ناونیشان: شیعە باشترە یان سوننە؟
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #01-06-2015#
ئەو مەرگەساتانەی لە سەت ساڵی ڕابردوودا لە ئێراق بەسەر کورد هاتوون، هەموویان لەسایەی حوکمڕانیی عەرەبی سوننەدا بوون. ئەمەش لەکاتێکدایە کە لەسایەی دەیەیەک فەرمانڕەوایی عەرەبی شیعەدا مەرگەساتمان بەسەر نەهاتن، تەنیا برسی کراین و فێڵ و بێبەڵێنیی سیاسیمان بەرانبەر کرا. تەنانەت ئەو هەڵانەی مالیکیی شیعەش، وەک سەرۆکوەزیران کردی، دەرهاویشتەکەی ئەوەبوو کە #داعش#- بە سەرکردایەتی خەلیفەیەکی عەرەبی سوننە- کۆمەڵکوژی کردین و کچەکانمانی کردە کەنیزەک.
هەرواش بۆ ئاییندە هێندەی پێویستمان بە نێوانخۆشی لەگەڵ عەرەبی سوننە هەیە، هێندە پێویستمان بە عەرەبی شیعە نابێت.
دەزانم قسەیەکی دووبارە دەکەم کە بڵێم: ئێراق تازە گوزەشت و جارێکی دیکە نایەتەوە. مادام واشە ئەمڕۆ یان سبەی دەبێ پێکهاتەکانی ئێراق پەنا بۆ بژارە واقیعیەکە ببەن کە جیابوونەوەیە. ئەوکات لە کوردستان بەفەرمی دەکەوینە بەردەم ئەو واقیعەوە کە نزیکەی ساڵێکە بەنافەرمی هەیە: زۆرتر لە هەزار کیلۆمەتر سنوورمان لەگەڵ دەوڵەتێکی نوێدا دەبێت کە عەرەبی سوننە حوکمی دەکەن. دەوڵەتێک کە قووڵایی ستراتیژیی دەبێ و هاوسنوورە لەگەڵ سعودیە و ئوردن. هەروەها تورکیاش، کە لەوسەرەوە هاوسنوورمانە، لە کێبڕکێی ڕێبەریکردنی جیهانی سوننەدا پێویستی پێیەتی و پشتیووانیی دەکات.
لەو واقیعە نوێیەدا #هەولێر# دەتوانێ بەئاسانی ڕەچاوی مافی ئەو شیعانە بکات کە لە ناوچە تازە گەڕاوەکاندا نیشتەجێن. ئەوان نزیکەی ساڵێکە لە ناوچەکانیاندا لەژێر فەرمانڕەوایی دیفاکتۆی کوردستاندا دەژین و دەزانن ئەزموونێکی سەرکەوتووە. بۆیەش لەگەڵ ئەو دەوڵەتە شیعەیەی لە قۆناخی پۆست- ئێراقدا درووست دەبێت، کوردستان کێشەیەکی وای نابێت. لە هەمووشی گرنگتر کێشەی بودجەبڕین و نەوتفرۆشتنی نامێنێ! هەژموونی ئێرانیش بەسەر کوردستانەوە لەجیاتی ئەوەی زۆرتر بێت کەمدەبێتەوە و ئەم جارە دەوڵەتی کوردستان هەژموونی بەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەبێت.
هەر لەو واقیعە نوێیەدا کە دەبێتە قۆناخی پووکانەوە و نەمانی داعش بە پێناسەکەی ئێستایەوە، کورد لەگەڵ سوننە لە ناوچە تازە گەڕاوەکاندا هەندێک حیساب و کیتابی یەکلایینەکراوەی دەمێنن. گرنگترینیشیان کێشەی خاکە. بۆ نموونە حەویجە کە خاکی باشووری کوردستانە، تازە لەدەست دەرچووە و ناکرێت بە دانووستاندن لە دەوڵەتە سوننەکە داببڕێندرێت و بگەڕێندرێتەوە سەر کوردستان. بۆیە ناچار دەبین سازشی لەسەر بکەین. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ ئارامیی سنوورەکانمان بەدرێژایی زۆرتر لە هەزار کیلۆمەتر دابین بکەین.
لەو واقیعە نوێیەدا تورکیا هەژموونی دەمێنێ و هەولێر دڵی بەوە خۆشە کە فەرمانڕەوایانی ئێستای ئەو دەوڵەتە دژی پڕۆژەی دەوڵەتی کوردستان نین، بەڵام بەبێ ڕازیکردنی سعودیە و ئوردن، دەوڵەتی کوردستان ناتوانێ ئاییندەیەکی بێ شەڕی لەگەڵ هاوسێ سوننە نوێیەکەی هەبێت. بۆیە لە قۆناخی داهاتوودا یەکێک لەو تەحەدایانەی بۆمان دێتە پێشەوە، ئەوەیە کە چۆن بتوانین ئەو مێژووە خوێناوییەی لەگەڵ عەرەبی سوننەدا هەمانە، لەبیربکەین و هاوسێی چاک بین. بەتایبەتیش کە ئێستا نزیکەی ملیۆنێک عەرەب-ی زۆرینە سوننە لە کوردستان پەنادراون، ئایا لە واقیعە نوێیەکەدا دەبنە فاکتەری نێوانخۆشیی دوو دەوڵەتەکە یان سەرئێشەیەک دەبن کە پێویست دەکات بەهۆیانەوە کوردستان پەڕۆی گەورە لەسەری ببەستێ؟
[1]