یەکەم هەنگاو بۆ چارەسەرکردنی بەرزبوونەوەی چەورى خوێن بریتییە لە خواردنێکی تەندرووست و کەم چەوری، خواردن پەیوەندییەکی پتەوی بە ئاستی کۆلیسترۆڵی خوێنەوە هەیە، هەندێ خواردنی تەندرووست بەقەدەر بەکارهێنانی دەرمان سوودی دەبێت، دکتۆر داهات حەوێزی، پزیشکی پسپۆری هەناوی و شەکرە چەند ڕێنماییەکی بڵاوکردووەتەوە بۆ چارەسەری چەوری خوێن.
گرنگیدانی تایبەت بە سەوزە (وەکو خەیار و کاهو و کەلەرم و گێزەر) و میوەکان (بەتایبەتی سێو و هەرمێ و مزرەمەنیەکانی وەکوو پرتەقاڵ و لیمۆ) و دانەوێڵەکانی وەکوو نۆک و بازیلا و پاقلەمەنیەکان زۆر بەسوودە بۆ هێنانە خوارەوەی ئاستی چەوری خوێن، هەروەها خواردنی چەرەزاتی وەکوو گازۆ، فستەق، عەلی بابا و گوێز زۆر بەسوودە (بەڵام گوڵەبەڕۆژە چەوری خوێن زیاددەکا).
وا باشە نەخۆشەکە زۆربەی خواردنەکانی کوڵاو بێت و دوربکەوێتەوە لە خواردنەی سوورەکراو و لەفە و پیتزا.
بۆ گۆشتیش پێویستە زیاتر گۆشتی ماسی و گۆشتی مریشک بخورێت. گۆشتی سوور بە کوڵاوی یان بە برژاوی باشترە.
بۆ دابەزاندنی ئاستی چەوری خوێن وا باشە وەرزشێکی ڕێکوپێکی بەردەوام بکرێت، جوڵەی ئیش کردن زۆر کاریگەر نییە بۆ دابەزاندنی چەوری، بەڵکوو ڕۆیشتن یان جوڵە بەشێوەیەک بێت کە کەمێک خێرا بڕوات تا لێدانی دڵی زیادکات و کەسەکە هیلاک بێت و ئارەقە بکاتەوە ئنجا سوودی دەبێت، یاخود هەر وەرزشێکی تری وەکوو جیهازی وەرزشی ناو ماڵ، مەلەکردن، ڕاکردن، یاخود بەشداری کردن لە هۆڵی وەرزشی سوودی زۆری دەبێت بۆ توانەوەی چەوری.
دەرمانی دابەزاندنی چەوری خوێن کاتێک بەکاردێت کە کەسەکە ئاستی چەوری خوێنی زۆر بەرزبێت یاخود نەخۆشی دڵ یان شەکرەی لەگەڵدا بوو، یان دوای ماوەیەکی زۆر لە پارێزی خواردن و وەرزشکردن ئاستی چەوریەکە هەر دانەبەزی، پێویستە لەگەڵ بەکارهێنانی دەرمانەکەش، نەخۆشەکە لەسەر پارێزی خۆی هەر بەردەوام بێت. دەرمانەکان بە پێی جۆری چەوریەکە و ڕێژەی چەوریەکە و نەخۆشییە درێژخایەنەکان ئەگۆڕێت.
لە حاڵەتى دەگمەنى بەرزبوونەوەی چەورى سیانی ئەگەر بە حەب چەوریەکە دانەبەزێت نەخۆشەکە پێویستی بە غەسلی خوێن دەبێت. [1]