لە ساڵی (1965) لە شارۆچکەی (#خورماتوو#) لە دایکبووە و لە ئامیزی خێزانێکی کورد پەروەر چاوی بە دونیا هەڵهێناوە، شەهید هەرچەندەلە خێزانێکی هەژار و کەم دەرامەت گەورە بووە، بەڵام توانی چالاکانە قوناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی وئامادەیی تەواو بکات لە شارۆچکەکەی، پاشان بە هۆی هەستکردنی بە زوڵم وزۆری ڕەفتارە بۆگەنەکانی ڕژێم بەرامبەر بە نەتەوەکەی، بۆیە لە ساڵی (1984) پەیوەندی دەکات بە ڕێکخستنەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانەوە زۆر چالاکانە کارەکانی ئەنجام دەدات و وەکو دابەشکردنی بڵاوکراوەکانی کۆمەڵە لە شاردا و پەیوەندی بەردەوامی بە گەنجانەوە، بەڵام پاش ماوەیەک ئەو شانەیە ئاشکرا دەبێ لە لایەن ڕژێمەوە، ئیتر ئەوە بوو لە سەرەتای ساڵی (1985) وە شەهیدی جوانەمەرگ دڵشاد پەیوەندی دەکات بە هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە لە تیپی 51ی #گەرمیان# دەبێتە پێشمەرگە، لە ژیانی پێشمەرگایەتی بە هۆی دڵسۆزی ولیهاتووی و باوەر پێکراوی لە سەر ئامێری (بێ تەل)ی تیپەکە دادەنرێت، وبەشداری لە دەیان داستان دەکات بە بێ تەلەکەی سەرشانی هەموو چالاکیەکان دەگوازێتەوە بۆ هەڤاڵان وسەرکردایەتی لێ ئاگادار دەکات.
شەهید دەشتی کاکی بە کاکی گەرمیان ودار پەڵکەکانی ئاوەسپی و مرۆڤە قسەخۆشەکانی گەرمیان، کورکچە بێ نازەکانی پاشماوەی ئەنفال شایەتحاڵی ئەو ڕاستی ییەن کە چۆن شەهید دڵشاد بروسک ئاسا بە ئامێرە بێ تەلەکەی هەواڵ وچالاکییە نەبەردەکانی شێرە کورانی (51)ی دەگەیاند.
دیسانەوە پاش ئەنفال وپێش دەستپێکردنی ڕاپەرینە شکۆدارەکەی ساڵی (1991) پەیوەندی نهێنی دەکاتە مەفرەزە پارتی زانەکانی گەرمیانەوە، کە ئەوسا تاکە هیوای کورد مانەوەی ئەوان بوو ئەدرەوشانەوە ئازادی وباوەر بوون بە کوردایەتی لای ئەوان مابوو لە دەڤەرەکە، ئەوە بوو ڕاپەرین دەستی پێ کرد و کاکە دڵشاد جارێکی تر لە گەڵ هەڤاڵەکانی شاخ بە یەک ئاشنا بوونەوە و پێکەوە داکۆکیان لە هەر بستێکی ئەم کوردستانە دەکرد بە تایبەت شارۆچکە خنجیلانەکەیان کە بە شاری مەرگ، دوژمنان ناوزەندیان دەکرد، خوشمان بە شاری قوتابخانە کوردایەتی و قوربانی ناوی دێنین، هەرچەندە ئەو شارۆچکەیە ئێستا بێ ناز وبێ باوانە بە مەرجێ تاکو ئێستا بە شەهید دڵشاد و شەهید ناسیحەوە (362) شەهیدی داوە، بێجگە لە شەهیدانی قوربانیانی ئەنفال.
کاکە دڵشاد بەردەوام دەبێت لە کاری ڕێکخستنەکان تاکو ڕووخانی دیکتاتۆریەت لە وڵاتەکەماندا و دروستکردنی کۆمیتە و مەڵبەندەکان لە شار و شارۆچکە ئازادکراوەکانمان، دواتر کاکە دڵشاد لە مەڵبەندی (16) حەمرین لە خورماتوو بە کارگێری مەڵبەند هەڵدەبژێردریت، ئەویش بە هۆی بەرزی ئاستی ڕۆشنبیری بەهێزی کەسایەتییەوە، بەشی پەیوەندییەکانیشی پێ دەسپێردرێت، خۆشبەختانە زۆر سەرکەوتن بە دەست دێنیت، لە کارەکانی ڕۆژانەی کە بە ئەنجامیان دەگەیەنێت، شەهید دڵسۆزی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و خۆشەویستییەکی بێ پایانی هەبوو بۆ هاوڵاتیانی شارەکەی و هەردەم لە مشوری چارەسەرکردنی گیرووگرفتەکانیان بوو بە بێ جیاوازی لە نێوان نەتەوە کان دا ئەوانیش جێگای بروا و متمانەیان بوو، جگە لەوەش کاکە دڵشاد کە کادیریکی سەرکەوتوو مرۆڤ دۆست بوو، هەروەها وەرزش وانێکی لێهاتووش بوو، ماوەیەک بە پەیڤە جوانەکانی لە گەڵ یانەی خورماتوو تا وای لێهات ئەو یانەیەی پێ گەیاند ولە ماوەیەکی کورتدا یانەکە گەیشتە ئاستی پلە یەک.
کاتێک کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرسینەکانی کوردستانیش دروست بوو لە لق ولیژنە قەزاکان هەڵدەبژێردریت و بە بەرپرسی لیژنەی شارۆچکەی دووز- #داقوق# ی کۆمەڵەی پێشمەرگە دیرینەکان دادەنرێت وە بەشداری لە کۆنگرەی یەکەمی پێشمەرگە دێرینەکانیش دەکات.
شەهید دڵشاد جگە لەوەی کادریکی دڵسۆز و لێهاتوو بووە لە سەرجەمە بوارەکاندا مرۆڤێکی خۆ ڕاگر و چاو نەترس و بەوەفاش بووە بۆ هاورێ و هەڤاڵەکانی خەمخۆری کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراوەکان بووە، دۆست و باوەر پێکراوی لایەنە حزبی ونەتەوەکان بووە، ئارەزووی هەمیشە پێکەوە ژیانی نەتەوەکان بووە، هەموو ڕەنگەکانی دەبینی بە بێ جیاوازی زۆر بوێرانە دژایەتی گەندەڵی دەکرد هەربۆیەش خۆشەویستی هەمووان بوو، ئەو ڕاستییەش پاش شەهیدبوونی دەرکەوت کە چۆن نوێنەری هەموو حزب ولایەنە سیاسیەکان و خەڵکی شارەکە بە هەموو ڕەنگ و نەتەوەکانەوە شەهیدبوونی بە کۆستی خۆیان دادەنا. بەڵێ کۆست بوو بۆ یەکێتی نیشتمانی کوردستان وهەڤاڵانی شارەکەی و هاوسەنگەرانی، بۆیە هەرچەند بنوسین لە ئاست مەزنی ئەو مرۆڤە هەر کەمە وکۆتایی پێ نایە، قەڵەمەکان لاڵ دەبن لاپەرەکان بەش ناکەن، وشەکانیش لە غەم دا قەتیس دەبن. بەڵام مخابن سەدان جار بە غەم وپەژارەیەکی زۆرەوە ئێوارەی ڕۆژی سێ شەممە (#03-06-2008#) بە دەستێکی ڕەشی ناحەزانی ئازادی وپێکەوە ژیان کۆتاییان بە ژیانی کاکە دڵشاد وکاکە ناسیح هێنا.