=KTML_Bold=چالاکییەکانی #پەکەکە# و ڕۆژاڤای کوردستان=KTML_End=
#ڕەنج نەوزاد#
هێرەشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژڤای کوردستان بە بێ پاساو و هۆکاریش هەر بەردەوام بووە و بەردەوامیش دەبێت. بەڵام هەبوونی پاساو و هۆکار کار دەکاتە سەر چۆنییەتی و چەندێتی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژاڤا. لەم ساڵدا تورکیا دوو جار هێرشەکانی بۆ سەر ڕۆژاڤای کوردستان، زۆر توند و کاریگەر بوون. جارێکیان لە دوای چالاکییەکەی پەکەکە بوو کە لەناو ئەنقەرە ئەنجامیدا، جاری دووەم لە دوای کوشتنی چەند سەربازێکی تورک لەلایەن پەکەکەوە بوو، کە دوو ڤیدیۆ لەو بارەیەوە بڵاوبووەوە لەم ماوەیەدا. ئەم جۆرە چالاکییانە نەک هەر پاساو دەداتە تورکیا، بەڵکوو فشارێکی ناوخۆیی لە تورکیا درووست دەکات بۆ سەر حکومەت و سوپا کە وەڵامی توند بدەنەوە.
بە پێی بەدواداچوونێکم لەم چەند ڕۆژەدا، هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژاڤای کوردستان کەمەرشکێن بوون. تورکیا گرنگترین ژێرخانە مەدەنییەکانی کردۆتە ئامانج، لەوانە کێڵگە نەوتییەکان و وێستگەکانی کارەبا و ئاو و نەخۆشخانەکان. ئەم جۆرە هێرشانە کاریگەریی زۆرترسناکی دەبێت، ژیان دەوەستێنێت، شارەکان لە شاربوون دەخات، وەزیفەکانی حکومەت لەناو دەبات. دەبێتە هۆکاری کەمی خزمەتگوزاری، پاشان دەبێتە مایەی ناڕەزایەتی هاووڵاتییان کە بۆ دوورمەودا کاریگەریی زۆر خەراپی دەبێت لەسەر کۆی ئەوەی لە ڕۆژاڤا بەدەستهاتووە.
لێرەدا دەبێت دوو جیاوازی بکەین، پەکەکە لە قەندیل و شاخەکان، شەڕی پارتیزانی دەکات. شار و حکومەتی بە دەست نییە. چالاکی سەربازی لەناو تورکیا و کوشتنی سەربازی تورک، بۆ گرووپێکی پارتیزان دەستکەوت و گرنگە. بەڵام ئەم چالاکییانە نەک دەستکەوت نین بۆ لایەنێک کە شار و حکومەتی بەدەستە، بەڵکوو زیان و هەڵەیە. واتە کوشتنی یەک سەربازی تورک دەستکەوتە بۆ پەکەکەی قەندیل، بەڵام بۆ ڕۆژاڤای کوردستان ئەو کارە هەڵەیە، هەڵەیەکی زۆر گەورەشە. بۆ ڕۆژاڤا درووستکردنی یەک شەقام، دابینکردنی یەک کاتژمێر زیاتر لە کارەبا بۆ شارەکان، کردنەوەی یەک نەخۆشخانە و قوتابخانە، ڕەخساندنی چەند هەلێکی کار، یەک هەنگاو بەرەوپێشچوونی سوپاکەی لە ڕووی تەکنەلۆجی و دەزگاییەوە. سەدان جار بەسوودتر و باشتر و گرنگترە لە کوشتنی سەدان سەربازی تورک. بەپێچەوانەوە، سەرکەوتنە مەدەنی و ئیدارییەکان و ژێرخانییەکانی ڕۆژاڤا گورزی کوشندەترن بۆ سەر تورکیا لە کوشتنی چەند سەربازێک. ڕۆژاڤا دەبێت بەو شێوەیە لە تورکیا بدات، نەک بەو شێوەیەی کە پەکەکە دەیکات.
پەکەکە و ڕۆژاڤای کوردستان دوو دۆخ و دوو سیستەم و دوو هاوکێشەی تەواو جیاوازن. دەبێت کارکردن و سیاسەتیان بەرانبەر بە تورکیاش تەواو جیاواز بێت. تورکیا بۆ هەردوولا دوژمن و داگیرکەرە، بەڵام شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو داگیرکەرە، دەبێت دوو شێوازی جیاواز بێت، دانەیەکی لەگەڵ بارودۆخ و سرووشتی پەکەکە بگونجێت، ئەوی تر لەگەڵ بارودۆخ و سرووشتی ڕۆژاڤای کوردستان بگونجێت.
