$کوردستان پێویستی بە یەکێتییە$
#هێمن عەبدوڵڵا 2#
#22-04-2014#
لە هەفتەی ڕابردووەوە بەکردەوە شتێک بەنێوی ڕێککەوتننامەی ستراتیژی نەماوە. پارتی و یەکێتی بەفەرمی مەرگی ڕێککەوتنەکەیان ڕانەگەیاندووە، بەڵام بەفەرمیش کۆتایی ئەو ڕێککەوتنەیان ڕەتنەکردووەتەوە. ئەو دوو هێزەی ساڵانێکی درێژ هەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕاوەکانیان بەسەر زۆنی سەوز و زەرددا دابەشکردبوو پێویستیان بە یەکدی ماوە، بەڵام بە هاوپەیمانێتییە ئێکسکڵوسیڤەکەی جارانیان نا. ئێستا هەلێکی زێڕین لە بەردەم پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندایە بۆ ئەوەی شەمەندەفەری بەلاڕێدابراوی سیاسەتکردن بخرێتەوە سەر ڕێچکەی ڕاستی خۆی.
یەکێتی و پارتی تەنیا نوێنەرایەتی دوو بیرکردنەوەی جیاوازی سیاسییان لەسەر ئاستی نێوخۆییدا نەدەکرد، بەڵکوو هەرلایەکیان بەشێک بوون لە دوو سەنگەربەندیی ئیقلیمیی جیاوازیش. لەسەر ئاستی نێوخۆییدا ئەو نوێنەرایەتیکردنە دوای دەرکەوتنی #بزووتنەوەی گۆڕان# و بەهێزبوونی ئۆپۆزیسیۆن گۆڕدرا و هەردوو حیزبەکە کەوتنە یەک سەنگەرەوە. ئەو هاوماڵی و هاوسەنگەرییە، لەبەرئەوەی بەناچاری بوو و تێکەڵاوبوونێکی سرووشتی نەبوو، پڕ لە دڕدۆنگی و ناتەبایی درێژخایەن بوو. ئەمەش لە شێوازی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا و هەڵوێستیان بەرانبەر ڕەوشی نوێی ڕۆژاوای کوردستان و پێشتریش لە مەسەلەی متمانە سەندنەوە لە نووری مالیکی ڕەنگیدایەوە. دوو شت یەکێتیی بە پارتییەوە دەبەستەوە: یەکەم، دەستگرتن بە دەستکەوت و بەرژەوەندییە ئابووری و ئیدارییەکانی لە هەرێمی کوردستان و ئێراقدا و دووەمیش ترس لە گۆڕان و #نەوشیروان مستەفا#. ئەگینا لە سەنگەربەندیی ئیقلیمیدا یەکێتی هەر یەکێتییەکەی جاران و پارتیش هەر پارتییەکەی جاران بوون.
یەکێتی لە ساڵانی هاوپەیمانێتیکردنیدا لەگەڵ پارتی باجی هاوپەیمانبوونی نەداوە، بەڵکوو دروێنەی سیاسەتە هەڵەکانی کردووە. پارتی، بەسوودوەرگرتن لە هاوپەیمانێتی لەگەڵ یەکێتی، سەرەڕای بەهێزکردنی پێگەی سیاسی و ئیداریی خۆی، بە دوو شێواز کاری لەسەر دەنگدەران کرد: یەکەم بە مسۆگەرکردنی سەقامگیریی ئەمنی و دووەم بە گەرەنتیکردنی گەشەپێدانی ئابووری. بزووتنەوەی گۆڕانیش لەلایەکەوە بە هێنانەپێشەوەی مۆدێلی نوێی سیاسەتکردن و پێشنیازکردنی چارەسەری زۆربەی جار مەنتیقی بۆ کێشەکان و لەلایەکی دیکەشەوە بە بەدەستەوەگرتنی ئاوێنەیەک لە بەردەم دەنگدەران بۆ ئەوەی ببینن دەسەڵاتداران لەو ساڵانەی دواییدا چییان بەسەرهێناون، واتە ڕاکێشانی هاوسۆزیی دەنگە تووڕەکان، کاری لەسەر دەنگدەران کرد.
ئەی یەکێتی چی کرد؟ یەکێتی لەنێوان ئەوەدا کە پارتی کردی و ئەوەی کە گۆڕان کردی، مایەوە و تووشی نوشوستی دوای نوشوستی هات.
دوای جیابوونەوەی گۆڕان، غیابی درێژخایەنی #مام جەلال# و ململانێی توندی نێوان باڵەکان، هەڵۆ بەهێزەکەی جاران لە فڕین کەوت. هەرچەندە سەرکردە و هەوادارانی ئەو حیزبە بەم قسەیە نیگەران دەبن، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە لەوەتەی مام جەلال لە کوردستان و ئێراق نەماوە شتێک بەناوی یەکێتی، بەمانای تەواوی وشەوە، نەماوە. یەکێتی بۆیە یەکێتی بوو، چونکە هەمیشە فرەباڵیی تێدابوو، بەڵام جەستەیەک هەبوو ئەو باڵانەی بە یەکەوە گرێدەدایەوە. ئێستا باڵەکان بەجیا هەوڵی فڕین دەدەن، بەڵام بەرزنابنەوە.
بەو ڕەوشەشەوە کە هەیەتی، پارتی و گۆڕان هەر پێویستیان بە یەکێتییە. مادام سوپایەکی یەکگرتوومان نییە و هێشتا سوپای سەوز و زەرد لێک جیان، مادام ڕەنگی جلوبەرگ و تەپلەی سەری کارمەندانی ئاساییش لە #هەولێر# و #سلێمانی# لەیەک ناچن، مادام هێشتا دەستاو دەستکردنی دەسەڵات لە کوردستان بە ڕێچکەی ئاسایی و یاساییدا تێناپەڕێت، ناکرێ یەکێتی پەراوێز بخرێت. گۆڕان کە لە بەرنامەی خۆیدا پێداگیری لەسەر بە نیشتمانیکردنی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی کوردستان دەکات، ناتوانێ ئەو کارە بکات ئەگەر یەکێتیشی قایل نەکردبێت. ناشکرێ تازە کەس لە کوردستان بەتەمای کودەتا بێت.
بەکوورتییەکەی ئەوەی هەرێمی کوردستان لە ماوەی داهاتوودا پێویستییەتی پەراوێزخستنی لایەنە سەرەکییەکان نییە لە حوکمڕانیدا، بەڵکوو بەشدارکردنیانە. ئەمەش بەوە دەکرێت کە ڕێککەوتننامەی ستراتیژی فاتیحای کۆتایی بۆ بخوێندرێت و میساقێکی نیشتمانی شوێنی بگرێتەوە.
میساقێک کە هەرێمی کوردستان ڕزگاربکات لەو فرە ئەجێنداییەی بەهۆی دەوڵەتە ئیقلیمییەکانەوە درووستبووە و کۆدەنگییەکی نیشتمانیش درووست بکات لەسەر ناوچە دابڕاوەکان و سیاسەتی نەوتی و پارچەکانی دیکەی کوردستان و تەنانەت بڕیاردان لەسەر مافی چارەنووسیش. هەبوون و کارکردن بە میساقێکی وا، بۆ ئەو ڕەوشە سیاسییە نوێیەی لە هەرێمی کوردستاندا درووستبووە، زۆر باشترە لە ڕێککەوتننامەیەکی ستراتیژیی کارپێنەکراو. [1]