$خۆیەتی کۆرۆنایە$
#هێڤیدار ئەحمەد#
#22-11-2020#
کاکە هیچ نییە هەندێ حەبی ڤیتامین هەن بیخۆن و تەواو، یان دەگوترێت کاکە نانی باش بخۆ و پشوویەک بدە و تەواو...، ئەرێ چ نیشانەت هەیە؟، ئێ مادام ئارەقە دەکەی و بۆن و تامت نەماوە خۆیەتی، بەڵام هیچ نییە تۆ ئیرادەیەکی بەهێزت هەیە زوو هەڵدەستییەوە.... ئەم جۆرە قسانە و زۆری دیکە بەشێوەیەکی نازانستی بە کەسێکی نەخۆش دەگوترێن کە نیشانەی نەخۆشیی کۆرۆنای هەیە.
تاوەکوو ئێستا ئەوەی بە فەرمی تۆمارکراوە لە وەزارەتی تەندرووستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان 12%ی ئەو کەسانەن کە لە هەرێمی کوردستان پشکنینیان کردووەو تووشی کۆرۆنا بوونە. زۆربەی پزیشکان و ئەوانەی لە کەرتی تەندرووستی کاردەکەن دەڵێن، دەتوانین ئەو ژمارەیە پێنج ئەوەندە زیاتر دابنێین، واتە نزیکەی 450 هەزار کەس تووشبوونە، بەڵام ئەوەی تۆمارکراوە نزیکەی 93 هەزار کەسن، ئینجا لەوانە هەیە چاکبوونەتەوە و هەیە گیانی لەدەست داوە.
$گوتیان هیچ نییە$
وەک تووشبوویەکی کۆرۆنا، کە ئێستا چاکبوومەتەوە، قسەی خەڵک کاریگەریی لەسەر منیش کردبوو، نیشانەکان دەرکەوتبوون، بەڵام بەهەندم وەرنەدەگرت، هەندێ حەبی ئازارشکێنم بەکاردەهێنان و بۆ ماوەیەکی کاتی ئازارم نەدەما، دەموت ئەنفلەوەنزای وەرزییە و تێدەپەڕێت، یەک هەفتە بەوشێوەیە ڕامانکێشا، تاوەکوو گەیشتە ئەوەی ئارەقە وەک ئاو بە گیانمدا دەهات، کە پشکنینم کرد، لەوێ برادەرێک گوتی کاکە دیارە هیچت نییە، بەڵام پشکنینەکە هەر دەکەین، کە ئەنجامەکە دەرچوو، کۆرۆنام هەبوو.
ئێ کە ئەنجامەکە کۆرۆنا بوو، پرسیارم کرد چی بکەم؟ گوتیان کاکە هیچ نییە تۆ کەسێکی بەهێزی و ئەو دەرمانانە بخۆ، هیچ نییە تێیدەپەڕێنی، بایی 75 هەزار دینار دەرمانم کڕین کە بریتیبوون لە هەندێ ڤیتامین و حەبی موسەکین و دژە هەوکردن. سێ ڕۆژ بەردەوام بووم، هیچ جیاوازییەکم نەبینی، بگرە دۆخی تەندرووستیم خراپتر بوو، گەیشتە ئەوەی لێدانی دڵم گەیشتە 130 و ئۆکسجینم دابەزی بۆ 83%، تاوەکوو ئیدی نەمدەتوانی هەناسە بدەم و تووشی تەنگەنەفەسی بووم.
$پێنج ڕێگەی مردن بە کۆرۆنا$
یەکسەر چووینە نەخۆشخانە و تیشکی سینگی منیان گرت، قسەیان لەگەڵ یەکدی کرد، دەمزانی وەزعەکە باش نییە، هاتنە دەرێ گوتیان کاکە دەبێ لە نەخۆشخانە داخیل بکرێیت، گوتم ڕازیم و دەمەوێ ئێستا داخیل ببم، دەمزانی تاوەکوو بەیانی لەدەرەوە بوومایە، گیانم دەردەچوو، گەیشتە ئەوەی توانای ڕاوەستانم لەسەر پێ نەما. هەر ئەو شەوە گەیشتینە نەخۆشخانەیەک لەسەر ڕێگەی بەحرکە کە تایبەتکراوە بە نەخۆشی کۆرۆنا.