ئەگەر تا چەند ساڵێک پێش ئێستاش گورزوەشاندنی لەو شێوەیە سوودی هەبووبێت یان ئاسایی بووبێت بۆ ڕۆژاڤا، ئەوە لە ئێستادا زیانی هەیە. چونکە ئەو پارچەیەی کوردستان وردەوردە بەرەو ئەوە دەچێت کە حکومەت و سوپا و دەستووری خۆی هەبێت. ئیتر دەبێت هەوڵی بەهێزبوون و گەشەکردن بدات لەسەر ئاستی ئابووری و کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و سەربازیی. ئەمەش پێویستی بە سەقامگیری و ئارامییەکی ڕێژەیی هەیە لەناوخۆدا. ئەم ئامانجانە مەحاڵە بەدی بێن کە هەر ماوەی جارێک تورکیا بەو شێوە توند و نایاساییە ژێرخانی شارەکانی ڕۆژاڤا وێران بکات و لەناو بەرێت.
هاوکێشەکە سادەیە، کاتێک تورکیا ئەو جۆرە هێرشانە دەکات، بەهۆی ناهاوسەنگی لە هێز، هێزەکانی سووریای دیموکرات (#هەسەدە#) توانای نییە شارەکان و ژێرخان و خەڵک بپارێزێت، توانای ئەوەشی نییە بە هەمان شێوەی تورکیا وەڵامبداتەوە و شارەکانی ئەوانیش بەو شێوەیە وێران بکات تا تورکیا بوەستێت و سڵ بکاتەوە. کەواتە چارەسەر چییە؟ هەموو هەوڵێک بدرێت تورکیا هیچ پاساوێکی نەبێت بۆ ئەو جۆرە هێرشە وێرانکەرانە. ئەمە چۆن دەکرێت؟ ئەمەش بە دوو شێواز یان ڕێگا دەکرێت:
یەکەم، بە شێوەیەکی فەرمی و فیعلی بەتەواوی پەکەکە و ڕۆژاڤا لە یەکتر جیابکرێنەوە. پەکەکە و بڕیاربەدەستانی ڕۆژاڤا بە ویست و پلان و باوەڕەوە، لەپێناو بەرژەوەندی گشتی کورد و کوردستان، ئەو بڕیارە بدەن. بۆ نموونە، بە بەیاننامەیەکی فەرمی لەلایەن پەکەکە و هەسەدەوە بە ئاشکرا و بەڕوونی ڕابگەێنرێت کە پەیوەندییان بە یەکەوە نییە. بەرزکردنەوەی ئاڵای پەکەکە و وێنەی ئۆجەلان لە ڕۆژاڤای کوردستان ڕابگیرێت. هاتوچۆی ئەندامانی پەکەکە بۆ ڕۆژاڤا بە فەرمی و ئاشکرایی کۆتایی پێبێت. زۆر کات دەگوترێت ئەم کارە ناکرێت، چونکە پەکەکە و پەیەدە یەک گرووپ و بزووتنەوەن. ئەمە پاساو نییە، چونکە ئاشکرایە کە چەندین نموونە هەیە لە حیزبێکەوە چەند حیزبێکی دیکە درووست بوونە. لێرەدا مەبەستم ئەوە نییە کە پەکەکە و پەیەدە، هاوشێوەی هەندێک نموونە ببنە ڕکابەر و نەیاری یەکدی، بەڵکوو تەنیا لەیەکتر جیاببنەوە و پەیوەندی سەربازیی و سیاسی و فەرمیان نەمێنێت، هەردوولا سەربەخۆیی خۆیان هەبێت.
دووەم، ئەگەر هەردوولا ناتوانن یان ڕەزامەند نین بە چارەسەری یەکەم، ئەوا دەتوانن ئەو پەیوەندییە بهێڵێنەوە بەو مەرجەی پەکەکە بە فیعلی و فەرمی کۆتایی بەو جۆرە چالاکییە سەربازییانە بهێنێت. لەبری گورزوەشاندنی سەربازی لە تورکیا، دەتوانێت گورزی ستراتیجی و بەهێزتری لێبدات لە ڕێگای درووستکردنی جۆرێک لە سەقامگیری و ئارامی لە ڕۆژاڤا کە ببێتە مایەی بەهێزبوونی ئابووری و سوپا و حکومەتەکەی، کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی ئینتیما و پشتگیرییەکی گەورەیان هەبێت بۆ دەزگا و حکومەتەکەیان نەک حیزب و ئایدیۆلۆجیایەک. ئەمە دەکرێت ببێتە مایەی پشتگیری زیاتری ئەمریکا و ئەوروپا لەو قەوارەیە.
