ئاخ #هەولێر#ەکەم
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
سێ سارە لێتەوە دوورم هەولێرە شیرینەکەم، وا دەزانم وەکی ئەهلی کەهف سەت سارە لە خەودام هێشتا بەخەبەر نەهاتیمەوە. ئەهریمەنەکانی شارەکەم ناهێڵن بێمەوە باوەشت پیاسەیەکی سەر قەرات و کووچە و کۆرانەکانی #گەڕەکی عارەبان# و #تەعجیل#ت بکەم. ناهێڵن لەسەری قەراتە سەربەرزەکەتەوە تەماشایەکی مینارەی چۆلی بکەم، سەلامەک لە حاجی لەقلەقەکەی سەر مزگەفتی #خانقا#ت بکەم. ناهێڵن دوو شیش کەبابی حاجی یاسین بنۆشم و چایەکی گەرمی بە هێلی کاکە مەهدی بەسەردا بکەم..
سێ سارە لێتەوە دوورم هەولێرە جوانەکەم، بەقەدەر مەودای عەرز و عاسمان بیرت دەکەم. بیری گازینۆ لەیالی و بلیاردەکەی، دەمەوێ بچمەوە سەر ئەو تەختەیەی خارە نوعمان چەلەبی لەسەری دادەنیشت و لەگەر مامە غەنی سوعبەتیان دەکرد. دەمەوێ تاوێک لە چایخانەی سەید سەلیم دانیشم لەگەر سەید عیسای ئامۆزام یادەوەرییەکانمان بگێڕینەوە، پێی برێم سەید لەبیرتە لەو بەرامبەرە کسۆک بەخۆی و زەمبیلەکەی لە پێش دوکانی حاجی مەعروف کەبابچی دادەنیشت و پەنجەکانی دەگەست کە تووڕەیان دەکرد؟. پێی برێم خارە سەید لەبیرتە تەلەفزیۆنە ڕەش و سپیەکەى چایخەنەکەتان سەعات شەشی ئێواران دەستی پێ دەکرد و چەند بەخشوعەوە گێمان لە قورئانی حاجی مەحموود عەبدولوەهاب و ڕاتب کەلحی دەگرت؟. پێی برێم لەبیرتە سەید کە سبەینانی گێژنان بە ئەفلام کارتۆنە ڕووسییەکان قەرس دەبوین و حەزمان لە میکی ماوس و جیکل و هیکل بوو؟. پێی دەرێم لەبیرتە سەید عەسرانی گێژنان عەوەز دۆخی کوو بەگۆرانی (سوت السهاری) هەموو گیانمانی بە دەنگە نازدارەکەی دەبردە تەبەقەی حەفتەمی عاسمانەوە؟ پێی دەرێم لەبیرتە سەید گیان سبەینان زوو سواری نێرنی هەژدە نەفەریی دەبوین لۆ بەغداێێ لە ڕادیۆی سەیارەکەوە گێمان لە فەیروز دەگرت کە گۆرانی (تک تک یا ئوم سلیمان) دەهۆنییەوە؟.
غەریبیت دەکەم هەولێرە شیرینەکەم، غەریبی جغارەی دەستی سەید محیەدینی کەشیدە کەسک و سەید جەودەتی دەموچاو یابانییەکەت. غەریبی دەف و عەلەمی سەر قەبرانی سەید و شێخەکان. غەریبی پیرەژنە ماستفرۆشەکانی جادەی شێخەڵڵا دەکەم. غەریبی مام ئیبراهیمى لۆبیافرۆشی پێش دەرکەی قەراتی دەکەم، دوکانەکەی سەلیم قاقا و چایخانەکەی تاقی بابا و دوکانە گچکەکەی ئیبۆ بەربەر. مەکتەبەی فاروق عەسکەری و سەربەستی و سۆلافەکەی سەید ئەحمەد بەرزنجی. غەریبی پاقڵاوەکەی مام ڕەسوڵ و شەربەتە مێوژەکەی مام عارەب و سیفۆنەکەی ساڵح سیفۆن. غەریبی حەسارەکانی #گەڕەکی عارەبان# و جولەکان و ئوتێلی سندباد و ئوتێل فەڕەح و ئوتێل لوبنان. غەریبی عەسرانی ئاوی کەسک و سۆر و ئاوی میری و غاباتەکەی بەرامبەر خەستەخانەی جمهوری دەکەم. غەریبی تەشریبەکەی مام عوسمانی تەنیشت مزگەفتی ئالتی بەرماق دەکەم کە سبەینان مەلا بانگدان دەچوین قاپەک گۆشتی لەپێشمان دادەنا بە درهەمەک و نیو. غەریبی ڕەسمەکانی سەر دیوارەکانی چایخانەی مەچکۆ دەکەم، بیری #مەحموود زامدار# و #موحسین ئاوارە# و #شێرزاد حەسەن# و پەشێوی مەزن دەکەم.. بیری مەم و عومەر فەرهادی و پیرباڵ مەحموود دەکەم. بیری مشکۆ و هابە و حەیدەرە کەچەڵ و عوودەکەی مستەفا ڕەئوف و کەمانەکەی شێرزاد سەرسپی دەکەم. بیری دوو خارە ڕەشەکەی سەر ڕوومەتی واحید و یەحیا مەرجان دەکەم. بیری دۆندرمە خۆشەکەی کەماڵە کەچەڵ دەکەم. بیری عەلی جەبار و جەلال سەفاری شاگردانی چایخانەی عەبۆ دەکەم، زۆر حەز دەکەم جارەکیدی تەماشای ئەو هەشت پیارەیە بکەم کە بەیەک دەست هەریاندەگرتن..
بیری تەسبیح فرۆشەکانی بەردەرکی مزگەفتی خانەقا دەکەم. بیری کەلایانێی کوڕە سوورچییەکانی سەر شێستی مزگەفتی سپی دەکەم. بیری کچە ناسک و نازدارەکانی گەڕەکی خانەقا دەکەم کە لەپێش دەرکەی ماریان بە تەباشیر شەش خانەیان درووست دەکرد لۆ ساپ ساپێن، بیری ئەو کوڕانەی خڕ دەبوونەوە لۆ پەلیکانێ.
زۆر بیری هەولێرە پاک و بێگەردەکەم دەکەم، هەولێری پڕ لە جوانی مرۆڤ، هەولێری پڕ لە ئەخلاق و میهر و خۆشەویستی، هەولێری مەڵبەندی مامۆستای ڕاستگۆ و مۆزەفی دەستپاک و تاجیری بەویژدان. هەولێری شاهی شاهەنشاهی هەموو شاهانی شاران...[1]
باقی وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!