$ئەو دەمەی کە خۆت نیت بزانە هەر نیت!$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
دکتۆر فرۆید پێی وایە ئەوەی لەسەر مرۆڤ پێویستە ئەوەیە کە باشترینی خۆی بێت، لە دوای ئەمەوە ئیدی مرۆڤ هیچ تەکلیفێکی لەسەر نییە. ئەوەی خەڵک لێی داوا دەکەن یا کەموکووڕی خۆیانە یا حەز و ئارەزووەکانیان کە دەیانەوێت لەمدا بەرجەستەی بکەن، لە هیچ بارێکدا ئەم موکەلەف نییە بچێتە ژێر ڕکێف و کاریگەریی حەز یا کەموکورتیی ئەوانی دیکە.
ئایدیا شتێکە تۆ هەتە و خاوەندارێتی لێدەکەیت، زادەی بیرکردنەوە و بوونی زیهنیتە، پڕ ئەنەرژییە و وات لێدەکات بەرهەمت هەبێت. هەرچی ئایدۆلۆژیایە بەپێچەوانەوە ئەو شتەیە کە بوونەکەی بوونێکی موزەیەف و فەیکە، زادەی بیرکردنەوەی زیهنی تۆ نییە، یەکێک لەبری تۆ بیری کردۆتەوە، زیاتر لەدەرەوەی خۆت بەسەرتدا دەسەپێندرێ، بە پێچەوانەی ئایدیاوە، ئایدۆلۆژیا پێی خۆشە وزە و ئەنەرژییەکانت بچەپێندرێن و لە هەمووشی خراپتر دێت خودە ڕاستەقینەکەت لەخۆت دەسەنێتەوەوە و لەبری ئەو خۆی دەبێتە خاوەنی ڕەهات. کوێرانە بڕیارت پێددا، سەمع و تاعە و تەوەکولی چەشنی مردوویەکی بەردەم مردووشۆرێکی لێت دەوێ.
ئایدیا بە حوکمی ئەوەی چاوی لە هاوکێشە و چارەسەرە عەقڵییەکانی خۆتە، خودی خۆی هێز و وزەیە، چونکە هەڵقوڵانەکەی لەخۆیە ئاڕاستەکەشی بەهەمان شێوە کۆنترۆڵکراوە. هەرچی ئایدۆلۆژیایە چاو لە هێز دەبڕێت لەلایەک و لەلایەکی دیکەشەوە دنەی هەست و سۆز و هەوا و عاتیفە و غەریزە وێرانکەرەکانی حەشامات و جەماوەر دەدا بۆ مەبەستەکانی خۆی، دیارە باشترین هێزیش خۆی لەژێر سۆز و عاتیفەدا حەشارداوە. ئەمە لەکاتێکدایە کە دوا ئامانجی ئایدیا بەپێچەوانەی ئایدۆلۆژیاوە ڕامکردن و ئاڕاستەکردنی هەست و سۆز و عاتیفەیە بۆ وزەیەکی درووست. بە کورتی ئایدۆلۆژیا بۆچوونێکە، بەڵێ بۆچوونێکی تاقینەکراوەی عەقڵی ئەوانی دیکەیە، شیمانەی تاقیکردنەوەکەی وەک تاقیکردنەوەی بۆمبێکی ئەتۆمی وێرانەکەر وایە لەسەر کۆمەڵگا. مارکس دەیوت ئایدۆلۆژیا هەڵە سیستماتیکی عەقڵە.
بەڵێ هەڵەی سیستماتیکی ئەو عەقڵەی هەشتا ساڵی ڕەبەقە لە کۆی جووڵانەوە سیاسیی و شۆڕشگێڕیی و ئابووریو کۆمەڵایەتییەکانی ئێمەدا نەک هەر حزووری نییە، بەڵکوو ناهێڵدرێت بە ئاستەم توخنی فەزاکەشمان بکەوێت.
لە ئایدیا گەڕێ هەشتا ساڵە ئێمە نەمانتوانیوە ئایدۆلۆژیایەکی خراپیش سەر ڕێ بخەین. ئەوەی لەم وڵاتەی ئێمەدا گوزەراوە لە بەدبەختی ئێمە هیچ ناوێک هەڵناگرێت. پێم سەیرە هەندێک نووسەر دێن باس لە فەلسەفەیەکی سیاسیی کوردیی وەک کوردایەتی، ناسیۆنالیزمی کوردیی، ئابووری سەربەخۆی کوردی و.. هتد دەکەن بەبێ ئەوەی ئێمە توانیبێتمان تەنیا پەرەگرافێکی زانستیی ماقوڵ لەسەر کوردایەتیی و جوڵە حەرەکییە بێ مەبەستەکان و شەڕە تفەنگی هەشتا ساڵی ڕابردوومان بنووسین و بتوانین لەژێر ڕووناکیی ئەو نووسینەدا هەڵسەنگاندنێکی درووست بکەین.
هەر بەجددی خوشک و برایان ئێمە لەکوێی مێژووی ئەم ئەستێرەیەداین؟ چیمان دەوێ؟ دەمانەوێ بگەین بە کوێ؟ لە ڕۆژی حەشر و نەشر پێتان وایە کوردایەتییەکەی ئێمە لە تەنیشت ئەو سەدان هەزار ئایدیا و ئایدۆلۆژیایانە لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت کە بە سەر پشتی ئەم ئەستێرەیەی کە پێی دەگوترێت زەوی گوزەریان کردووە؟ گەر کۆمیونیزم و فاشیزم ئایدۆلۆژیابن کوردایەتییەکەی ئێمە چییە؟ ئایا چۆن لێپرسینەوەی لەگەڵ بکەین؟ [1]