هەموو ئەمانەش بکرێت، هێشتان ئەگەری ئەوە هەیە کە تورکیا هەر بەردەوام بێت لە هێرش و تاوانەکانی، بەڵام لە ڕووی چۆنایەتی و چەندایەتییەوە کەمتر و جیاوازتر دەبێت.
ئەوەی لەسەرەوە باس کرا، مانای ئەوە نییە کە ڕۆژاڤای کوردستان بژاردەی جەنگ و سەربازی بەرانبەر بە تورکیا لە ناوببات. بە پێچەوانەوە، هەرگیز نابێت کورد بگاتە ئەو باوەڕەی کە ئیتر جەنگ و شەڕ بەرانبەر بەو داگیرکەرە کۆتایی پێ بهێنرێت. بەڵام چ جەنگ و چ جۆرە ئامرازێکی سەربازیی؟ ڕۆژاڤای کوردستان دەبێت سەرەتا هەوڵ بدات سوپایەکی بەهێز و پێشکەوتوو و نیشتمانی درووست بکات، کە بتوانێت هیچ نەبێت لە کاتی هێرشەکانی تورکیا خەڵک و شار و ژێرخانی ئابووری و مەدەنی خۆی بپارێزێت. بتوانێت وەک سوپایەک بەرانبەر بە لەشکرکێشی تورکیا بوەستێت، نەک فڕۆکەی تورکیا بێتە سەر شارەکانی کوردستان بە ئارەزوی خۆی خەڵک بکوژێت و ژێرخانی شارەکە وێران بکات، هەسەدەش تەنیا تەماشاکەر بێت. بۆ گەیشتن بەم قۆناغە لە هێز، کاتێکی دوورودرێژ پێویستە، کاتێکی درێژ لە ئارامی و سەقامگیرییەکی ڕێژەیی.
لە جەنگی ناهاوسەنگی لەو شێوەیەدا، کە ناهاوسەنگییەکە لە ڕووی توانا و تەکنەلۆجیا و ئابووری، لە ڕووی چەندایەتی و چۆنایەتی، نەک زۆر گەورەیە، بەڵکوو بەراورد ناکرێت.
لە دۆخێکی وادا دەکرێت گرووپێکی چەکدار بە شەڕی پارتیزانی ڕووبەڕووی سوپایەکی نیزامی گەورە ببێتەوە. گرووپە پارتیزانەکە دەبێت لە بیابان و دەشت و شاخ، لە دەرەوەی شارەکان بێت، بۆ ئەوەی کە سوپاکە وەڵامدەداتەوە شار و خەڵکی سڤیل و ژێرخانی وڵاتەکە وێران نەکات، دەزگا حکومییەکان لەناونەبات. بۆ نموونە، کاتێک پەکەکە لە هەرێمی کوردستانەوە چالاکی ئەنجام دەدات بەرانبەر بە سوپای تورکیا، تا ئەمڕۆش وەڵامەکانی تورکیا نەگەیشتووەتە ئەوەی کە لەناو شاری #سلێمانی# و #هەولێر# بدات و قوتابخانە و کێڵگەی نەوت و نەخۆشخانەکان وێران بکات. بەڵکوو زیاتر هێرشەکان ئاڕاستەی شاخ و دەشتەکان و هەندێک کات گوندەکان دەکرێت، بە کوورتی، هێرشەکانی تورکیا بۆ ناو شاری سلێمانی زیانێکی زۆر گەورەی نەبووە، تا ئێستا. هەر کاتێک وەڵامەکانی تورکیا گەیشتە ئەوەی کە ژێرخانی سلێمانی و دەزگا و باڵەخانە گرنگەکانی سلێمانی بکاتە ئامانج، دەبێت دەسەڵاتدارانی سلێمانی سنوورێک بۆ چالاکییەکانی پەکەکە دابنێن. ئەگەر نا، دەبێت بتوانن خەڵک و ژێرخانی سلێمانی بپارێزن بەرانبەر بە درۆن و مووشەکەکان. ئەوەی دووەم مەحاڵە لە ئێستادا. ئاشکرایە کاتێک پەکەکە چالاکییەکی سەربازی ئەنجامدەدات، ئەوا تورکیا وەڵامەکانی بۆ ڕۆژاڤای کوردستان جیاوازە لەوەی هەرێمی کوردستان، لەوێ بە شێوەیەکی زۆرترسناک ژێرخانی مەدەنی و ئابووری وێران دەکات.
