$سەردەمی پاش حەقیقەت$
#نەزەند بەگیخانی#
#11-06-2020#
لە ساڵی 2016، فەرهەنگی ئۆکسفۆرد بۆ یەکەم جار دەستەواژەی پاش-حەقیقەت (Post-Truth) ی خستە ناو لیستی واژەکانییەوە و بەمجۆرە پێناسەی کرد: ئەو بارودۆخەیە کە راستی و فاکتە مەوزوعییەکان، بە بەراورد بە عاتیفە و باوەڕی تاکەکەسی، کاریگەرییان لەسەر درووستکردنی ڕای گشتی کەمتر دەبێ.
سەردەمی پاش حەقیقەت گوزارشت لە کۆمەڵێ گۆڕانکاری دەکات کە بە شێوەیەکی نابەجێ لە ژیانی ڕۆژانەمان، لە سیاسەت و کولتوور و میدیا و ڕەفتاری خەڵک و ڕای گشتی ڕەنگیانداوەتەوە. کۆمەڵناس و زانایانی سیاسی ڕەگی ئەم دیاردەیە دەگەڕێننەوە بۆ ڕابردوویەکی دوور و دەڵێن لە نووسینەکانی جۆرج ئۆروێل و هانا ئارنت و ئەلدۆس هەکسلی باسی لێوە کراوە، بەڵام لەدوای سەرهەڵدانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیای دیجیتال زۆر بە زەقی لە ژیانمان ڕەنگیداوەتەوە. دوای هەڵبژاردنی دۆنالد ترەمپ-یش لە ساڵی 2016 لە ئەدەبیات و توێژینەوەی ئەکادیمی و وتاری میدیایی گرنگی زیاتری پێدەدرێ.
ئێمە ئێستا لەو سەردەمەدا دەژین کە حەقیقەت چیتر وەک کۆنسێپت و فاکت، وەک بەڵگە و داتا مانای نییە، بەڵکوو حەقیقەت بووەتە ڕاو بۆچوون و مشتومڕ و ئەجێندای شەخسیی کەسانێک کە بۆ گەیشتن بە ئامانجی سیاسی و ئابووری و پایەی کۆمەڵایەتی دەیشێوێنن. لەم سۆنگەیەوە، حەقیقەتی مرۆڤەکان گرنگ نییە، تۆ لە چ ئاستێکی فیکری و مەعریفیدایت گرنگ نییە، بەڵکوو ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە چۆن بتوانی ئەم یارییە بکەیت، چۆن بتوانی پرۆفایلێکی جوان بۆ خۆت دابڕێژی، خۆت بگەیێنیتە پایەی دەسەڵات و یاری بە ئیحساسی خەڵک بکەیت و سنووری نێوان حەقیقەت و درۆ ببەزێنیت، بە جۆرێک کە هەروەک هانا ئارنت دەڵێ، مرۆڤ ئیتر نەتوانێ درۆ و ڕاستی لەیەک جیابکاتەوە. بە ڕای هانا ئارنت، تۆتالیتاریزم ئا لەم خاڵەوە سەرهەڵدەدات.
کۆنسێپتی پاش-حەقیقەت باس لە لێکترازان دەکات لەگەڵ سەردەمێک کە کۆمەڵێ بەهای ئەخلاقی و پرەنسیپ هەبوون لە پەیوەندییەکانی نێوان خەڵک، لە پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و هاووڵاتی، نێوان میدیا و ڕای گشتی. لە سەردەمی پاش حەقیقەت بەهاکانی وەکوو ڕاستگۆیی و ئازادی ڕادەربڕین لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە ئازادیی کەسانی دیکە، هەستکردن بە بەرپرسیارییەتی لەناو کۆمەڵگە، ئەقڵ بۆ ڕاڤەکردن و تێگەیشتن و بەرگریکردن لە حەقیقەت، ئەمانە نەمان و کولتوورێک درووستبوو کە ئاڵۆزی و دژوارییەکانی جیهان سادە و بچووک دەکاتەوە بۆ دوو سەنگەر و دوو جەمسەری ڕەها و دژ بە یەک: چاک و خراپ، خوداوەند و ئەهریمەن، ئێمە و ئەوان. سەردار و فۆلۆوەر و دەروێشانی ئەم دوو سەنگەرە یەکتری تەواو دەکەن و بە عاتیفە و مەزاج یاری بە ئیحساسی خەڵک دەکەن بە مەبەستی سەپاندنی دەسەڵات و قۆرخکردنی ڕای گشتی.
