ناونیشانی بابەت: ئافرەت مێژوویەکی فەرامۆشکراو
ناوی نووسەر: شەیما محەمەد عوسمان
$ئافرەت… مێژوویەکی فەرامۆشکراو (خاتوو دوباری وەک نموونە)$
گرنگیدان بە مێژووی ئافرەت لە بنەڕەتدا بۆ ساڵانی حەفتاکانی سەدەی بیستەم دەگەڕێتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی کۆمەڵێک توێژەر و مێژوونووسی فەڕەنسی جەختیان لەوە کردەوە کە مێژووی ئافرەت مێژوویەکی پیاوانەیە، واتە پیاوان هەستاون بە نووسینەوەی مێژووی ئافرەتان و باسیان لێوەکردووە، جا باسکردنەکە لایەنی سیاسی بووبێت یان کۆمەڵایەتی یاخود لایەنی ئابووری بووبێت. لێرەدا دەردەکەوێت کە بوونی ئافرەت لە مێژوودا بوونێکی پەراوێزخراوە بووە، واتە ئەگەر سەیر بکەین مێژوو زیاتر گرنگی بە کەسانی وەکوو (هیتلەر لە ئەڵمانیا-مۆسۆلۆنی لە ئیتاڵیا-ماوتسی تۆنگ لە چین) داوە، کە لە ڕاستیدا نکۆڵی لە ڕۆڵی ئەم کەسایەتییانە لە مێژوودا ناکرێت، چونکە توانیویانە کاریگەریی بەرچاو لەسەر ڕووداوە مێژووییەکان دابنێن و مێژوو سەرلەنوێ بنووسنەوە ئاڕاستەی مێژوو بکەن، ئەمەش زیاتر بەهۆی دەسەڵات و ئەو هێزەی کە هەیانبووە بەشێوەیەکی دیار و ڕاستەوخۆ، بەڵام لە زۆرینەی کاتەکاندا ڕۆڵی ژن فەرامۆشکراوبووە، ئەمە لەکاتێکدا هەندێجار ڕۆڵی گەورەیان لە مێژوودا گێڕاوە و زۆرجاریش بەشێوەیەکی ناڕاستەخۆ کاریگەریی هەبووە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە دەبێت ئافرەت پەراوێزبخرێت.
هەرچەندە مێژووی باو بە پلەی نایاب مێژوویەکی پیاوانەیە، بەڵام پیاوان سەڕەڕای کاریگەرێتییەکەیان گوزارشت لە تەواوی مێژوو ناکەن، بەڵکوو دەتوانین بڵێین (فەرامۆشکراوەکانی مێژوو) ڕۆڵی گەورە لە درووستکردنی مێژوو و ئاڕاستەکردنی بزووتنەوەکەیدا دەگێڕن، کە مێژووی ئافرەتیش دەچێتە چوارچێوەی مێژووی فەرامۆشکراوەکانەوە، چونکە بووونی ئافرەت لە دیدی پیاوانەوە زیاتر ئەرکی خستنەوەی منداڵ و دایکایەتی و ماڵ درووستکردن… تادوایی، هەربۆیە ئافرەت لە مێژوودا زیاتر پەراوێزخراو بووە و قەدەریان بە ویست و خواستەکانی پیاوانەوە گرێدراوە. لێرەدا پرسیارێک درووست دەبێت؛ ئایا ئافرەت ڕۆڵی بنەڕەتی لە مێژوودا نەبینیووە؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارەش دووبارە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ دەنگ و نووسینی پیاوان، چونکە بە ڕاستەوخۆیی وەڵامێکمان لە ئافرەتانەوە دەست ناکەوێت، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت ئافرەتان خاوەن ئامڕازی گوزارشتکردن لە خۆنەبووون بە تایبەتیش نووسین چونکە پیاوان پێشەنگ بووون و هەر ئەوانیش بڕیاریان لەسەر فێرکردن و خوێندی ئافرەتان داوە، لێرەدا پێویستە دووبارە خوێندنەوە بۆ مێژووی ئافرەت بکرێت، چونکە گەر کاریگەریی و بووونی ئافرەت بەهەند وەرنەگرین ئەوا شتێک نابێت بەناوی مێژووی ئافرەتەوە، دەبێت ئەو ڕاستییەش لەبیرنەکەین کە ئافرەت و پیاو پێکەوە کار لە ڕووداو و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن و مێژوو درووست دەکەن. ڕەنگە یەکێک لە گرنگترین نموونەکانی ئەمجۆرە مێژووە مێژووی فەڕەنسای سەردەمی (ژان بیکو Jeanne Bécu, countess of Barry 1743-1793) ناسراو بە “خاتوو دووباری” واتە (دۆستەکەی لویسی پانزەهەم) ە، خاتوو دوباری پاڵەوانی (کۆشک) و (پاشا) و (دەوڵەت) و (کۆمەڵگە) ی فەڕەنسای ناوەڕاستی سەدەی هەژدەهەم. ئافرەتێک مێژوو درووست دەکات و تەنانەت پیاوانیش ئاڕاستە دەکا.
