ناونیشانی بابەت: مامەڕیشە؛ ئەفسانەکەی گەرمیان 02
(کەرتی چواری جەباری)
ناوی نووسەر: #عەبدوڵڵا کەریم مەحمود#
لە بەهاری 1982 بە بڕیاری (ملازم عومەر عەبدوڵڵا) ی لێپرسراوی مەکتەبی عەسکەری ، کەرتی جەباری کرا بە دوو بەشەوە .
( مامە ریشه ) کرا بە فەرماندەی کەرتی 4ی جەباری ، ( هیوا بارۆیی) کرا بە فەرماندەی کەرتی 3 ی هەمەوەند. ، کە ناوچەی چەمچەماڵ و هەردەی هەمەوەند و سەنگاوی دەگرتەوە .
سنوری کەرتی 4 ی جەباری ، لە چەمچەماڵەوە تا شیوە سوور ، لە کەرتی 3ی هەمەوەند جیای دەکردەوە ،تا جادەی گشتی سەنگاو-. قادر کەرەم .
جادەی چەمچەماڵ -کەرکوک ، لە تیپی 21 ی کەرکوک ی جیا دەکردەوە ، خوارەوەشی هێزی پێشمەرگەی تیا نەبوو.
پێشمەرگەکانی کەرتی 4ی جەباری , بە بەردەوامی رووبە رووی سوپای عێراق و جاش دەبوونەوە .
لە رۆژهەڵاتەوە جادەی قادەر کەرەم -دوز، لە سنوری تیپی 51 ی گەرمیانی جیا دەکردەوە ، سنووری کەرتی 4ی جەباری لە ناوچەی قەرەحەسەن و جەباری وبەشێک لەقادرکەرەم پێک هاتبوو .
دەوڵەتی عێراق هێزێکی گەورەی لە کەرکوک و دەوروپشتی کۆکردبوەوە ، بۆ پاراستنی بیرە نەوتەکانی زەمبوور ،بۆ جێ بەجێکردنی پرۆسەی تەعریب .
دەوڵەتی عراق ، چەکداری زۆری لە عەشایەرە عەرەبەکان هێنا بووە ئەو سنوورە ، خەڵکی ناوچەکە بیزاربوون ، له و هەموو ستەمەی بەرمبەریان دەکرا .
حکومەت چەند گوند ێکیان ، بە ناوی جەیش شەعبی یەوە ، چەکدار کربوو، بە زۆر فشارو ترس و بە تەماعی بەخشیش و پلە وپاسیەودەسکەوت خەڵکیکی زۆریان کردبوو به عسی .
رۆژانە گەنجەکانی ئەو گوندو سنوورەو ناو شاری کەرکوک ،روویان دەکردە مەفرەزەکان و دەبوون بەپێشمەرگە .
له و سەردەمەدا هێزی سەربازی و جاش ، بە پاڵپشتی کۆپتەر ناو بەناو کێوماڵی گوندەکان و ئەو سنوورانیان دەکرد ،هێزی پێشمەرگەی وەک پارتیزان تیا بوو.
ناو بەناو هیزەکانی سوپای عێراق وجاشەکانی ئەو سنوورە وجەیشی شەعبی بە پاڵپشتی کۆپتەر کێوماڵێ سەراپا ناوچەکەیان دەکرد .
لە 1982 دا ژمارەی پێشمەرگەکانی کەرتی 4ی جەباری گەیشتە45پێشمەرگە.