مێتۆدی جێبەجێکردنی ئەم کارەش بریتییە لە درووستکردنی هەواڵی درۆ و ساختەکاری و درۆی ئۆرگانیزەکراو بۆ هێرشکردن و چاندنی ڕق و کینە و پچڕاندنی پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان و لەخشتەبردن و لەناوبردنی کەسایەتی و کوشتنی سیمبۆلی. هەندێ پسپۆڕ ئەمە وەک 'ئامێرێکی ڕێکخستن' پێناسە دەکەن کە بە پێی بەرژەوەندیی و ئەجێندا و مەرامی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی، هەندێ کەس و لایەن بڵند دەکات و سنوور لەنێوان هاووڵاتییان، لەنێوان خەڵک درووستدەکات: سنووری سیاسی، سنووری شارچێتی، سنووری حیزبایەتی و خانەوادەیی و عەشیرەتگەری، سنووری مەزهەبی و ئایینی، هتد. لەسەر بنچینەی ئەم سنوورانەش تۆوی دوژمنکاری دەچێنێ. خاسیەتی سەرەکی ئەم دۆخە نەبوونی دادوەری و پەیڕەوکردنی غەدرە لە کەسانێک کە جیاوازن و لەم هاوکێشەیە خۆیان نادۆزنەوە و بەرگری لە بیرکردنەوەی قووڵ و ڕاڤەکاری و ڕاستگۆیی دەکەن. نەبوونی دادوەری و هەستکردن بە غەدر لە هەموو کۆمەڵگەیەک کۆتایی بە ئاشتی و ئاسوودەیی دەهێنێ. ئەم دیاردەیە ئەمڕۆ تەواوی جیهانی گرتووەتەوە.
هانا ئارنت دەربارەی درۆ و درۆی ئۆرگانیزەکراو دەڵێ: تۆ درۆ بەرانبەر کەسێ دەکەیت و نائومێدی دەکەیت، بەڵام لە درۆی ئۆرگانیزەکراو کە بە پلان ئامادەکاری بۆ کرابێ، ئەوە تۆ نەک تەنیا حەقیقەت دەشێوێنی، بەڵکوو حەقیقەت لەناو دەبەیت. بۆ نموونە، لە سەردەمی کۆڕۆنا، درۆی ئۆرگانیزەکراو لەلایەن ئەو کەس و گرووپانەوە دەکرا کە نکوڵییان لە بوونی ڤایرۆسی کۆڕۆنا دەکرد. لە ڕووی سیاسییەوە درۆی ئۆرگانیزەکراو کە لە وڵاتە دیکتاتۆرەکان زۆر دەکرێت، نکوڵی لە بوونی ئۆپۆزیسیۆن دەکات و لەناوی دەبات، حاشا لە جینۆسایدی ئەرمەنییەکان و لە هۆلۆکۆست دەکات. لە میدیا هەواڵی نادرووست و هەڵە پەخش دەکات و ڕای گشتی لە خشتە دەبات. لە مزگەوت و کڵێسەکان، وتارێکی توندڕەو دەڵێتەوە کە گرژیی و دوژمنکاری لێدەکەوێتەوە.
