$تۆ دێویت یان مرۆڤ؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ئەمڕۆ ڕاپۆرتێکم بەرچاو کەوت تێیدا هونەرمەندێکی بواری نواندن لە سلێمانی شەسەد مەتر زەوی خۆی بەبەهای زیاتر لە نیو ملیۆن دۆلار بەخشیوەتە وەزارەتی ڕۆشنبیری تا ئەوەی وەک ڕێزلێنانێک بیکەنە ماڵێک بۆ هونەرمەندان و کەلەپورەکەیان و ئەوەی دوای خۆیان لێیان بەجێدەمێنێت. گرنگ نییە ئەو هونەرمەندە ماڵی خۆی چی لێدەکات، ڕیکلام دەکا، ڕاستدەکات، پەشیمان دەبێتەوە یان نا، بەخێر دەیبەخشێت یا دەیفرۆشێت، ناوی پێ پەیدا دەکات یان ناوبانگ ئەوەی گرنگە ئەوەیە ئەم وتارە پڕ لە ڕق و کینەیە لەکوێوە سەرچاوە دەگرێت؟ کۆمێنتێکی زۆری پڕ لە ڕق و حیقد و کین و کەراهییەت بۆ ئەو هونەرمەندە نووسرابوو کە سەرباری بەخشینی ماڵەکەی سووکایەتیشی پێدەکرا کە بۆچی نایەت ئەم زەوییە بکاتە مزگەوت یا بیفرۆشێت و پارەکەی بکاتە خێر سا بەڵکوو خوا لەو دونیا لێیخۆشبێت و ئەو دونیای وەک ئەم دونیای نەبێت! هەندێکی دیکە زیاتر دێوەکەی ناخی خۆیان دەرخستبوو، بەپیری ئاخر شەڕ و وشەی کەموکوورتتر بەیانی ئەو کینەیەیان دەکرد کە لەناخیاندا دیارە دەمێکە ماوەتەوە و خەستیان کردۆتەوە و ئەم هونەرمەندە نێچیرێکی باشبووە تا پێیدا بڕژن.
قسەکەی من لەوە نییە ئەم هونەرمەندە چەندە ئازادە چ مامەڵەیەک بە موڵکی حەڵاڵی خۆیەوە دەکات، دەمەوێت باس لەو کینە خەستە بکەم کە ئەمڕۆ کۆمەڵگەی ئێمەی بەتەواوی ئیفلیج کردووە و زۆرترینیشی لە ڕێگای شتێکی جوانی وەک ئایینەوە و بەناوی خوداوە دەردەبڕدرێت.
لە شانامەی فیردەوسیدا چیرۆکێکی سەرنجڕاکێش هەیە لەسەر کین و ئەو ماکانەی کە کین لەسەر مرۆڤی بەجێدەهێڵێت. ڕۆستەم پادشای ئێرانە و باوکی زۆرابە، لە منداڵییەوە زۆراب لە ڕۆستەم دادەبڕدرێندرت، ڕۆستەم نایناسێتەوە، ئەفراسیاو پاشای تۆرانە، زۆراب بەتێپەڕینی کات سەری باوکی دەداتەوە، چوست و چالاک و نەبەرد، دەبێتە پاڵەوانی تۆران و ئەفراسیاو دەیکاتە سوپاسالاری سوپاکەی خۆی. بە هۆکاری فیتنەییەک کە ئەفراسیاو هەڵیدەگیرسێنێت بۆ لەناوبردنی بنەچە و وەچەی ڕۆستەم، ئەفراسیاو زۆراب دەنێرێتە شەڕی دەستەویەخەی ڕۆستەمی باوکی. ڕۆستەم زۆراب دەکوژێت. کە زۆراب دەکوژرێت، ژنەکەی زۆراب سکپڕ، شەهربانووی ژنی زۆراب داوا لەخودا دەکات کوڕێکی پێببەخشێت تا بتوانێت تۆڵەی زۆرابی باوکی لە ڕۆستەم بکاتەوە. خودا کوڕێکی پێدەبەخشێت و ناوی دەنێت برزۆ.
