شارەدێی ماوەت یەکێکە لە شارەدێیەکانی پارێزگای #سلێمانی#، لە ساڵی 2010 دا ژمارەی دانیشتووانی ناو ئەم قەزایە 7٬839 کەس بووە. قەزاکە تەنیا لە شارەدێی ماوەت پێکهاتووە.
شارۆچکەی ماوەت لە ڕووی جوگرافیەوە دەکەوێتە سنووری #شارباژێڕ#ی سەختەوە بەدووری 55کم لە باکووری ڕۆژهەلاتی شاری سلێمانی، هاوکات درێژ دەبێتەوە تاسەر سنووری ئێران و هاوسنوورە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران.
لەڕووی ئیدارییەوە قەزایەکی نوێیە کە ناوەندی شارۆچکەی ماوەت و 100 گوند و ناوچە لەخۆ دەگرێت، ژمارەی دانیشتووانی گشتیشی بەپێی ئاماری فەرمانگەی ڕەگەزنامە و باری شارستانی ماوەت نزیکەی 70 هەزار کەسە، بەڵام دانیشتووانی ڕاستەقینەی ئێستای سنوورەکە لەو ژمارەیە کەمترە ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ پلانی حکومەتی بەعس و سیاسەتی ڕاگواستن و کۆچی زۆرەملێ و جەنگی ئێران ئێراق بەگشتی بارودۆخی سیاسی کەلە مێژووی کۆن و نوێدا بەسەر ناوچەکەدا سەپێنراوە.
بەپێی بەڵگە مێژوویەکان لە سەرەتای سەدەی حەڤدەوە ماوەت مەڵبەندێکی ڕۆشنبیری و فەلسەفی گرنگ بووە، مەلا موسێی ماوەت وەک مامۆستا و زانایەکی فەلسەفی ئەو سەردەمە خاوەن گەورەترین قوتابخانە بووە و چەندین زانا لەسەردەستی ئەو قوتابخانە و مامۆستایە گەیشتونەتە پلەی باڵا، هەربۆیە بە علام مەلا موسێی ماوەتی ناوی دەرکردووە.
بەپێ ی سەرچاوە مێژووییە نوسراوەکان، ماوەت لە ساڵانی 1608 تا 1619 بنکەی ئیمارەتی بابانەکان بوە ئه و سەردەمە لەلایەن میر (خان بداغ) ئیمارەتی بابان بەرێوەبراوە.
وێنەگر: هاوکار ئەحمەد و ئارام غەفور