لە کوردستان ڕەفتار و کولتوور و سیاسەتی پاش حەقیقەت زۆر بە زەقی دیارە و پیادە دەکرێ. لەگەڵ هەر کەسێ قسە دەکەیت، دەبینی کە ڕۆژانە ئازار دەچێژێت و دڵتەنگ و نیگەران و ناکۆکە لەگەڵ خۆی و لەگەڵ دەوروبەری، هەست بە غەدر و نادادوەری دەکات. تاکی کورد لە بارودۆخێکی ناهەموار و پڕ نیگەرانی و سترێس ئەزموونی ژیان دەکات. میدیای ناپیشەگەر و دیجیتالی 24 کاتژمێرەی حیزبەکان بەبێ وەستان هەواڵی نادرووست و بێ بەڵگە و بنەما بڵاودەکەنەوە کە ختوکەی خەڵک دەدەن، مێشکی خەڵکی پێ دەشۆنەوە و توانای بیرکردنەوە و ئەقڵانییەتیان دەکوژن. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بوونەتە سەکۆی خودپەرستی و هەلپەرستی و خۆنمایشکردن کە بەپێی مەزاج و ئەجێندای گرووپ و حیزب و میدیا و ڕۆشنبیرە ئۆلیگارشییەکان جێبەجێدەکرێ. سەکۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بە فەیسبووک و ئینستاگرام و تویتەر و هتد، لەلایەن ئەو گرووپانەوە بە ترس و هەواڵی درۆ و ڕقئامێز تەنراون. لەم سەکۆ و میدیایانە ڕای گشتی نییە، بەڵکوو یاریکردن بە ئیحساس هەیە؛ پەیوەندییەکان تێکچوون، زمانی زبر و ناشیرین بووە باو تا ئاستی جنێودان و لەخشتەبردن کە لە ڕێگای بەکارهێنانی ئەکاونت و ماڵپەڕ و پەیجی ساختە و ڕەفتاری نابەجێ و ئازاربەخش ئەنجامدەدرێ. وتار و نووسینی سەنگین و زانستی و ئەکادیمی و بەڵگەئامێز ئیتر بە دەگمەن دەخوێندرێنەوە و لەبەرانبەردا سادەکاریی و وتاری ئیحساسی و ڕوواڵەتکاری تا ئاستی پۆرن زاڵە بە مەبەستی مێشک شووشتنەوە و خەساندن و مۆنۆپۆلیزەکردنی ڕای گشتی. سەنگی مەحەکیش بوو بە ژمارەی کلیک و لایک و فۆڵۆوەر.
ئەم دۆخە بووەتە مایەی جەمسەرگیری و سەنگەرگرتن لە یەکتری: واتە ڕای گشتی دابەش بووە لەنێوان 'ئێمە' و 'ئەوان'، خەڵک دەچنە ناو سەنگەر و خانە هاوشێوەکانیانەوە و دەستە و گرووپ دادەمەزرێنن لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و خزمەتکاریی، نەک بنەمای فیکر و دیالۆگ. ئەمانە هێرشدەکەنە سەر هەرکەسێ کە لەوان جیاوازبێ. نووسین چیتر بۆ بەرهەمهێنانی زانست و مەعریفە نییە، بەڵکوو بۆ دژایەتیکردنی ئەوانیترە. میچیتۆ کاکوتانی لە پەڕتووکی 'مردنی حەقیقەت' ئەم گرووپانە بە خێڵی ئایدیۆلۆژیگەرا ناودەبات و دەڵێ جیاوازییەکی وایان نییە لەگەڵ تۆڕە تیرۆریستەکان (کاکوتانی، 2018) . لەم کۆنتێکستەدا، هەرکەسێ جیاواز لەوان بیربکاتەوە لە ئەکاونت و پەیجە ساختەکانیانەوە هێرشی دەکەنەسەر، ناوبەدی دەکەن، وەک 'ئەهریمەن' و 'خراپەکار' دەیناسێنن.
ئەم دیاردەیە تەنیا سیاسییەکان ناگرێتەوە، بەڵکوو لایەنی کولتووری و ڕۆشنبیر و گرووپە ئۆلیگارشییەکانیش دەگرێتەوە. لە سایەی ئەم سیاسەت و کولتوورەدا، هەر کەس و لایەنە خۆی لەناو ڕاوبۆچوون و باوەڕی تاکڕەو و هاوشێوەکەی بەند کردووە و نە دەوێری ڕەخنە بگرێ، نە دەوێری حەقیقەت بدرکێنێ. ئەوەی کە دەیڵێ گوزارشت نییە لەوەی کە دەیەوێ بیڵێ، یا پێویستە بیڵێ بۆ سەرخستنی حەقیقەت. ئەمە بۆچی ڕوودەدات؟ هۆکار زۆرن و وەڵامی ئەم پرسیارە لێکدانەوەی زۆر هەڵدەگرێ و پێویستی بە ڕاڤەکاری هەیە. ئەگەر لە ڕووانگەی هانا ئارنت و ڕەهەندی تۆتالیتاریزمییەوە لێی بڕوانین، ئەوە دەتوانین بڵێین تاک لەناو ئەو سەنگەر و گرووپە حیزبی و کولتووری و میدیایی و کۆمەڵایەتییانە لە سیستەمی ترس و تۆقان بەند کراوە، خەسێندراوە و توانای بیرکردنە و گفتوگۆ و ئارگیومێنتی لێ سەندراوەتەوە و وەک ئامێرێک هەڵدەسوڕێندرێ. هەرکەسێک ڕەخنە بگرێت و ڕاستیی مەوزوعییەکان بدرکێنێ ئەو تاکە ڕیسوا دەکرێ، لە گرووپ و دەستە و تۆڕەکان وەدەر دەنرێت، جگە لە کوشتنی سیمبۆلی، ژیانیشی دەکەوێتە مەترسییەوە.
