ناونیشان: بۆچی تائەمڕۆ خوێنی حسێن هەر دەست سووردەکات؟
نووسەر: #ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ڕۆژی دەرچوون: #29-07-2023#
شتێک هەیە دەبێت ڕوون بێت، موئامەرەی مێنتاڵیتی بەنی ئومەیە و بەدیاریکراویش چەپۆکی تەوریسە سیاسییەکەی موعاوییەی کوڕی ئەبوسوفیان تا ئەمڕۆش لەسەر خانەوادەی پێغەمبەر و ویلایەتەکەیان بەردەوامە. ئەم موئامەرەیە لە حسێنەوە دەستپێناکات، بەڵکوو ڕیشەیەکی کۆنتری هەیە و بەدیاریکراوی بۆ ڕۆژی وەفاتی پێغەمبەر د.خ دەگەڕێتەوە، مەسەلەی مانەوەی تەرمی پێغەمبەر د.خ و نەناشتنی و نزیکبوونەوەی لەوەی تێکبچێت چ پاساوێک هەڵدەگرێت جگە لە داننان بەوەی ناکۆکییەک هەبووە؟ دواتر لە جەنگی صەفیندا کاتێک معاویە دەست بەسەر بیرە ئاوەکاندا دەگرێت و ئاو لە عەلی و سوپاکەی دەگرێتەوە و تینوویان دەکات تا ئەوەی شپرەزە دەبن، بەڵام بۆ ڕۆژی دواتر کە عەلی بیرەکانی وەرگرتەوە ئاوی لە سوپاکەی معاویە نەبڕی، پاشتر لە سەردەمی سوڵتەی یەزیدی کوڕدا یەکەم کارێک کە کرا هەمان ئاو لەسەر بنەماڵەی حسێن گیرایەوە. سوپا سی هەزار چەکدارەکەی یەزید ئاوی لەسەر 51 ژن و منداڵ و ساوای لەو بیابانە لەسەر بنەماڵەکەی پێغەمبەر بڕی و بەشێکیان لە تینوێتیدا خنکان. غەزالی دەڵێت ڕۆژی کوشتنی حسێن ڕۆژی توڕەیی خودایە بۆ سەر زەوی، سیویطی لە مێژووی خەلیفەکاندا دەڵێت: چیرۆکی کوشتنی حسێن چیرۆکێکە چزە لە دڵ دێنێت و هیچ دڵێک بەرگەی باسکردنی ناگرێت.
ئەمڕۆش هەروەک دوێنێ حسێن و خانەوادەی پێغەمبەر لە دوو سەرەوە هەر لێیان دەدرێت. سەرێکی سەلەفیی وەهابی و سەرێکی شیعەی ڕافیزی. ئەم چەقۆ دووسەرە ناهێڵێت ئەو ستەمە ببینین کە لە مێژوودا لە خۆشەویستترین کەسی پێغەمبەری دینێک کراوە.
سەرە وەهابییەکە پێی وایە یەزید سەحابییە، سوڵتە چڕنوکگرەکەی وەک خیلافەت و شورا دەبینێت، مپێی وایە کارێکی چاکی کردووە، گەر بە زوبانیش نەیڵێت دڵی بە سەربڕین و تینوکردنی 51 ژن و منداڵ داناچڵەکێت، بە قەولی پێغەمبەر د.خ خیلافەتە چڕنوکگرەکەی معاویە ملک عضوض بە شەرعی دەبینێت، ڕقەکەیان ئەوەندە ئەستوورە تەنانەت ئەو فەرموودانەی کە ڕاوییەکانیان عەلی و حەسەن و حسێنە لە پەرتووکە موعتەبەرەکانی ئەماندا ناگەنە پەنجا حەدیسێک، لەکاتێکدا 3870 حەدیس لە کەسێکی وەک ئەبوهورەیرەوە ڕیوایەت دەکرێت کە دەکاتە 2.78% ی کۆی هەموو حەدیسەکانی پێغەمبەر. ئەمە لەکاتێکدایە پێغەمبەر هەندێجار و بە هۆکاری زۆر سەردانیکردن و موزاحیم بوون بە ئەبوهورەیرەی گوتووە زُر غبا تزدد حبا کەمتر وەرە با خۆشەویستیمان بۆ یەک زیاد بکات و تینووی یەکتر ببین، بەڵام هەرگیز شتێکی وای بە حەسەن و حسێن نەگووتووە هەمیشە موراحیم و سەکینەت بوون بۆی و هەرگیز تینویەتی لێیان نەشکاوە.
ئەم سەرە وەهابییە ڕیشە ئەمەوییە بە جۆرێک دەیانەوێت لە شان و تراژیدیای شەهیدکردنی حسێن کەم بکەنەوە و دیزەبەدەرخۆنەی بکەن هاتوون دەیان ڕیوایەتی ڕاست وناڕاستیدان لەسەر عاشورا داوەتە دەم یەک و جەختی لێدەکەنەوە کە ئێمە تێیدا دەبێ جەژن بگێڕین، شاد بین و پێبکەنین و بەڕۆژوو بین، بۆچی؟ چونکە لەو ڕۆژەدا خودا موسای لە دەست فیرعەون ڕزگار کرد، بەڵام هیچ ڕیوایەتێک لەسەر ڕزگاربوونی عیسا لە لەخاچدان نییە، کە گەر لە ڕزگاربوونی موسا لەدەست فیرعەون زیاتر نەبێت کەمتر نییە. نەک هەر ئەوەندە ئەوان یادکردنەوەکانی میعراج و بەرات و ڕەغائیب و مەولود بە بیدعە دەزانن کە گرنگترین ڕۆژ و شەوەکانی پێغەمبەر بوون د.خ، بەڵام بۆ ڕزگاربوونی مووسا و گەلە سەرکەشەکەی جەژن دەگێڕن! ئەمە لەکاتێکدایە ئەو گەلە هیچیان سیفەتی مەعییەتیان بۆ موسا نەبوو، لە لێواری نیل موسا لە بەرانبەر گومانی جووەکاندا وتی ان معی ڕبی سیهدین نەیوت معنا. سیفەتی مەعییەتیان نەبوو.
