یەکێتی ناوەندی شەتڕەنجی ئێراق بە هاوکاری لقی موسڵی یەکێتییەکەی لەو شارە و لەنێو هۆڵی نەینەوا، پاڵەوانێتی شەتڕەنجی قۆناغی کۆتایی ئاستە تەمەنییەکانی لە 6 تا 20 ساڵ بەڕێوە برد.
لەو پاڵەوانێتییەدا و دوایی کێبڕکێ بەهێزەکانی یاریزانانی کوڕان و کچان لە ئاستە جیاوازەکان، دواجار هەریەک لە یاریزانانی تیمی یانەی پێشمەرگە ( ڕەهەند ئاودێر، لە ئاستی 8 ساڵ بۆ کوڕان، ئایلین ئومێد لە هەمان ئاست و تەمەن بۆ کچان و ئەحمەد جەزا لە ئاستی 20 ساڵی کوڕان ) توانیان پلەکانی یەکەم دەستەبەر بکەن.
سەبارەت به و پاڵەوانێتیه و ڕکابەریەکانی قۆناغی کۆتایی زرنگ سەڵاح ڕاهێنەر لە تیمی شەتڕەنجی یانەی پێشمەرگە تایبەت بە پێشمەرگە سپۆرتی ڕاگەیاندوو وتی، ئەم قۆناغە بە بەهێزترین قۆناغی ڕکابەری هەژمار دەکرا بەو پێوانەیەی کە باشترینەکان لە ئاستە جیاوازەکان ڕکابەرییان دەکرد، هەروەک ناوبراو ئاماژەی پێکرد کە لە هەر تەمەنێکی 6 ساڵ، 8 ساڵ، 10 ساڵ، 12 ساڵ 4 یاریزان بۆ کوڕان و 4 یاریزان بۆ کچان ڕکابەرییان دەکردوو لە تەمەنەکانی 16، 18 و 20 ساڵیش زیاتر لە 60 یاریزان بەشدار بوون، ئەو ڕاهێنەرەی پێشمەرگە وتیشی، خۆش بەختانە و لە تەمەنی 8 ساڵی کوڕان و کچان پێشمەرگە یەکەم بووە و لەنێو 60 یاریزانی دیکەی ئاستەکانی 16 تا 20 ساڵیش ئەحمەد جەزای پاڵەوانمان توانی نازناوی یەکەمی لەدەست نەدات.
دواجار ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد کە پاڵەوانانی ئەو پاڵەوانێتییە خەڵات کران و پاڵێوراویش دەبن بۆ هەر پاڵەوانێتییەکی دەرەکی کە ئەنجام دەدرێت.
[1]