ناونیشانی بابەت: پەروەردەی ئێمە و پێشکەوتنەکانی کۆمەڵگا
ئامادەکردن: #لەیلا بەرزنجی#
فایەق سەعید نووسەری کتێبی قوتابخانەکان ڕوویان لە قیبلە نییە، دەڵێت: هەندێک جار وا بیر دەکەمەوە لەوانەیە یەکێک لە بنەما سەرەکیەکانی سیستەمی پەروەردەی ئێمە ئەوە بێت، کە نابێت بەهیچ شێوەیەک توخنی شتی زانستی نوێ بکەوێی، سیستەمی ئێمە بە شێوەیەکی زۆر سەیر لە پێشکەوتنەوە دوورە، حەساسیەتێکی گەورەشی بەرامبەر بە میتۆدێک و دیداکتێک و لێکۆڵینەوەی زانستی هەیە، با ئەم ڕایەی سەرەوە هەندێک وردتر بکەمەوە، هەر لایەنێکی ژیان پشت بە لێکۆڵینەوەی زانستی نەبەستێت بە مردوو دەژمێردرێ، ئەمڕۆش سیستەمی پەروەردەی ئێمە کار لەو بوارە ناکات.
نووسەر لەم کتێبەیدا کە ساڵی (2008) چاپی کردووە، لەبەر ئەوە بەو شێوازە، پەروەردەی ناوزەند کردووە، چونکە پەروەردەی ئەو کاتە لە چوارچێوەیەک لە قاڵب دراوە بە بەراورد بە ئێستا لە گۆشەیەکی تەسکەوە گۆڕانکاری دەکرا، ساڵ بە ساڵ گۆڕانکاریی گەورە دێتە ئاراوە، دەتوانین بڵێین لەم ساڵانەی دوای کۆرۆنا گۆڕانکاریەکی باش کراوە، پڕۆژەی بنیادنانی تواناکان و، لەگەڵ ئەوەشدا دروستبوونی هەندێک کاری سەرپەرشتیاری، کارەکەی چڕ تر کردۆتەوە و، هاتنەناوەوەی کۆمەڵگا و خێزان بە شێوەی کرداری و، بەشدارییان لە پرس و گۆڕانکاریدا و هاوکاریکردنی قوتابخانە، تاڕادەیەکی دەتوانین بڵێین باشە بۆ ئێستا؛ گۆڕانکاری کراوە و بەردەوامیشە، بەڵام هەتا ئێستاش لەو ئاستەدا نیە کە پێویستە هەبێت، بە بەراورد بە وڵاتان.
بەڵێ سیستەمی پەروەردەی ئێمە هەرکاتێک بیەوێ دەرگایەک واڵا بکات بەرەو ڕووی سەردەم و، گۆڕانکاری بکات بۆ هێنانەدیی کەشێکی ئارام و بێوەی، کە بگونجێ لەگەڵ پە ڕوەرەی سەردەم ڕووبەڕوی کۆمەڵێک ڕەخنەی ڕووخێنەری نازانستی دەبێتەوە و، ئامانج لەم کارەشیان وەستاندنی کەسەکانە، کە دەیانەوێت کار بکەن، لەلایەکی تریشەوە ئەوانەی لە جومگەکانی پەروەردەدا کاردەکەن، توانا و قابیلیەتی قبوڵکردنی ئەم کارەیان نیە و، لەگەڵ سەردەمدا ناڕۆن و، بەوە پاساو دەهێننەوە گوایە لەگەڵ کولتوور و عادات و تەقالیدی ئێمەدا ناگونجێ، هەرچەندە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆمان کار کراوە بۆ ئەوەی قوتابخانە، ڕێچکەی سویدی و بەریتانی وەربگرێ، وەبەرهێنان و گۆڕانکاری لە پرۆگرام دەکەن، داڕشتنەوەی بە شێوازێکی نوێ، بەڵام ئەوانەی کە ئەم ئەرکەیان لە ئەستۆدایە و، کەسە لەپێشەکانن کە ڕووبەڕوو دەبنەوە دەڵێن گۆڕانکارییان ناوێت. لەگەڵ ئەوەشدا