باران
1
تا هەنووکە؛
چۆلەکەیەک
قەلەباچکەیەک
ڕێشۆڵەیەک
شمقارێکی دڵتەنگم نەدیووە
کەچی شەقام لێوان لێوە لە مرۆڤی دڵتەنگ
2
هەتا ئێستا
ماینێک
مانگایەک
مەڕێک
کارمامزێکم،
بە جلی ڕەشەوە نەدیوە
لێ شەقام
تژییە لە مرۆڤی ڕەشپۆش
3
تا ئەو چرکەیە
بەچاوی بۆقێک،
کیسەڵێک،
ماسییەک،
قڕژاڵێکەوە؛
دڵۆپێک فرمێسکم نەدیوە.
بەڵام چاوی مرۆڤەکانی سەرشەقام،
تژین لە فرمێسکی خوێنین
4
تا ئیستاکێ
لەبەردەم ماڵی
کانییەک
ڕوبارێک
کولوە بەفرێک
دلۆپێک باران؛
خیوەتێکی پرسەم نەدیتووە.
کەچی لەبەردەمی ماڵی هەموو مرۆڤێکدا
ڕەشماڵێک
4
خودایە بمانکە بە؛
چۆلەکە
قەلەباچکە
ڕیشۆڵە
شمقاڕ
بە؛
ماین
مانگا
مەڕ
کارمامز
بە؛
بۆق
کیسەڵ
ماسی
قرژاڵ
تکایە بمانکە بە؛
کانی
ڕووبار
بەفر
باران
هۆزانەوان: #قوبادی جەلیزادە# [1]