فەرماندەی کەرتەکانی کەرتی 4ی جەباری تا ساڵی 1988 بریتی بوون له م فەرماندانە :
1-مام رۆستەم
2-بێستون باڕۆیی
3-هێمنە رەش
4- مامە ریشە
5_پشتیوان
6-وریای شێخ رەشید
7 -رزگاری حاجی کایل
8-یاسینە رەش
( تراژیدیاکەی شۆراو )
کەرتی چواری جەباری لە 1979 دا ، پێک هێنرا ، یەکەم فەرماندەی مام رۆستەم بوو، دوای ئه و بێستون باڕۆیی بوو بە فەرماندەی کەرت .لە17/ 11 /1980 لە تەک 14 پێشمەرگەی کەرتەکەیدا لە شاخی شۆراوە شەهید کران بریتی بوون لە:
1-بێستون باڕۆیی فەرماندەی کەرت
2- مەلا نوری کادری پێشکەوتوی کۆمەڵە
3- عەلادین مەلا شێخ عەبدولکەریم
4- ئەرکان چراغە
5 -حەسەن دڵکە یی
6-شەریف کونە کۆتری
7- عەدنان حەوت تەغاری
8- رەمەزان کانی مستەفا
9-جەباری پونگڵە
10 - فاتیح هەشەزینی
11-عومەر باینجانی
12-نەوزاد محەمەد ئەمین
13- نورەدین کەرکوکی
14-نەجمەدین کەرکوکی
15- عەدنان کەرکوکی
( ئابڵو`قەکەیان تێک شکاند )
لە تەموزی 1981 دا مامە ریشە نەخۆش بوو .لە ماڵی خۆیان بوو . لە گوندی تاڵەبان ،جاسوسێک خەبەری لێ دەدا. جاشەکانی قالە فەرەج چواردەوری ئاوایی لێ دەتەنی بوو ، نەوافی مام شەریف خزمیان ، منداڵ بوو ، بەرێکەوت جاشەکان بینی بوو ، بە خێرایی رادەکات بۆ ماڵی مامە ریشەو پێ ی وت :
-جاش هەر چوار دەوری تاڵەبانیان تەوق داوە .
مامەریش بە پەلە خۆی دەبەستێت و لە کاتی راکردن دا ، بەدەم رۆیشتنەوە ، دەسڕێژ لە جاشەکان دەکات ، بۆ ئەوەی نەتوانن بێنە پێشەوە .
بروسکە ئاسا دەرفەت بۆ دەرباز بوون دەدۆزێتەوە ، خۆی دەگەیەنێتە دەرەوەی ئاوایی و روو دەکاتە گوندی ( قرخ ).
لەو کاتەدا قالە فەرەج و هیزەکەی بە دوایەوە بوون ، جیهاز بۆ کەریم حەمدانی ئامر لیواو ئیستیخباراتی عەسکەری دەکات و پێ یان دەڵێت :
-مامە ریشەمان بریندار کردووە ،ئێستا نا تۆزێکی تر بەدیلی دەیگرین .
مامە رێشە لە رێگای قرخ ، 3 کۆپتەر بە سەر ئاسمانی ناوچەکەوە دەبینێ،
هێزێکی زۆری سوپاو جاش ، دەبینێ دوای کەوتبوون و سەراپا ناوچەکەیان لێ تەنی بوو ، بۆ ئەوەی بەکوژراوی یا بەدیلی دەسگیری بکەن .
مامە ریشە، بە زەحمەتێکی زۆر ، خۆی دەگەیەنێتە ناو ئاوایی قرخ .
لەوێ ماینەکەی [حەمید عەول] دەبێت و بەسواری ، باڵ دەگرێت ، رێگای ئاوای [دێ رەشە] دەگرێتە بەر.
لە کاتە هێمنە رەش فەرماندەی کەرتی 4ی جەباری بوو ،بە پشتیوان و سەرکەوت شێخ جیری دەڵێ:
-بەخێرایی بڕۆن بەهانای مامەریشەوە.
مامەریشە ، لە رێگا بە پشتیوان و سەرکەوت دەگات ،ماینەکە بەرەڵا دەکات و پیان دەڵێت :
- ئێوە وەرن بەدواما دا
هەرسیکیان دەگەنە نێوان [کورەداوێ و قرخ ] ، لەوێ ( مامەریشەو پشتیوان و سەرکەوت ) بۆسەیەک بۆهێزەکەی لیواو جاشەکان دادەنێن .
