بەچی قەرەبووی زیانەکانی مەرگەساتی ئەنفال دەکرێتەوە؟
گەلی خۆڕاگری کوردستان!
ڕزگاریخواز و سەربەخۆخوازان!
بنەماڵەی سەربەرزی ئەنفالکراون!
ڕژێمی بەعس هەر لە سەرەتای داگیرکردنی کورسی دەستەڵات لە بەغدا، نەهێشتنی نەتەوەی کوردی کردە ئامانج، بەڵام لە توانایدا نەبوو بە خێرایی کردەی ڕەشەکوژی دژ بە کورد بەڕێوەببات، بۆیە لە سەرەتای ساڵی 1970، بە بیانۆی ئەوەی کە ڕەچەڵەکی کوردە فەیلییەکان ئێرانییە، ئیدی نزیکەی چل ھەزار کوردی فەیلی ڕەوانەی ئێران کردەوە. لە بەردەوامی سیاسەتی دژ بە کوردە فەیلیەکاندا، لەساڵی 1980 بەپێی بڕیاری 666 مافی ھاووڵاتیبونیان لێسەندرایەوە و لە رۆژی 26-2-1981 سەدام حوسێن، مەرامی ڕەگەزپەرستیی خۆی ئاشکرا کرد و فەرمانی دا کە: 'فەیلیەکان لەعێراق ریشەکێش بکەن، تاوەکو خاک و ھەوای عێراق پیس نەکەن'، دوای ئەم فەرمانەی سەدام حوسێن، دەست بە گرتنی گەنج و لاوانی کوردی فەیلی کرا و چەندین هەزار شوێنبزرکران، دواتر زیاتر لە دوو سەت هەزار کەسی دیکەشیان بە زۆرەکی ڕەوانەی ئێران کرد. دوو ساڵ دواتر، ڕژێمی بەعس تاوانی ئەنفالکردنی بارزانییەکانی دەستپێکرد، لە ڕۆژانی 29 و 30- 7- 1983 ژمارەیەک کەسایەتی بەرجەستەی ناوچەی بارزان دەستگیرکران. لە ڕۆژی 31-7-1983 بارزانییەکانی ئۆردووگەکانی ”قودس و قادسیە” ئەنفال کران، پاشان لە ڕۆژی 10-8-1983 بارزانیانی ئۆردووگەکانی ” ھەریر، بەحرکە و دیانا” ئەنفالکران، مخابن بە تێکڕایی هەشت هەزار پیاوی بارزانی ڕاپێچی بیابانەکان کران و زیندەبەچاڵ کران.
ڕژێمی بەعس ڕەشەکوژیی گەلی کوردستانی کردبووە ئامانج، بۆیە لە 16ی نیسانی 1987 گوندەکانی بالیسان و شێخوەسانانی کیمیاباران کرد، کەچی ئەوێ ڕۆژێ جیهانی بەرژەوەندخواز چاوی داخست و خۆی کەڕ کرد؛ ڕژێمی بەعس ئەمەی بە دەرفەت زانی و لە 23ی شوباتی 1988 وەک قۆناغی یەکەم، بە شێوەیەکی بەرفراوان پەلاماری گوندەکانی دۆڵی جافایەتی دا و ڕۆژی 16ی ئازاری 1988یش ژەهری کیمیاوی بەسەر دانیشتوانی شاری هەڵەبجەدا باراند و زیاتر لە پێنج هەزار کوردی لاشەڕی شەهید کرد و زیاتر لە دە هەزاری دیکەیشی بریندار کرد. زۆر بەداخەوە دونیای بەرژەوەندخواز وەدەنگ نەهات، بۆیە ڕژێمی بەعس درێژەی بە پڕۆسەی ئەنفالکردنی کوردستانیان دا، لە هەشت قۆناغدا زیاتر لە 182هەزار کوردی لاشەڕی ناوچەکانی گەرمیان، هەولێر و بادینان ئەنفالکران و لە گۆڕی بەکۆمەڵی بیاباندا زیندە بەچاڵ کران. هەر لە درێژەی ئەنفالکردنی کورداندا ڕۆژی 3-8-2014 ڕێکخراوی دڵڕەشی داعش پەلاماری شنگال و دەڤەری ئێزدییەکانی دا و هەزاران پیاوی ئێزدیان زیندەبەچاڵ کرد و بە هەزاران کچ و ژنیان ئەنفال کرد.
ئەمڕۆ کە باسی ئەنفالکردنی کوردستانیان دەکرێ، مەرگەساتێکی مرۆیی و پڕۆسەیەکی جینۆسایدکردن ئاشکرا دەبێ، بەڵام زیانەکانی ئەو تاوانە هێندە گەورەیە بە هیچ شێوەیەک قەرەبوو ناکرێتەوە، تاکە شتێک کە بتوانی دڵی بنەماڵەی قوربانییان ئارام بکاتەوە، یەکخستنەوەی نێو ماڵی کوردەوارییە، کە ئێستا هاوێر و پەرتەوازەیە، بۆیە ئێمە خوازیارین کە هێزە سیاسییەکانی کوردستان ناکۆکی و ململانێی تەسکی حزبایەتی وەلا بنێن و یەک دەنگ و یەکهەڵوێست لە خەمی پاراستنی قەوارەی هەرێمی باشووری کوردستان دابن. هەروەها خوازیارین کە ئیدی سیاسەتی هاوێرکردن و پەڕاوێزخستن کۆتایی پێبهێنرێ و ماف و ئازادییەکان بۆ خەلکی کوردستان مسۆگەربکرێن و بژێوی خەڵک باشتر بکرێ. هەر لەم پێوەندەدا ئێمە داوااکارین کە حکومەتی عێراق قەرەبووی بنەماڵەکەی قوربانیان بکاتەوە و حکومەتی هەرێمیش ژیانێکی شایستەتر بۆ بنەماڵەی قوربانیان دابین بکات.
سڵاو لە گیانی پاکی ئەو مرۆڤانەی کە لەبەر ناسنامەی کوردبوون، ئەنفالکران.
نەفرەت لە دیکتاتۆر و ملهوڕان.
1- حزبی ڕزگاریی کوردستان.
2- پارتی ناوەندی کوردستان
3- بزووتنەوەی نوێبوونی کوردستان.
4- حزبی کڵپەی نیشتمانی کوردستان.
5- پارتی گەشەپێدانی نیشتمانی.
03-08-2022
[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!