ئەم ژنە هەر لە منداڵییەوە لەگەڵ پێدانی شیرەکە، برزۆ پڕ دەکات لە ڕق و کینە بەرانبەر ڕۆستەم. دەینێرێتە باشترین ئەکادیمیا و ڕاهێنانەکانی شمشێربازی و سوارچاکی و ڕمبازی. برزۆ دەبێتە پاڵەوانێکی چوست و چالاک. هێزەکەی تەنیا بەو کینەیە دەتواندرێت بچوێندرێت کە لە ڕۆستەمی باوککوشتەی هەیەتی. پاڵەوانێکی بەجەرگ و پڕ لە قین، زۆراب شەوێک دێتە خەوی شەهربانووی ژنی و لێی تووڕەیە کە بۆچی ئەم کوڕە بەم کینەیە لە ڕۆستەم گەورە دەکات؟ زۆراب بە شەهربانوو دەڵێت گەر ڕۆستەم بیزانیایە من کوڕی ئەوم هەرگیز دەستی نەدەچووە خوێنم، نەیدەکوشتم گەر من ئەویشم بکوشتایە ئەو دیسان پەنەی بۆ درێژ نەدەکرم. ئێستا برزۆ کوڕەزای ڕۆستەمە بۆچی دەینێریتە شەڕی دەستەویەخەی باپیری خۆی؟ زۆراب بە شەهربانوو دەڵێت لەبری ڕۆستەم بە برزۆ بڵێ شەیتانەکەی ناخی خۆی بکوژێت، ئەو شەیتانەی کە ئەفراسیاو لەناخی من و تۆدا چاندبووی ئێستا برزۆی پێ بەبارمتە گرتووە و هەر ئەفراسیاو سەرچاوەی چەکەرەکردنی ئەم کینەیەیە.
نۆشافەرین خۆشەویستی برزۆیە، داوا لە برزۆ دەکات هەرچی زووە بێتە داوای، برزۆ پێی دەڵێت لەپاش کوشتنی ڕۆستەم دەیخوازێت. نۆشافەرین پێی دەڵێت خۆزگە لە جیاتی ئەم ڕقە خۆشەویستیت لە دڵتدا دەچاند و ئەم هێزەت لە خۆشەویستیدا سەرفدەکرد. ئەم قسەیە وا دەکات دێوی سپی بێت و نۆشافەرینی خۆشەویستی برزۆ بڕفێنێت. برزۆ دێتەوە لای دایکی و پێی دەڵێت تا نۆشافەرین نەهێنێتەوە ناچێتە شەڕ لەگەڵ ڕۆستەم. بەڵام سەرەتا دەبێت بزانێت چۆن دەچێتە لای دێوی سپی و بە چ میکانیزمێک دەتوانێت دێوی سپی بدات بە زەویدا!
برزۆ دەچێتە لای جادووگەری شار بۆ ئەوەی پێی بڵێت چۆن دەتوانێت بچێتە ماڵی دێوی سپی. جادوگەرەکە ئامۆژگاری برزۆ دەکات بەوەی گەر بتوانێت شاخێکی دێوی سپی بشکێنێت، ئەوا دێوی سپی دەبێتە کۆیلە و سوخرەکێشی، چونکە ئەو شاخە هۆکاری ئەوەیە دێوەکە دێو بێت. برزۆ بەهەزار و یەک چەرمەسەری دەگاتە کێوی قاف بۆلای دێوی سپی و وەک ئەوەی جادووگەر پێی گوتبوو شاخێکی دەشکێنێت. دێو لە بەردەم برزۆی پاڵەواندا چۆک دادەدات و دەبێتە کۆیلە.
