ناونیشان: دەمیرتاش ئۆباما بێ یان لینکۆڵن؟
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #08-11-2016#
دەستگیرکردنی دەمیرتاش و هاوڕێکانی موفاجەئەیەکی سەیر نەبوو. بەپێچەوانەوە زۆریش دواکەوتبوو. ئەردۆغانی پاش کودەتا ئەردۆغانی قۆستنەوەی دەرفەتە بۆ خێراترکردنی جێبەجێکردنی پلانە دیکتاتۆرانەکانی. #هەدەپە# بەو سیاسەتە هەڵەیەی پەیڕەوی کرد، ڕێک ئەوەی کرد کە ئەردۆغان دەیەویست.
درووست ساڵێک لەمەوبەر بهێننەوە بیری خۆتان. حیزبێکی تورکیایی بە ئەجێندای کوردی بووە یەکێک لە گەورەترین حیزبەکانی نێو پەڕڵەمانی تورکیا. کوردی باکوور بۆ دنیایان سەلماندبوو کە نەک هەر تورکی شاخی نین، بەڵکوو ئەگەر دەرفەتی سیاسییان بدرێتێ ئۆبامای کوردییشیان لەنێودا هەڵدەکەوێ.
ڕاستە ئەوە ئاکەپە و ئەردۆغان بوون کە زەمینەی ئەو هاتنەپێشەوە نوێیەیان بۆ کورد لە تورکیادا ڕەخساند، بەڵام قازانجی گەورە #پەکەکە# دەیکرد. چونکە بە دنیای دەسەلماند تەڤگەرەکەیان هی کۆمەڵێک تیرۆریست نییە کە تەنیا کوشتن و بڕین و تەقاندنەوە دەزانن. بەڵکوو هی ئەوانەشە کە دەزانن لە جڤاکێکی سیڤیلدا کاربکەن.
ئەم گۆڕانکارییە نوێیە بەشێکی گرنگی بەرهەمی بەخۆداچوونەوە و سەرلەنوێ خوێندنەوەکانی #عەبدوڵڵا ئۆجەلان# بوو. ئەوەی تێشیدا زیانی پێدەگەیشت سێ گرووپ بوون: فەتحوڵڵاچییەکان و باڵی شەڕانیی نێو ئەردۆغانچی و ئاپۆچییەکان. هەڵبەت لەوانیش لەسەرتر هێزی وەک ئێرانیش هەن کە بەرژەوەندییان لە سەقامگیربوونی تورکیادا نییە و هاوکاریی هەر هێزێک دەکەن ئەو ناسەقامگیرییە گەرەنتی بکات.
سەرکردەیەکی پێشووی پەکەکە بۆی باسکردم کە لە ساڵی 1999دا یەکێک لە داواکارییەکانی ئێران لە پەکەکە ئەوەبوو پاش گیرانی ئۆجەلان، دەست بە شەڕی شارەکان بکەن. واتە هەمان ئەو شەڕی خەندەقانەی لە دوو ساڵی ڕابردوودا چەندین شاری باکووری وێران کرد و دەستکەوتێکیشی نەبوو.
دەگەڕێمەوە بۆ ساڵێک لەمەوبەر. هەدەپە بەو دەستکەوتە سیاسییە گەورەیەی لە ڕێگەی سندووقەکانی دەنگدانەوە بەدەستی هێنا، لەلایەن زۆر دۆستییەوە هاندەدرا بچێتە نێو حکومەتێکەوە لەگەڵ ئاکەپەیەک کە چیدیکە نەیدەتوانی حکومەتی زۆرینە درووست بکات. ئامانجەکە ڕوون بوو: ئەو کوردەی جاران لە تورکیا دان بەوەدا نەدەنرا کە هەیە، دەبووە بەشێک لە حوکمڕانیی هەمان تورکیا.
ئەوکات ڕێبەرە مەعنەوییەکەشی نەدەکرا چیدیکە لە زینداندا بمێنێتەوە. پاساویش نەدەکەوتە دەست ئەردۆغان ئەوەی بەسەربهێنێت کە بەسەری هێنا. قسەکەش لەسەر ئەوەیە کە مادام پەکەکە دەستی لە شیعاری سەربەخۆیی هەڵگرتووە و هەدەپە خۆی وەک حیزبێکی تورکیایی نەک کوردستانی دەناسێنێت، کەواتە بۆ دەبێ دەرفەتی بەشداری لە حوکمڕانیدا ڕەتبکاتەوە؟
هەدەپە و دەمیرتاش درووست بەپێچەوانەی ئەوە کاریان کرد کە لە سەردەمی خۆیدا ئابراهام لینکۆڵن لە ئەمریکا کردی. ئەو ڕێبەری گەورەترین پارتی وڵاتەکەی بوو، بەڵام کاتێک کار گەیشتە سەر ئەوەی ئامانجە گەورەکەی، کە بریتی بوو لە ڕەتکردنەوەی کۆیلەداری، بکاتە کردار، تووشی بەرهەڵستیی سەرکردەکانی نێو پارتەکەی بوو.
ئۆجەلان و هەدەپە و دەمیرتاشیش هەمان شتیان لەگەڵ #قەندیل# بەسەرهات. بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە لینکۆڵن لە حیزبەکەی هاتە دەرەوە و حیزبێکی نوێی درووستکرد کە تاوەکوو ئەمڕۆش یەکێک لە بەهێزترین حیزبەکانی ئەمریکایە و سەرۆکی وەک جۆرج بووشی باوک و کوڕی لێوە هاتوون و ناوی پارتی کۆمارییە. کەچی حیزبەکەی پێشووی لە هەشتسەدەکانەوە نەما و باجی هەڵەی سەرکردەکانی دا.
ئۆجەلان و دەمیرتاش بوێریی لینکۆڵنیان پێویست بوو و پێویستە بۆ ئەوەی ئامانجە گەورەکەیان بەو ڕێگە ڕاستەی گرتبوویانە بەر وەدی بهێنن، نەک گیرۆدەیی بەدەست بڕیاری ئەو قەندیلەوە کە ئەزموونی یەک ڕۆژیش حوکمڕانی و خەباتی مەدەنیی نییە. بۆیەش بە بڕیاری هەڵە بیانووی دایە دەست دیکتاتۆرە نوێیەکەی تورکیا تا ئۆبامای کورد بخاتە زیندانەوە. [1]