لەکاتی کشانەوەیان ، هێزەکانی سوپا ی عێراق و جاشەکان ، دەکەونە ناو بۆسەکەیانەوە ،هەرسێکیان چەند دەسرێژێک بەناویانا دەکەن ،دووسەربازیان لێ دەکوژن ، گازقیادەیەک تێک دە شکێنن .
کەریم حەمدان ئامر لیوای چەمچەماڵ روودەکاتە قالە فەرەج و دەڵێ :
-ئەگەر مامە ریشە ، بە برینداری وا شەڕ بکات ،ئەی ئەگەر ساغ بێت ، چی دەکات ؟
( یوغسلافییەکان داوای مەشروبیان دەکرد )
دەوڵەتی عێراق ، هەموو گوندەکانی سەرجادەی گشتی ( کەرکوک ، لەیلان، قادر کەرەم )ی بەجەیشی شەعبی تەنیبوو.
لە کاتژمیری 10 ی شەوی مانگی نیسانی 1982 مامەریشە فەرماندی مەفرەزە ی بوو ، لە گەڵ پێشمەرگەکان دا چونە سەر کارگەی چیمەنتۆی لەیلان کەجەیشی شەعبی پاسەوانی دەکرد .
مامە ریشه و خەباتە بچکۆل و محسین B K C ومەلا ئەحمەد و دوو پێشمەرگەی تر چوبوونە قوڵایی ناو کارگەکەوە ، لە پێشمەرگەکانی تری مەفرەزەکەیان دابڕان،
ئه و سەردەمە ئەندازیاری یوغسلافی و پۆڵۆنی، سەر پەرشتی کارەکانی کارگەکەیاندەکرد، لەو کاتەدا دوو ئەندازیاری یوغسلافی دەسگیر دەکەن ، لە ناکاو چواردەوری مامە ریشە و هاورێکانی بە جیش شەعبی گیرا . رووبە رووی شەرێکی دەسته و یەخە بونەوە ، بۆ ماوەی40 دەقیقە ئابڵۆقەیان دان ، بواری دەربازبونیان بۆ نەهێستبونەوە .
له و کاتەدا خەباتە بچکۆل ، لەناکاو بە جەبەزەی خۆی توانیبووی ، لە لایەکی ئابڵوقەکە تێک بشکێنێت و دەرفەتی کشانەوە بۆ خۆی هاورێکانی بکاتەوە و دەربازبن ، لە کشانەودا ،فیشەکێک بەر باڵی مامەریشە کەوتبوو تیغی کژردبوو ،
مامە ریشه و پێشمەرگەکان ، بە موجازەفەیەکی زۆر ، ئەندازیارەکانیان لە گەڵ خۆیان دا بردە دەرەوەی کارگەکە.
لەوێوە رووەو ( کەوەڵە) ی سەر بە ناحیەی قەرەحەسەن کەتنە رێ ،
لەرێگا ئەندازیارێکیان وای زانی بوو ، مامەریشەو پێشمەرگەکان ، مافیان بە مامە ریشەی وتبوو :
- گەر ئێوە پارەتان دەوێت با بگەڕێینەوه بۆ لای کارگەکە ،چەند پارەتان دەوێت ، لێپرسراوەکەمان بۆتان وەدەگرین.
شەوەکەی گەیشتنە گوندی خاڵۆ بازیانی ، رەئوف مستەفا ناسراو بە ( لالۆ ) یەکێک بوو له و پێشمەرگانەی کاتی خۆی لە گەڵ یو غوسلافییەکان کاری کردبوو ،کەمێک لە قسەکانیان دەگەیشت. ئەندازیارێکیان داوای مەشروب و گۆشتی برژاوی کردبوو
سەرچاوە: عەبدوڵڵا کەریم مەحمود ،کتێبی (پێشمەرگە پۆڵاینەکە).[1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا بەهیچ شێوازێک دەستکاری نەکردووە=KTML_End=