لەم نێوانەدا شەڕێکی بێ هوودە هاتووەتە ئاراوە کە زۆربەی خەڵک تێیدا بەشدارە و هەمووان تێیدا دۆڕاون. لەم دۆخەدا، میدیاکان دڵی خۆیان بە زۆرترین ژمارەی کلیک و لایک دەدەنەوە. ئەو ئەکاونت و پەیجانەی زۆرترین لایک و فۆڵۆوەر بەدەستدەهێنن، خۆشیەکی فریودەرانە دایاندەگرێ و خۆیان لێ دەبێتە پاڵەوانێکی خەیاڵی. دیموکراسیش لەم نێوانەدا جگە لە قسەی گەورە، هیچ مانایەکی نەماوە.
باشووری کوردستان زەمینەیەکی گونجاو بوو بۆ کولتوور و سیاسەت و ڕەفتاری پاش حەقیقەت. دوای چل ساڵ لە فەرمانڕەوایی ڕژێمی بەعسی دیکتاتۆر، دوای ئەنفال و کۆمەڵکوژی و کۆڕەو و ڕاپەڕینی خوێناوی، دوای شەڕی براکوژی و سەرهەڵدانی ئیسلامی سیاسی و هێرشی #داعش#ییەکان، خەڵک تامەزرۆی سیاسەت و وتارێکی ئەلتەرنەتیڤ بوو کە ئومێدی پێ ببەخشێ و ئاسوودەی بکات. بەڵام وتاری سیاسی و ئۆلیگارشیی ڕۆشنبیری و تووندڕۆیی ئیسلامی لە سەردەمی پاش حەقیقەت لە ڕێگای تەکنەلۆژیای نوێوە شەڕ و تووندوتیژی و ڕقیان هێنایە ناو ماڵ و سەر شاشەی کۆمپیوتەر و مۆبایلەکانمانەوە. شەڕی ساردی ناوخۆ و حیزبایەتیی بەرتەسک و گرووپگەرایی و شارچیێتی بوونە نۆڕم و خەڵکێکی زۆر ئەوەندە پێی ڕاهاتوون کە نە دەتوانن دەستبەرداری بن، نە دەتوانن بەشێوەیەکی درووست بیری لێ بکەنەوە بەرەو چارەسەرکردنی.
کاتێ سیاسەتمەدار لەخشتەت ببات، ڕۆشنبیر درۆ بکات، مەلا و قەشە منداڵبازی بکەن، فێمینیست هەلپەرست بێ و پرەنسیپ ببەزێنێ، ئەوە وتاری ساختە و درۆ دەبنە نۆرم و خەڵکی خەسێندراویش شاگەشگە دەبێ پێیان. ئاکامی ئەم دۆخە بێزاری و حەزی تێکشکاندن و لەناوبردنە، تا ئاستی لەناوبردنی حەقیقەت و ملشکاندن و لەناوبردنی یەکتری. ئەمە ڤایرۆسە و مەترسییەکانی لە هی کۆڕۆنا زیاترە؛ ئەم ڤایرۆسە لەسەر هەموو وشەکانمانە، لەبن زمان و سەر زمان و هەڵسوکەوتی ڕۆژانەمانە، بۆیە دەبێ هەمووان پێکەوە بەهەمان شێوەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەرەنگاری ئەم ڤایرۆسە ببنەوە. [1]