وەکوو مزگەوتە هەیوانی مزگەوت
لە هەر لایەکی مزگەوتا ڕێ کەوت
لەسەر دڵخوازی ئەهلی عیبادەت
قەرار درابێ بۆ نوێژ و تاعەت
بۆ وەختی بەهار یا فەسڵی پاییز
یا لەبۆ هاوین کرابێ تەمیز
سەری گیرابێ بە وێنەی هەیوان
یا سەر پەتی بێ وەکوو سەکۆکان
با ئاگات نەبێ لە وەقفی ئەو جێ
یا لە بەینا بێ جادەی تازە ڕێ
مادام نەزانی تازە بینایە
ئەگەر وەها بوو حوکمی جیایە
وەهایە نەسسی «تُحفه» و «شیروانی»
لە جەماعەتا لە جەڵدی سانی
هەم لە مزگەوتە هۆدەی منارە
ئەمما مەشرووتە بەم ئیعتیبارە
لە مزگەوت یاخود هەیوانی ئەوێ
ڕێگای هاتوچۆی لەبۆ ڕێ کەوێ
جێی «مؤذِّن» و ئیمام و خادم
هۆدەی تەڵەبە و مەدرەسەی عالم
حوکمی مزگەوتیان لەبۆ بزانە
کە لای مزگەوت بن ئەم مەوقیعانە
مادام نەزانی وەختی خۆی واقیف
جیای کردوونەوە ئەی برای عاریف
نەقڵی شیروانی وایە بێخیلاف
لە بابی وەقف و بابی ئیعتیکاف
لە مزگەوت نییە حەریمی مزگەوت
باسی حەریمیش ئەکەم بە ڕێ کەوت
حەوش و ڕێی باز و جێگەی خەوش و خاڵ
بەردەمی دەرگا بۆ هاتوچۆی ماڵ. [1]
هۆنەر: #مەلا عەبدولکەریمی مودەریس#
پەرتووکی: #بارانی ڕەحمەت#