جۆتیار عاردناسە، بەڵێ ساڵ ناس نییە
وتراویشە: #جوتیار عەردناسە، سەرناس نییه# جۆتیار، جوتیار، وەرزێر، کشتیار، کاری سەرەکی کشتیاری و زەوی کێڵان و بەرهەمهێنانی بەروبوومە کشتوکاڵییەکانە، بۆیە زەوی ناسیووە بۆ چاندنی چ بەروبوومێک لەبارە یان لە بار نییە، بەڵام سەرناس و مرۆڤ ناس نەبووە و کەمتر ناسیوویەتی، هەرچەندە بیروبۆچونم وایە (سەرناس) هەر مەبەست (ساڵ ناس) بووە، چونکە ئەو ئیدیۆمە زیاتر بەوە دەچێت لە دەشتەکانی #هەولێر#ێ بەکارهاتبێت، چونکە ئەو دەشتانە بۆ بەرهەمی دانەوێڵەی گەنم و جۆ لەبارن بەڵام هەموو ساڵێک بڕی باران بارین وەکوو یەک نابارێت، ئینجا وشەی (ساڵ) لەو دەشتاییانە بە (سار) گۆ دەکرێت، ساریش بووە بە (سەر) بۆیە وتراوە: جوتیار عەردناسە، سەرناس نییە.
بابێینەوە سەر جوتیار و زەوی ناسی (عەرد ناس)، خاک لە کوردەوارییدا بەگوێرەی پێکهاتە و ڕەنگی چەند جۆرێکی هەیە وەکوو: سۆرک و شینک و قومەرین و گڵی ڕەش و زیخ مەرین و ڕمڵ و لماوی و ڕەن و نیشتەنی و قەسپۆک و...تاد، ئەو خاکەی ئاوێ هەڵنەگرێت و ئەوەی زۆر ئاوی بوێت پەسەند نین بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، خاکی تێکەڵ و ڕەشە زۆر بەپیتە و بەرهەمی بەبڕشت دەبێت، هەموو جوتیارێک لە ماوەی تەنیا چەند ساڵێکدا زەوییە کشتوکاڵییەکەی خۆی دەناسێت بۆ چ بەروبوومێک باشە، بەڵام ساڵ ناسی کارێکی ئاڵۆزە و تەنیا حسابگرەوەکان هەندێکی کەمی لێ حاڵی دەبوون بەپشتبەستن بە هەندێک لێکدانەوەی لۆژیکی و عاقڵانی و ئەزموونی ساڵانی پێشووتر، کە پێشبینییەکانی ئەوانیش کەم دەردەچوون، ساڵ هەیە بارانی پەڵە درەنگ دەبارێت، ساڵیش هەیە زوو دەبارێت بۆیە وتراوە: #پەرە کەت خەرمان کەت#، ساڵ هەیە زستان پێش وەشێنە لە مانگی سەرماوەرز و بەفرانبار و ڕێبەندان باران و بەفر زۆر دەبارێت، بەڵام لە مانگەکانی بەهار (خاکەلێوە و گوڵان و جۆزەردان) دەیگرێتەوە بەمە دەغڵودان لە ناوچەکانی قەراج و کەندێناوە و شەمامک باشترین زیانیان بەردەکەوێت و نیمچە گرانی بەدواوە دەبێت چونکە لە #سلێمانی# دەوترێت: # ئەگەر هەولێری تێرە هەموو کەس تێرە#، ساڵیش هەیە لە خاکەلێوەوە باران دەبارێت بۆیە کوردەواری لەسەر زستان وتویەتی: زستان یان پێش وەشێنە یان پاش وەشێنە، هەموو ئەو ڕوونکردنەوەیە بۆ ئەوە بوو ئەو گۆتە ئیدیۆمییە بزانرێت کە کورد وتویەتی: جۆتیار عاردناسە، بەڵێ ساڵ ناس نییە.[1]
Այս տարրը գրվել է (کوردیی ناوەڕاست) լեզվով, սեղմեք պատկերակը
բացել իրը բնագրի լեզվով
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Այս տարրը արդեն դիտվել 33 անգամ
Գրեք ձեր մեկնաբանությունը մոտ այս նյութը!