هەڵەی حەماس لە غەززە ئەوە نییە کە هێرش دەکاتە سەر ئیسرائیل و ئامرازی سەربازی و پارتیزانی بەکاردەهێنێت، هەڵە گەورەکەی، کە دەگاتە ئاستی تاوان، ئەوەیە کە ئەو بزووتنەوەیە ئامادە نییە دەستبەرداری کاری پارتیزانی بێت و کەچی دەیەوێت شار و زیاد لە دوو ملیۆن هاووڵاتی بەڕێوە ببات و حوکمداری بکات. کاتێک دەیەوێت حوکمداری بکات ئەوا دەبێت دەستبەرداری کاری پارتیزانی بێت، ئەگەر ویستی جەنگ بەرپا بکات دژ بە ئیسرائیل، ئەوا دەبێت سەرەتا سوپایەکی نیشتمانی و بەهێز درووست بکات، کە بتوانێت کەمترین پارێزگاری لە شار و ژێرخان و زیاد لە دوو ملیۆن مرۆڤ بکات. ئەگەر ئامادە نییە دەستبەرداری کاری پارتیزانی بێت، ئەوا دەبێت لە دەرەوەی شارەکانەوە، بۆ نموونە لە بیابانی سینا، بارەگا دانێت و چالاکی بکات، بۆ ئەوەی کاردانەوەکانی ئیسرائیل بۆ دەرەوەی شارەکان بێت، نەک شارێک وێران بکات و نزیکەی دوو ملیۆن هاووڵاتی ئاوارە بن، حەماس ئەمە لە کاتێکدا دەکات کە هیچ توانایەکی نییە بۆ ڕێگرتن لە درووستبوونی کارەسات. هاوکات، لەگەڵ ئەو هەموو قوربانی و زەرەرە، بستێک لە خاک ئازاد نەکرێت بەڵکوو خاکیش لەدەست بدرێت. لەوانەیە ئەوە ڕاست بێت کە هەندێک لەلایەنگرانی حەماس دەڵێن ئەگەر ئەو هێرشەی 7ی ئۆکتۆبەریش نەکرایە، ئەوا ئیسرائیل بەردەوام هێرش دەکاتە سەر فەڵەستینییەکان. یاخود دەڵێن ئەمە پێنجەم جەنگی ئیسرائیلە دژ بە غەززە، لە کاتێکدا هێرشێکی هاوشێوەی ئەوەی حەوتی ئۆکتۆبەر تەنیا لە پێنجەم جەنگ ئەنجامدراوە. لەگەڵ ئەوەشدا، پێویستە ئاماژە بەوە بکریت، کە بە هەر چوار جەنگەکەی پێشووی ئیسرائیل لە غەززە، قوربانی وکووژراو و وێرانییەکەیان بە هەموویەوە نەگەیشتووەتە نیوەی ئەم جەنگەی دوایی، چونکە پاساوەکە زۆر بەهێزتر و ئاشکراتر بوو.
چالاکییەکانی پەکەکە، کاتێک ئاساییە کە تەنیا قەندیل و شاخەکان ببنە گۆڕەپانی شەڕ، نەک شارەکان. چونکە دواجار کوشتنی سەدان سەربازی تورک نابێتە مایەی ئازادکردنی گوندێک، بەڵکوو دەبێتە مایەی وێرانبوونی چەندین باڵەخانە و شوێنی گرنگ و هەستیاری شارەکانی ڕۆژاڤا. بۆ دۆخی ڕۆژاڤای کوردستان، ئەوە گرنگ نییە چەند سەربازی تورک دەکوژرێت، ئەوە گرنگە کە دۆخێکی ئارام و سەقامگیری هەبێت ببێتە هۆکاری وەبەرهێنان و گەشەکردنی ئابووری و سیاسی، کە دواجار دەبێتە هۆکاری بەهێزبوونی سوپا و لایەنی سەربازیش. ئەمە گەورەترین لێدانە لە تورکیا. بە کوورتی، چالاکییەکانی پەکەکە ئاساییە و دەکرێت پێویستیش بێت کە بەردەوام بن، بەو مەرجەی زیان و قوربانیدانەکەی بۆ کورد و کوردستان زۆر زیاتر و گەورەتر نەبێت لە سوودەکانی. ئەمەش تەنیا بەوە دەکرێت کە کاردانەوەی تورکیا بۆ چالاکییەکانی پەکەکە ئاڕاستەی ڕۆژاڤا نەکرێت، بەڵکوو تەنیا ئاڕاستەی قەندیل و شاخەکان بکرێت. [1]