#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#، لەگەڵ دەستنیشانکردنی وادەی هەڵبژاردنی پەڕڵەمان، ڕێ و شوێنی توندی گرتووەتەبەر بەرانبەر هێزە ئەمنییەکان. تا دەنگەکانی خۆیان و خێزانەکانیان مسۆگەر بکات.
هێزەکانی ئاساییش و کۆماندۆ و پێشمەرگە و پۆلیسی بەرگری و فریاکەوتن و لیوای نەوت و گاز و پشتیووانی دوو، ئاگادار کراون کارتی دەنگدانییان ڕادەستی بارەگای فەرماندەکانیان بکەن. هەر کەسێکیش لە خێزانەکانیان سەروی 18 ساڵە، کۆپیەک لە کارتی دەنگدانی بهێنن.
لە بەشێک لەو شوێنانە پڕۆسەی وەرگرتنی کارتی دەنگدان تەواو بووە و هەموو ئەندامانی هێزەکان کارتەکانیان ڕادەست کردووە. ئەوە بە ئەندامانی هێزەکان ڕاگەیەنراوە هەر کەسێک کارتی دەنگدان نەهێنێت مووچەی پێنادرێت.
ئەم هەنگاوەی یەکێتی، لە ترسی ئەوەیە هێزە ئەمنییەکان بەهۆی ڕووداوەکانی 8ی تەمووزەوە دەنگ بە لیستی #لاهور شێخ جەنگی# و حزبەکانی تر بدەن و یەکێتی نەتوانێت دەنگەکانی پێشوتری مسۆگەر بکاتەوە.
یەکێتی لە هەڵبژاردنی پێشووی پەڕڵەمانی کوردستان نزیکەی 44 هەزار دەنگی لە دەنگدانی تایبەت بەدەست هێنا کە 30 لە سەدی کۆی دەنگی هێزە ئەمنییەکان بوو. لەو ڕێگەیەوە سێ کورسی پەڕڵەمانی مسۆگەرکرد.
لە هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی ئێراق، کە سێ مانگ دوای ڕووداوەکانی 8ی تەمووز ئەنجامدرا. یەکێتی توانی لە دەنگدانی تایبەتی پارێزگای #سلێمانی# نزیکەی 22 هەزار دەنگ بەدەست بهێنێت. لەبەرانبەردا 18 هەزار دەنگی پوچەڵ هەبوو کە گومان دەکرێت ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان بەمەبەست دەنگەکانیان پوچەڵ کردبێتەوە. [1]