ناونیشان: #کەرکووک# نامانسووتێنێ
نووسەر:#هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون:#10-10-2017#
ئێمە هەمیشە لەنێوخۆماندا گوتوومانە نەوتی کەرکووک کوردستانی سووتاندووە، بەڵام ئەم جارە مێژوو ئەوە دەنووسێتەوە کە ئەوەی ناهێڵێ پاش گشتپرسی زیانی گەورەمان لێبدرێ و ڕەنگە بەپێچەوانەشەوە بەهێزترمان بکات، نەوتەکەی کەرکووکە. ئەو نەوتەی ئەمریکا و ڕووسیا و کوردستان و لە کۆتاییدا تورکیاش لەسەر یەک مێز کۆدەکاتەوە بۆ نۆشکردنی پێکی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان.
لە گەرمەی ناڕەزایەتییەکانی ئێراقدا لە سیاسەتی سەربەخۆی وزەی هەرێمی کوردستان، کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل، کە بە ڕێکەوت هەمان ئەو ڕێکس تیلەر#سنە# بەڕێوەبەری بوو ئەوەی ئێستا وەزیری دەرەوەی ئەمریکایە و نامەی شەخسیی بۆ بارزانی ناردبوو تا گشتپرسییەکە نەکرێ و دوابخرێ، لە کەرکووک و باشیک و ئەو ناوچانەی دیکە کە بە ناکۆکی لەسەر دەناسرێن، وەبەرهێنانی گەورەیان کرد. ئێستا ئەو ناوچانە ئارامن و کاری ئیکسۆن مۆبیل و کۆمپانیاکانی دیکەش لەو ناوچانەدا بە ڕێکوپێکی بەڕێوەدەچن. ئەگەر حەشد هێرش بکاتە سەر باشووری کوردستان، ئەمریکا دەبێ بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی وڵاتەکەی و مەڵتی ناشناڵێکی وەک ئیکسۆنیش لەو ناوچانە بپارێزێت.
ئەمەش تووشی شەڕێکی نەخوازراوی دەکات کە ئێستا هیچ پێویستی پێی نییە. بەڵام ئەوە تەنیا ئەمریکییەکان نین کە لەو ناوچانە لەگەڵ #هەولێر# چوونەتە یەک کەشتییەوە و ڕێککەوتنی وزەیان واژۆ کردووە. ڕۆسنەفت بەنموونە هەر لە بواری نەوتدا نا، بەڵکوو لە بواری غازیشدا ڕێککەوتنی هەیە و پارەی پێشوەختیشی داوە. بۆیە تێکدانی ئارامی و ئاساییشی ئەو ناوچانە لەلایەن حەشد و ئێرانەوە لە بەرژەوەندیدا نییە و ناشیەوێ ڕووبدات.
ئارگومێنتی ئەمریکا و بەریتانیا و وڵاتانی دیکەش بۆ دواخستنی گشتپرسیی کوردستان ئەوەبوو کە بەوهۆیەوە پشێویی نوێ درووستدەبێت و فۆکەس لەسەر شەڕی #داعش# نامێنێت. مانای سادەی ئەم قسەیە ئەوەیە کە لە ناوچە دابڕاوەکاندا #حەشدی شەعبی# و هێزە ئێراقییەکانی دیکە هێرش دەهێننە سەر پێشمەرگە و بەوهۆیەوە شەڕ درووستدەبێت. ئەوکات هێزەکانی هاوپەیمانان کە بنکەیەکی سەرەکیی هەماهەنگییان بۆ شەڕی دژی داعش لە سووریا و ئێراق لە شاری هەولێر هەیە، ناچاردەبن لەجیاتی داعش خەریکی حەشد و پێشمەرگەش بن. ئەمە بێگومان خراپە و ئەمریکاش و دەوڵەتەکانی دیکەش بیر لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەکەنەوە، کە بریتییە لە زووتر تەواوبوونی شەڕی داعش و بە سەرکەوتوویی دەرچوون لێی. چونکە نابێ لەبیرمان بچێ لە بیست ساڵی ڕابردوودا کەم ئەزموونی جەنگی هەیە ئەمریکا بەسەرکەوتوویی لێی هاتبێتە دەرەوە. نموونەی ئەفغانستان و ئێراق هەن.
بۆیە بەمدواییە سەرکەوتنەکان لە دژی داعش هەم لە موسڵ و هەم لە ڕەققەش، کە لە هەردووکیاندا ئەمریکا سپۆنسەر بوو و لەنێو ڕای گشتیی ئەمریکاشدا برێت مەکگورکی ئەمریکی شاسواریان بوو، نەدەکرا بە جووڵەیەکی نەخوازراوی کوردە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لەبارببردرێت.
ئەو گشتپرسییەی کردمان بەشێوەی سەرەکی لەسەر کەرکووک بوو. ڕاستە هەموو باشووری کوردستان بەشداریی تێدا کرد، بەڵام چارەکە سەدەیەک بوو ئەو شوێنەی ناوی نرابوو هەرێمی کوردستان، چەند هەڵبژاردن و گشتپرسییەکی تێدا کرابوو، ستاتووە کوردستانییەکەی سەلمێنراو و دانپێدانراو بوو.
کێشەکە کەرکووک بوو، کە بەر لە هاتنی داعش نیمچە قەناعەتێک درووست ببوو کە تازە ناگەڕێتەوە سەر کوردستان و ناچارین بەو ڕەوشی دیفاکتۆیە ڕازی بین کە کەرکووک حاڵەتێکی تایبەتی هەبێت لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی ئێراقدا. خۆ بۆ گشتپرسیی ئەمجارەش ئەگەر بەوە ڕازیباین کە بەبێ کەرکووک بیکەین، نە ئەو گەمارۆیانەی ئێستامان لەسەر دەبوو، نە ئەو کاردانەوە تووندە نێودەوڵەتییەش (بەوەی تورکیا و ئێرانیشەوە) بۆ گشتپرسییەکە دەبوو. لەوەش واوەتر بەبێ کەرکووک تەنانەت سەربەخۆیی کوردستانیش خێراتر دەبوو. [1]