ناونیشانی بابەت: بۆرەکی کوردی هەرای لەناو پەڕڵەمانی تورکیا نایەوە
ئامادەکردنی: #کارزان گلی#
بۆرەکی کوردی، ناوبانگێکی گەورەی لە تورکیا و دەرەوەی تورکیا هەیە، ئەو بۆرەکە بە تامە خۆشەکەی دەناسرێتەوە و لە بنەڕەتەوە ئافرەتان و پیاوانی کورد لە باکووری #کوردستان# دایانهێناوە، بەڵام وەکوو چۆن تورکیا دەستی لەوەدا هەبووە کە قاوەی قەزوانی کوردی بە تورکی بناسێنێت، بۆ ئەوەی بۆرەکیش بکاتە موڵکی نەتەوەی تورک، ناوی کورد لەسەر بۆرەک لا دەبەن و هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە وەکوو بۆرەکی تورکی لە جیهاندا بیناسێنن.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوو، یەکێک لە کۆمپانیاکانی تورکیا، بۆرەکی کوردی بە شێوەیەکی جوان و لەناو نایلۆنێکی تایبەتدا خستە بازاڕەوە، بەڵام لەبری ئەوەی لەسەری بنووسرێت بۆرەکی کوردی کە بە تورکی پێی دەڵێت (Kürt böreği) نووسیویانە (Küt böreği) ، واتا پیتی (r) کەیان بە ئانقەست لا داوە تا وەکوو بۆرەکی کوردی نەناسرێت.
سەرەتا ئەم بابەتە لە سۆشیاڵمیدیا دەنگی دایەوە و ڕەخنەیەکی زۆر لەو کۆمپانیایە گیرا، پاشان بابەتەکە هاتە ناو پەڕڵەمانی تورکیا و لەوێ شەڕ لەسەر بۆرەکی کوردی دەستی پێ کرد.
مەڕال دانش بێشتاش، پەڕڵەمانتاری سەر بە هەدەپ، لەناو پەڕڵەمانی تورکیا وتی: ”بۆرەکی کوردی، بۆرەکی کوردییە، ناکرێت نەژادپەرستی و تامی خواردن تێکەڵ بە یەکتری بکرێت.“ بەڵام پەڕڵەمانتارێکی مەهەپە وەڵامی دایەوە و وتی: ''ئەوەی نەژادپەرستی دەکات تۆی، من تازە بزانم ئەو بۆرەکە بۆرەکی کوردییە.''
$مێژووی بۆرەکی کوردی$
مێژوونووسانی تورکیا و کورد، کۆکن لەسەر ئەوەی بۆرەکی کوردی مێژووەکەی بۆ 200 ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە، کە یەکەم کەس ساری محەمەد لە ئیستانبوڵ درووستی کردووە. ئەو کەسایەتییەش کوردە و بۆ بژێوی ژیانی خۆی ئەو بۆرەکەی درووستکردووە.
وەکوو ئەوەی باس دەکرێت، لە سەرەتاکانی 1800، ساری محەمەد دێتە ئیستانبوڵ و لە یەکێک لە سێکتەرەکانی بیناسازی وەکوو کرێکار کار دەکات. ئەو بۆ ئەوەی بژێوی ژیانی دابین بکات کە هەژار بووە، بۆرەک درووست دەکات، بۆیەش درووستی دەکات، چونکە دەستێکی باڵای هەبووە لە کاری هەویرکاری. ئەگەرچی لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا، شێوە و تامی بۆرەک گۆڕانی بەسەردا هاتووە، بۆ نموونە ئێستا شەکریشی پێوە دەکەن، بەڵام ئەوە یەکلایی بووەتەوە کە بۆرەکەکە کوردییە و پێش کورد هیچ نەتەوەیەکی تر بۆرەکی درووست نەکردووە.
چیرۆکی زۆر هەن لەسەر سەرەتای درووستبوونی بۆرەک، بۆ نموونە، باس لەوە دەکرێت لە چێشتخانەی ماڵەوەی ناوچەی ئەنادۆڵدا، بۆرەک لەسەر دەستی ئافرەتی کورد درووستکراوە و پاشان بۆ شارەکانی تر نێردراوە و ناسێنراوە.
بەڵام تورکیا ناتوانێت هەرسی بکات کە بۆرەک خواردنێکی کوردییە، چونکە لە تەواوی تورکیادا بۆرەک دەخورێت و ناوبانگێکی گەورەی هەیە. هەروەکوو چۆن قاوەی قەزوان سەرەتا وەکوو قاوەیەکی کوردی لە تورکیا بۆ وڵاتانی ئەورووپا نێردراوە و پاشان ناوەکەی لە کوردییەوە بۆ قاوەی تورکی گۆڕراوە، دەیانەوێت بۆرەکیش بە دەردی قاوەی قەزوان ببەن. ئەوان بەوەوە ناوەستن نەتەوەی کورد ئاسیمیلاسیۆن بکەن، قاوە و بۆرەکەکەیشی ئاسیمیلاسیۆن دەکەن.
$مادام کوردییە مەیخۆن$
بێشتاش، لەناو پەڕڵەمانی تورکیا بەو پەڕڵەمانتارانەی وت کە نەژادپەرستن، بەتایبەت پەڕڵەمانتاری مەهەپە و پارتی باش، دەست لە بۆرەکی کوردی هەڵگرن، مادام ئەوەندە نەتەوەپەرستن، بۆرەکی کوردییش مەخۆن.
سری سوورەیا ئۆندەر، سەرۆکی دیوانی پەڕڵەمانی تورکیا لەسەر لیستی هەدەپ، لەناو پەڕڵەمان بە قسەخۆشەکانی بەردەوام پەڕڵەمانتاران دەهێنێتە پێکەنین، ئەویش بەشداری شەڕی بۆرەکی کرد و وتی: ''هەر هیچ نەبێت دەتانتوانی بنووسن بەناو ''بۆرەکی کوردی''، ئێستاش مادام نووسیوتانە (Küt böreği) خوا لێتان ڕازی بێت.''
چەند میدیایەکی تورکیا، دوای ئەو شەڕەی لەسەر بۆرەکی کوردی درووست بوو، لێکۆڵینەوەیان کردووە و ویستویانە بگەنە ئەنجام، ئاخۆ ئەو بۆرەکە کوردییە؟ بۆیان ڕوون بووەتەوە، کە بەڵێ بۆرەکەکە لە بنەڕەتدا کورد درووستی کردووە، ئەمەش بە گوێرەی گوتەی ئەو کەسانەی شارەزای مێژوون و لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە کردووە.[1]