مافی گەل
لە قازانی خەمتدا هەڵکزاوم
وەکوو قاورمە برژاوم، خوراوم
لەبەر ئەو بەختی سەرسەختی کڵۆڵم
لە یار و ئاشنایان هەڵبڕاوم
بە ئاوری دووری ئاخر بوومە قەقنەس
ئەگەر ڕاستت دەوێ هێز و هەناوم!
بەزیندوویی دەبینم حاڵی مردوو
بە گۆڕەوشاری دووریت هەر نەماوم
وەرن ئەی ئاشنا بۆ دڵ نەواییم!
هەژارێکی کزۆڵەی دڵشکاوم
ئەرێ ئەی تاوی هاوینی هەژاران!
بکە ڕەحمێ بە سەربەرگی دڕاوم
ئەگەر سەد چەل بە دووریشت بسووتێم
لە دەس نادەم حەقی داگیر کراوم
دەڵێم هەر مافی گەل دەرمانی دەردە
ئەگەر چی من بە جارێکی نەماوم
#سەید کامیل ئیمامی#
#دیوانی ئاوات# [1][2]