ئەوکاتەی داخیلبووم لە نەخۆشخانە کاژێر 12:30ی شەو بوو، تاوەکوو کاژێر 1:00 بەتەنیا مامەوە، تەماشای تەلەفۆنەکەم کرد، نۆتفیکەیشنێک هاتە سەر تەلەفۆنەکەم نووسراوبوو ئەو 5 ڕێگەیەی وادەکات بەهۆی کۆرۆناوە ژیانت لەدەستبدەی! دوودڵ بووم بیکەمەوە، سەرئەنجام تەلەفۆنەکەم فڕێدا و نەمکردەوە. گوتم تەمەن تەنیا لە دەست خودایە و خوایە ئەگەر ڕۆژەکانم تەواوبووبن، ئەوا منیش تەواو دەبم...
برادەر هەبوون کە لە ئەحواڵی منیان پرسی: گوتم لە نەخۆشخانەم، گوتیان کاکە ئێستا بڕۆ دەرێ و لە نەخۆشخانە هەر دەمری!
$باشترین بڕیارم دا$
کەشێکی وا درووستکراوە هەر کەسێک کۆرۆنای هەبێ و بچێتە نەخۆشخانەکانی حکومەت دەمرن، لە ماڵێ بن باشترە! تەنانەت خێزانم تەلەفۆنی کرد و گوتی خزم و دۆستی زۆر بە من دەڵێن با لە نەخۆشخانە بێتە دەرێ زووتر چاکدەبێتەوە، ئەگەر لە نەخۆشخانە بێت، لەبەردەست پزیشکەکاندا دەمرێت!
لای خۆم باشترین بڕیارم دابوو کە داخیلی نەخۆشخانە بووم، لانی کەم پزیشکەکان و کارمەندی تەندرووستی دەرمانەکان لەکاتی خۆیدا ئامادە دەکەن، پشکنینی خوێن و ئۆکسجین و لێدانی دڵ و شەکرەو گوشاری خوێن و ... هتد کۆنترۆڵ دەکەن. بەڵام لە ماڵ کەسی پسپۆڕ و پزیشک بەردەوام لای تۆ نییە، خوانەخواستە ڕەوشێکی نەخوازراو بێتەپێش تاوەکوو پزیشک دەگاتە ماڵ، ڕەنگە ئەنجامەکە باش نەبێ، بەڵام لە نەخۆشخانە لەکاتی خۆیدا پزیشک لای نەخۆش ئامادە دەبێت.
ڕاستە وەک پێویست دەرمان و پشکنینەکان لەنێو نەخۆشخانەکاندا نین و 60%ی دەبێ لەدەرەوە دابینبکرێن، بەڵام ستافی تەندرووستی و نەخۆشخانەکانی حکومەت جێگەی متمانەن.
لەو نەخۆشخانەی من لێی بووم ستافی تەندرووستی بۆ هەموو نەخۆشێک وەک یەک مامەڵەیان دەکرد، تاوەکوو من لە نەخۆشخانەدا بووم، چوار کەس لە دەوروبەری من چاکبوونەوەو گەڕانەوە نێو کەسوکاری خۆیان. تیمی تەندرووستی نەخۆشخانەکانمان، هەموویان کەسوکاری ئێمەن و کاری مرۆڤایەتی دەکەن بۆ ڕزگارکردنی ژیانی کەسی نەخۆش. کاتێک پزیشکەکان سەردانی منیان دەکرد، ئەوەندە بە قەرەباڵخی و کەیفەوە دەهاتن نەخۆشییەکەم لەبیر دەچووەوە. بۆ نەخۆشەکانی دیکەش هەر وابوون، منیش ئەو نەخۆشییەم تیپەڕاند، چونکە بڕیاری درووستم دا، سەردانی پزیشک و نەخۆشخانەم کرد.
باشترین هەنگاو کەسی تووشبوو بە کۆرۆنا بینێت، سەردانی پزیشکە بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندنی نەخۆشییەکەی بکات، کە لە چ ئاستێکدایە؟ ئایا سووکە، مامناوەندە، یان تووندە؟ پێویستە پزیشک بڕیاربدات چۆن مامەڵە لەگەڵ نەخۆشەکە بکرێت، نەک خەڵکێک کە تووشبووە یان کەسوکاری تووشبووەو بە تۆ بڵێت چی بکەی، هەر نەخۆشێک ڕەنگە دۆخێکی تایبەت بە خۆی هەبێت، بۆیە باشترین بڕیار، دەبێ سەردانی پزیشک بکەیت و جگە لە پشکنینی کۆرۆنا، پشکنینی خوێن و سینگ و ئۆکسجین و .. هتد، ئەوەی پێویستە بە کۆرۆنا ئەنجامی بدەی. [1]