ئەم ئافرەتە یەکێکە لە ئافرەتە هەرە جوانەکانی فەڕەنسای سەدەی هەژدەهەم، ئەو وەک ئافرەتێکی بێخانەوادە ناسرابوو و کەس نەیدەزانی باوکی کێیە، دەیان وت؛ کە باوکی قەشە بوووە و پەیوەندییەکی ڕێگەپێنەدراوی لەگەڵ دایکیکدا هەبووە، “دووباری” بە یارمەتیی ئەو خێزانەی کە تێیدا دەژیا و ناسناوی دوباریان هەبووو توانی بچێتە کۆشکەوە و لە یەکەم بینینەوە دڵی لویسی پانزە بە دەست بهێنێت و وەک خانمی کۆشک بناسێنرێت، لەو کاتەدا ئەمە ڕوداوێکی سەیر و نەخوازراو بوو، چونکە “دووباری” پێشینەیەکی باشی نەبووو، بۆیە چوونە ناو کۆشکی پاشایەتی ڕووداوێک بووو کە لەلایەن زۆرێک لەوانەی لەکۆشکدا بووونک بە تایبەت بنەماڵەی پاشایەتی دژایەتی دەکرا. ئەوان ئەمەیان بە سوکایەتی بۆ سەر خۆیان دەزانی، جیا لە بنەماڵەی پاشایەتی خانەدانەکان و شاعیر و نووسەرەکانیش دژایەتیان دەکرد، بەڵام بە تێپەڕبووونی کات لە ناو خانەدانەکاندا توانی لایەنگری پەیدا بکات، تەنانەت بەشێک لە وەزیرەکان هاتنەپاڵی، بەمەش تا دەهات دەسەڵاتی زیادی دەکرد، کە دەتوانین بڵێین جوانی ئەم ئافرەتە وای کرد لویسی پانزە گوێ بۆ قسەی هیچ کەسێک نەگرێت و ئەم ئافرەتە بهێنێتە ناو کۆشکەوە، لێرەوە ڕەوتی ڕوداوەکان لە فەڕەنسا بە شێوەیەکی بەرچاو گۆڕانکارییان بەسەردا هات، لەبەرئەوەی بە هاتنی دوباری لەلایەک خەرجیەکانی سەر شانی پاشا زیادی کرد، چونکە لەسەر حسابی خەزێنەی دەوڵەت هەموو کەرەستەیەکی دڵخۆشی بۆ ئامادە دەکرا و کۆشکی تایبەتی پێ بەخشرا و چەندین خەرجی تر کە باری سەرشانی پاشای قورستر کردبووو، لەلایەکیترەوە (دووباری) کەوتە دژایەتی کردنی سەرۆک وەزیران (شوازوول) ، و بەگشتی پەڕڵەمانی فەڕەنسا بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوو، کە پێکهاتبووون لەلایەنگرانی خاتوو “دووباری” و دژەکانی، دواتر ئەم دژایەتیەی نێوان دوباری و (شوازوول) کاریگەریی خستە سەر چارەنووسی وڵات و خەڵک، چونکە لەژێر کاریگەریی دوباری، سەرۆکوەزیران لە پۆستەکەی دورخرایەوە، هاوکات شوازوول بێجگە لەوەی پلەی سەرۆک وەزیرانی هەبوو، وەزیری کاروباری دەرەوە و وەزیری پۆستیش بووو، بەڵام بە هاتنی دوباری بۆ کۆشک دەسەڵاتی بەتەواوی ڕووی لە کەمی کرد، دواتر سەرۆک وەزیرانێکی تر هات کە ئەمە بووە هۆی گۆڕانکاری گەورە لە فەڕەنسا، چونکە “شوازوول” سیاسەتەکەی بریتیبوو لە پارێزگاری کردن لە مانەوەی دەسەڵاتی پاشا، بەڵام بەهۆی ئەو تۆمەتانەی کە بۆی درووستکرا دورخرایەوە، ئەگەر ئەمانەش ڕووی نەدایە دەکرا شۆڕشی گەورەی فەڕەنسا ڕووینەدایە یاخود ڕوودانەکەی دواکەوتایە.
