەکەین! [1]