چیرۆکەکە دووروو درێژە ئەوەی من مەبەستمە ئەم پرسیارەی دێوی سپییە کە لە برزۆی دەکات و پێی دەڵێت: گەورەم برزۆی پاڵەوان ڕاستە من کۆیلەی تۆم بەڵام پێم بڵێ عیشق چییە، من دەمویست دێو نەمێنم ببمە مرۆڤ، تاکە ڕێگا ئەوەبوو کە نۆشافەرین لە تۆ بڕفێنم تا فێری عیشقم بکات، بەڵام تۆ هاتی و ئەویشت لێستاندمەوە، دەڵێن تەنیا بە عیشق دەبێتە مرۆڤ دێوی سپی بەردەوام بوو لە پرسیارەکانی و پرسی: برزۆ ڕاستە دەڵێن عیشق دێو دەکاتە مرۆڤ و کینەش مرۆڤ دەکاتە دێو؟
ئەم ڕستەیەی دێوی سپی ڕستەیەکی هێجگار گرنگ و کلیلییە بۆ تێگەیشتن لە کۆمەڵگە خۆنەفرەتییەی کوردستانی ئێراق کە ئەمڕۆ بەهۆی وتاری ڕق و کین و خود نەفرەتییەوە بە شێوەیەکی دەستەجەمعی تێیکەوتووە. ڕق و کینەیەکی بێ پێشینە هەموومانی کردۆتە دێو. ئەمڕۆ کین وایکردووە کەس نەوێرێت باسی خۆشەویستیش بکات نەبادا بەر کین و غەزەبی ئەو دێوە پاڵەوانانە بکەوێت کە لە ڕوکەشدا وەک برزۆ مرۆڤن. گەر دێوێکیش هەبێت بیهەوێت ببێتە مرۆڤ ئەمان هەزار و یەک ناو و نیتکەی جیاوازی لێدەنێن گوایە سەرلێشێواو و گومڕا بووە.
وتاری خودنەفرەتی و کین وایکردووە ئەمڕۆ کۆمەڵگە ببێتە کۆمەڵگەیەکی برزۆیی، پیاوکوشتن، ئازاردانی خەڵک، سەرانەسەندن و بوختانکردن، تیرۆرکردنی کەسایەتی و ڕژاندنی خوێن هێندەی خۆشەویستی نێوان دوو هەرزەکار، کۆمەڵگە وبرزۆکنی نێوی تووڕە و پەست ناکات، ئەوەندە بەسە لە هەواڵێک بڵاو ببێتەوە لەسەر کوشتن بە هۆکارێکی ئەخلاقی ئیدی کینەی ئەم برزۆیانە لە شێوەی دەست خۆشی و ئافەریندا بەڕەتڵ دادەبارێت. جەردەیی بەسیستەم کراو، فەرهوودی ماڵی خەڵک، حەرامخۆری و تاڵان و بڕۆ هێندەی شانۆگەرییەک لالغاوەی سەرکردە و واعیز و ئەکادیمیسیان و پیاوماقوڵانی کۆمەڵگە بڕ لە کەف ناکات. گەر لە زاهیردا برزۆ مرۆڤ بوو، ئەوا لەناخدا کین کردبووی بە دێوێکی مەترسیدار تا ئەوەی دەست لەگەڵ ئەفراسیاودا تێکەڵبکات بۆ کوشتنی باپیری خۆی، گەر لە زاهیریشدا دێوی سپی دێو بوو، گەڕان بەدوای عیشقدا کردبوویە مرۆڤێکی تەمام عەیار! ئەوانەی جوێن بەو هونەرمەندە دەدەن لەپای ئەو کارە جوانەی بەنیازە بکیات جگە لە بڕزۆیەکی بە ڕوکەش مرۆڤ و لەناخدا دێو زیاتر نیین، گەر ناماقوڵی و قسەناشیرینەکانی ئەوانیش بە حەقیقەت وەرگرین و ئەو هونەرمەدە دێو بێت، ئەوا دێوێکی تەواو عاشق و مرۆڤ و باڵایە. [1]