ناونیشانی بابەت: یەکێتی کێکی دەوێ
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #25-02-2019#
=KTML_Bold=پاش کۆبوونەوەکەی پەڕڵەمانی کوردستان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتییەکەی، بە هیچ شێوەیەک کات لە بەرژەوەندیی یەکێتی یان هەمان جەلالییە نوێیەکاندا نییە بیکوژن. بۆیە لەجیاتی داهێنانی داواکاریی ناواقیعی، باشترە لەسەر ئەو شتانە لەگەڵ پارتی دانووستاندن بکەن کە دەزانن قابیلی وەدەستهێنانن.=KTML_End=
ڕاستە جەلالییە نوێیەکان هێزی چەکدار و دارایی #سلێمانی#یان بەدەستەوەیە، بەڵام لەوێ تا دێت دەنگی جیاواز و ناڕازیش بەرانبەریان بەرزتر و زوڵاڵتر دەبن. ئەوان زیاتر لە هەر حیزبێکی دیکە پێویستیان بەوەیە لە حکومەتدابن، چونکە لە هەموومان باشتر دەزانن دووئیدارەییان پێناکرێ و ڕێگەشیان پێنادرێ.
پێکنەهاتن لەگەڵ پارتی بۆ ئەوان بەمانای خۆبچووککردنەوەیە لە چوارچێوەی سلێمانیدا. ئەمەش واتە دەستەویەخەبوون لەگەڵ هێزی دیکە لەو سنوورە جوگرافییەدا کە لەوان باشتر تەعبیر لە تووڕەیی و ناڕەزایی ئەو شارە دەکەن. شارێک کە ئەوان لە ساڵانی ڕابردوودا لەڕووی خزمەتگوزاری و پێشخستنەوە هیچی وایان بۆ نەکردووە.
خەڵکی سلێمانی دینامیکی و هۆشیار و ژیاندۆستن. ناکرێ وەک خەڵکی شارێکی کۆریای باکوور مامەڵەیان لەگەڵ بکەی و پێتوابێ بە زەبر و زەنگ دەتوانی برسی و بێدەنگ بیانهێڵیتەوە. چاویان لەوەیە لە شوێنەکانی دیکە خۆشتر بژین و زۆرتر لەوەی پێویستیان بەوە بێت داهاتەکەیان لە درووستکردنی پڕۆژەی وەکوو ئەوەی ناویان لێناوە ماڵی مام بەهەدەر بدرێت، پێویستیان بەوەیە جوانترین بازاڕ و جادەی خێرای باشتر لەوانەیان هەبێ کە لە هەولێر درووستکراون.
لە هەولێرەوە سەفەرێک بۆ سلێمانی بکەیت، هەر کە دەگەیتە سنووری ژێر دەسەڵاتی یەکێتی، بە جادە و بانە خراپەکانی و دوکان و ماڵە کۆن و تۆزلێنیشتووەکانی و تەنانەت دەموچاوی نیگەرانی خەڵکەکەشدا دەزانیت ئەو ناوچەیە خەمخۆرێک ئیدارەی نەکردووە و ناکات. بۆیە لەکاتی شەڕدا ڕەنگە خەڵکی سلێمانی موراعاتێکیان کردبێ و کەمتر لەسەر ئەو کەموکووڕییانە دەنگیان هەڵبڕیبێ، بەڵام لە قۆناغی پاش شەڕدا شتێکی جیاواز دەبێت.
گۆڕان چەندە پێویستی بە پارتی بوو بۆ ئەوەی لە چوار ساڵی داهاتوودا ببووژێتەوە و پارتی چەندە پێویستی بە گۆڕان بوو بۆ درووستکردنەوەی باڵانس لە حوکمڕانیدا، یەکێتی لەم قۆناغەدا دووهێندە پێویستی بە پارتییە. پێم وایە عاقڵمەندانی یەکێتیش ئەمە دەزانن، بۆیە لەم هەفتەی فرە گوتەبێژییەیاندا لە هەموویانمان بیست کە هەوڵدەدەن شتێک بڵێن بیسەلمێنێ قومار لەسەر ئەسپی تۆپیوی دووئیدارەیی ناکەن و دەشزانن ئەوەی پاش شازدەی ئۆکتۆبەر دکتۆری ئینقاز بۆی نەکرا، ئەوان تازە هەر پێیان ناکرێ.
ڕاستییەکەی من گەشبینم کە ئەو تێگەیشتنە وابکات بەزوویی لەگەڵ پارتی ڕێکبکەون و خەڵکی سلێمانیش لەم دڵەڕاوکێیە دەربهێنن کە کۆتاییەکەی بۆ خۆیان باش نابێت. ئەوەی ئیشەکەش ئاسان دەکات ڕەنگە ئەوەبێت کە وەک زانیومە یەکێتی دەستی لە پۆستی سەرۆکی پەڕڵەمان هەڵگرتووە و دەیەوێ پاکێجێکی نوێی بۆ دانووستاندن هەبێ کە بەشی هەموو باڵەکانی تێدا بێ.
ڕاستییەکەشی بۆ یەکێتی بەشداری لە حوکمڕانیدا وەکوو ئەوە وایە سێ چوار کەس بن و پارچە کێکێکیان لە بەردەم دانرابێ و پێویست بێت بەشی هەموویان بکات. دەبێ پارتی لەوەدا هاوکاریی یەکێتی بکات کە بەشە کێکەکەیان وابێت ئەو سێ چوار کێکخۆرە ڕازی بکات. بەڵام نابێ واش بکات بۆ ڕازیکردنی جەلالییە نوێیەکان لەو بەشە کێکەی بۆ گۆڕانی داناوە، پارچەیەک هەڵگرێتەوە. [1]