پرۆگرام و شێوازی وانەوتنەوە کلاسیک و کۆنەکەیان لا گرنگە و، ناتوانن لەگەڵ سەردەمدا بڕۆن، بۆ ئەوەی بمانەوێت لە ڕیزبەندی وڵاتە پێشکەوتووەکاندا بین، دەبێت گۆڕانکاریی بنەڕەتی و ڕیشەیی لە باخچەی ساوایانەوە دەست پێ بکات، چونکە ئەو خونچانەی لەو باخچەیەوە ئاراستە دەکرێن ئەوان یەکەم بەرهەمن، کە کۆمەڵگای لێ پێک دێت و، بە جومگەکانی تری کۆمەڵگا دەچێتە خوارەوە بیرۆکەی داهێنەرانە لەوانەوە سەرچاوە دەگرێت، هەر ئەم هۆکارەیە وا دەکات کە بەشێک بین لە ڕیزبەندی وڵاتە پێشکەوتووەکان، لە هەموو بوارەکانی ژیاندا و دانەبڕێین. پەروەردەیەکی مۆدێرن و سەردەمیانەمان هەبێ، ئەگەر وڵاتێک بیەوێت پێش بکەوێ دەبێت سەرەتا لە پەروەردەوە دەست پێ بکات؛ ئەوەی جێگای دەستخۆشییە لە ئێستادا پەروەردەمان هەنگاوی باشی ناوە، بە تایبەتی دوای بەرنامەی بەرهەمهێنانی تواناکان و هەڵسەنگاندنەکانی کە دەکرێ بۆ قوتابخانەکان؛ ئەمەش خۆی لەخۆیدا ئەوەمان پێ دەڵێت کە باخچەی ساوایان و قوتابخانە و خوێندنگاکانمان گۆڕانکاریی باشی تێدا کراوە و، هەوڵی هێنانەدیی ئاستی باڵا دەدەن، هەتا ببنە پێشەنگ، ئەمەش کارێکە کە شایانی باسکردن و، دەستخۆشییە؛ مامۆستاکان جۆرەها میتۆد و ڕێگای هاوچەرخ بەکار دەهێنن لە کاتی وانەوتنەوەکەدا هەتا قوتابی ئاوێتەی بابەتەکە ببێت و، کارگێڕیی قوتابخانەیش، پێویستیەکان دابین دەکات بە گوێرەی داواکاریی مامۆستاکان؛ بە سەردانیکردنی وانەی یەکدی، سەرنج و تێبینیەکان بۆ یەکتر چڕ دەکەنەوە، ئەمەش هەنگاوێکە کە وا دەکات بە هەموو لا هاوکاری قوتابخانە بن و، هەرکەسەو خۆی بە بەرپرسیار بزانێت بەرامبەر ئەم کارە، بە ڕادەیەکی وا کە خێزانەکانیش گرنگییەکی تەواو بە قوتابخانەکان دەدەن و، بە گوێرەی توانا هاوکاریی قوتابخانە دەکەن و، پێویستیەکانیان بۆ پڕ دەکەنەوە. ئەوەی لێرەدا دەمەوێت بیخەمە ڕوو بە بەراورد بە ساڵی (2008) ، گۆڕانکاریی گەورە هاتۆتە ئاراوە، هیوای زیاتریشمان هەیە بۆ لەمەولا؛ بە دڵنیاییەوە وەک نووسەر ئاماژەی پێ داوە هەر لایەنێکی ژیان پشت بە لێکۆڵینەوەی زانستی نەبەستێت، بە مردووی بزانە؛ هەر لەبەر ئەوەشە پێویستە سیستەمی پەروەردەی ئێمە کار لەو بوارە بکات.
تێبینی: بۆ ئەم بابەتەم سوودم لە کتێبی نووسەر فایەق سەعید بینیوە، بە ناونیشانی قوتابخانەکان ڕوویان لە قیبلە نییە، ل 177
[1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕینووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا بەهیچ شێوازێک دەستکاری نەکردووە=KTML_End=