بەم جۆرە دەسەڵاتی “دووباری” لە گەشەکردندا بوو تا لە ساڵی 1774 ی زاینی “پاشا” تووشی نەخۆشی ئاوڵە بوو، بەم نەخۆشییە کۆچی دوای کرد، دوای مردنی (لویسی پازدە) ، ناحەزەکانی زیاتر بوون، هەرچەند یارمەتیی زۆری خەڵکی دەدا بەڵام بێ کەڵک بوو، لەهەمان کاتدا دوباری بەهۆی ئەو جوانیەی کە هەیبووو توانی دووبارە بچێتەوە ناو دنیای سیاسەت، بەتایبەت دوای ئەوەی فەرماندەی گاردی سویسری پاشای فەڕەنسا (دووک دوو کووسە بریساک) شەیدای دەبێت، جیا لەم کەسایەتیە لۆردی بەریتانی (سیمۆر) ، لە یەکەم بینینەوە ئاشقی “دووباری” دەبێت، بەڵام دووباری، بریساک هەڵدەبژێرێت، جوانی ئەم ئافرەتە وا دەکا کە ئیمپراتۆری ئەڵمانیاش ئاشقی ببێت، کە ئەویش (ژووزێفی دووەم ) ، برای (ماری ئانتوانیت) بوو، ئەو ناوێکی ساختەی بۆ خۆی درووست کردبوو تا کەس ناسنامە ڕاستەقینەی نەزانێت، بەڵام دواتر لەژێر کاریگەریی قسەی خوشکەکەی دەستبەرداری دوباری بوو، چونکە ماری ئانتوانت یەکێکبووو لەوانەی لە کۆشکدا دژایەتی دوباری دەکرد.
دوای دەستپێکردنی شۆڕشی فەڕەنسیش “دووباری” لایەنگری لە دەسەڵاتی پاشا دەکرد و بۆ هاوکاری کردنی کۆچبەرە فەڕەنسییەکان چووە بەڕیتانیا، بۆیە کە گەڕایەوە بۆ فەڕەنسا دادگایی کرا و چارەنووسی هەمان چارەنووسی (لویسی شازدە و ماری) ئەنتوانێت و لایەنگرانی تری پاشا بوو، لە ساڵی 1793 دەدرێتە بەر مەقسەلە و سەری لێدەکرێتەوە و ئەمەش کۆتای ژیانی بوو…
لەکۆتاییدا دەتوانین بڵێین؛ کاریگەریی ئافرەت لە کایەی سیاسەتدا کە بە پلەی نایاب و بەدرێژایی مێژوو چالاکییەکی پیاوانە بوووە، هەندێجار تەنانەت پیاو و پاشا و دەوڵەتیشی ئاڕاستە کردووە، هەروەها پێمان دەڵێت دەشێت (سۆز) نەک (عەقڵ) ، (خۆشەویستی) نەک (ڕق) مێژوو ئاڕاستە بکات. دەکرێ بڕیارێکی سیاسی لەژێر کاریگەریی لایەنی سۆزداری پاشاوە دەربکرێت و چیرۆکی دوباری پیشاندانی ئەو باردۆخەیە کە چۆن و تاچ ڕادەیەک پاشا کەوتۆتە ژێر کاریگەریی هەستەکانیەوە و بڕیارە سیاسییەکانی وڵاتی لەو گۆشەنیگایەوە داوە.[1]
$سەرچاوەکان$
1) ول دیورانت: ڕوسو والثورة، https://al-maktaba.org/book/31914/14573
2) مدام دوباري، (https://www.marefa.org مدام_دو_باري /)
3) معجم أعلام النساء، دوباری، https://books.google.iq/books?id=LBRICwAAQBAJ&pg=PT83&lpg=PT83&dq=)