سەرە شیعەکەش تەواوی هێزی شیعری و بەیانی و عاتیفەیی و میوزیکی و لەخۆدانی خۆی بەکاردەهێنێت بۆ لەکارخستنی عەقڵ و ئاڕاستەکردنی ئەو خوێنە و مەزڵومیەتەکەی بۆ ئەژێندای جەهەننمی سیاسی مەبەستدار، بێ خەبەر لەوەی هیچ شارستانییەت و ئەژێندایەک بەبێ عەقڵ سەرناگرێت. لە باشترین دۆخدا ئێران و حەسەن نەسروڵا و موقتەدایەک درووستدەکات بۆ چەپاندن و درووستکردنی ویلایەتی سیاسی وەلی خوا. ئەم جۆرە لە تەوزیفکردنی خوێنی حسێن و دنەدانی عاتیفەیی ئەو خوێنە بۆ مەرامی سوڵتەوی و سیاسی دکتۆر عەلی شەریعەتی ماستەر مایند و درووستکەرێتی. ئێمە هەزار ساڵە لەگەڵ دیمەنی یادکردنەوەی شیعەکاندا ڕاهاتووین بەڵام سەد ساڵێکە ئەم یادکردنەوەیە وەزیفەدار دەکرێت بۆ تۆڵەکردنەوە لە خوێنێک کە لە مێژوویەکی زۆردووردا بەجێماوە و ئیدی بۆ ئەمڕۆ جگە لە شینێکی کوشندە هیچی نوێی بۆ ژیان و ژیانسازی پێ نییە. دەیان وڵات لەژێر فشاری ئەم ئەژێندای ئایدیۆلۆژاندنەدا بوونەتە سوتماک، تەماشای یەمەن، سووریا، لوبنان، ئێران، ئێراق و بەحرەین بکە!
ئەمڕۆ جارێکی دیکە خوێنی حسێن لەنێوان فێڵ و زۆرزانی و ساختەچێتی سونیزمی وەهابی و کڵپەی عاتیفەی مەبەستدار و ئاڕاستەکراوی ناعەقڵانی شیعیزمدا دەبێتەوە بە قوربانی، ئەم دووبەرەیە بوونەتە مەزهەری تەجەللی ئایەتی غیر المغضوب علیهم ولا الضالین بۆ نوێژخوێنانی ئەمڕۆی دونیای ئیسلام.
چارەسەر چییە؟
ئەم ڕووداوە دەبێت لە چوارچێوە مێژووییەکەیدا تەماش بکرێت، نەگوازرێتەوە بۆ ئێستا، ئەوەی لە ئێستادا موسوڵمانی ئیماندار و بێ ئایدۆلۆژیا و پێویستی پێیەتی لەم حیکایەتە مێژووییە ئەوەیە:
-موسوڵمان مل نەدات بۆ ستەم و ستەمی زاڵم هەرچەندە زاڵمەکە بەهێز بێت.
-هیچ شتێک وای لێنەکات لایەنی مەزڵوم بەردات و بچێتە بەرە زاڵمەکەوە، بە بێ چاوەڕوانی ئەوەی ئەنجامەکەی چی دەبێت.
-خوێندنەوەی ڕووداوی مێژوویی لە سیاقی مێژوویی خۆیدا، نەپێوانی مەنی مێژوویەکی هەزار ساڵە بە گەزی ئەمڕۆ.
-تەحریف نەکردن و تەدلیل نەکردنی مەسەلە مێژووییە خیلافییەکان، بۆ مەرامی سیاسی و سوڵتە.
-هەوڵنەدان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشە خیلافیانە وچاوەڕوانیکردنی خیلافی زیاتر، چاوەڕوانی و ویستی یەکجۆری و هەڵگرتنی خیلاف و جیاوازی ویستێکی نەزۆک ئاکامەکەی سەری لە هیچەوە دەردەچێت، ئەم باسانە باسەگلێکی هەزار ساڵەن، ڕەگەکانیان لە قوڵای مێژووەیەکی دوور و شوومەوە ئاو هەڵدەگۆزن و وا دیارە تا قیامەتیش هەر بەردەوام دەبن، قەبوڵکردنیان وەک دیاردەی خیلافی مرۆیی و سرووشتی مرۆڤانەی مرۆڤ باشترین بژاردەیە.
-قەبوڵکردنی ئەوەی لە مێژووی ئیسلامدا لایەنێک کودەتای کردووە بەسەر شەرعیەتی شورادا، لایەنی کودەتاچی هیچ دەلیل و پاساوێکی پێ نییە بۆ کارەکەی و هیچ دەلیلێکیشمان نییە ئەوانە لە قورئاندا پارێزبەندییان هەبێت چونکە نە لە موهاجیرینن، نە لە ئەسحابی بەدرن و نە لە بەیعەتی ڕیضوانیشن. معاوییە و یەزید موسوڵمانی ما بەعدەلفەتحن. بەگوێرەی تێرمینۆلۆژی قورئان هیچ پارێزبەندییەکی وایان نییە ئێمە نەتوانین ڕەخنەیان بکەین. [1]