ڤیان ماجید فەرەج، ناسراو بە ڤیان فەرەج، لە 17-08-1977 لە گەرەکی ئابڵاخی شاری #سلێمانی# لە دایکێکی بە ڕەسەن شارستانی و باوکێکی سورداشی خەڵکی گوندی کرژە لەدایک بوه و تەمەنی مناڵی تا قۆناغی چونە بەرخوێندن لە هەردو گەرەکی ئابڵاخو چوارباخدا بردۆتە سەر. لە بەر ئەوەی کرێچی بون، گەڕەکەکانی سلێمانیان زۆربەی کردوە بۆ ژیان. لە تەمەنی 6 ساڵیدا لەخوێندنگەی تابانی سەرەتای لە مەجیدبەگ چۆتە بەرخوێندن، لەبەر زیرەکی و چابوکی، هەمیشە بەسەر سنگی مامۆستاکانیەوە بوە، تا لە قۆناغی 3ی سەرەتای کاتێک بەهۆی ماڵگواستنەوە دەگوازنەوە بۆ گەڕەکی سارداوی ئێستا کە ئەوسا بە شەهیدانی کارێزە وشک ناسرابو، مامۆستاکەی نزیک یەک مانگ کتێبەکانی خوێندنی لای خۆی بۆ هەڵدەگرێ تا دواجار دەگا بەدەستی و لە خوێندنگەی ئامانجی سەرەتای قۆناغی سەرەتای لەبەردەست مامۆستا شیرینی حەمە خورشیددا تەواو دەکات.
قۆناغی ناوەندی لە ئامادەیی شیرینی کچان دەخوێنێو دیسانەوە بەهۆی ماڵگواستنەوەوە دەگوازرێتەوە بۆ خوێندنگەی سەرچنارو زەکیە ئەلکانی کچانو تا کۆتای قۆناغی ئامادی لەوخوێندنگەیە دەمێنێتەوە.
لەساڵی 1995-1996 لە زانکۆی سلێمانی لە کۆلێجی زانست بەشی ماتماتیک وەردەگیرێت و لە 1999 دا زانکۆ تەواو دەکا.
لە سەردەمانی خوێندنی زانکۆیدا جگە لەوەی لەبەر چالاکیە سیاسیەکانی بەردەوام نوێنەرایەتی گروپ و بەشەکەی دەکا، لە ڕۆژنامەی زانکۆو گۆڤاری مرۆڤایەتیشدا بابەت ووتار بڵاودەکاتەوە، پاشان لقی زانکۆی یەکێتی ژنان دروست دەکاو دواتریش دوای تەواوکردنی زانکۆ، جگە لەوەی لەهەردو خوێندنگەی ناوەندی خاتوزینی کچان و ناوەندی 7ی ئازاری تێکەڵاو وەک مامۆستای خۆبەخشی بیرکاری بۆماوەیەک کاردەکا، لەگەڵیشیدا لە 2000دا دەبێتە ئەندامی کارای ڕۆژنامەی ژیانەوه و لەگەڵیشیدا دەبێتە ئەندامی ڕۆژنامەنوسانی کوردستان.
لەساڵی 2001 دا وەک فەرمانبەر لە ئەنجومەنی وەزیران\ سلێمانی دادەمەزرێ، لەگەڵیشیدا توانا نوسینیەکانی فراوان دەبێت، تا لە 2003 دا بەهۆی نوسینەکانیەوە لە کوردستانی نوێو ژیانەوە، داوای لێ دەکرێ بەشداری کۆنفرانسی ژنانی ئازاد لە بەغدا دوای ڕوخانی ڕێمی بەعس بکاو دواتریش لە 2005 لە کۆنگرەی نێودەوڵەتی ژنی کورد لە ستۆکهۆڵمدا بەشدار دەبێت.
هەر لە 2003 دا داوای لێدەکرێ ببێتە دەستەی نوسەرانی گۆڤاری بیر و وشیاری، و هاوزەمان دەبێتە جێگری بەرپرسی پەیمانگای کادرانی یەکێتی لە سلێمانی، هاوکات دەست بەخوێندنی بەکالۆریۆسێکی تر دەکا لە زانستی سیاسیدا لە زانکۆی سلێمانی.
لە 2005دا ڕێکخراوی سەنتەری نیشتمانی بۆ لێکۆڵینەوەی جێندەر دروست دەکاو یەکەمین کتێبی لەژێر ناوی سیستەمەکانی هەڵبژاردن و پرەنسیپەکانی دەنگدان بەچاپ دەگەیەنێ.
لە 2007دا بەکالۆریۆسی دوەم بە پلەی زۆرباش بەدەست دەهێنێو لە یەکەمەکانی کۆلێجەکەی دەبێت، هاوکات دوەمین کتێبی ئامادە دەکا بۆ بەچاپ گەیاندن، لەگەڵیشیدا کۆنفرانسێک بۆ ژنانی حزبی لەناو یەکێتی سازدەکا، و تیایدا ڕاسپاردەی دانانی کۆتا بە ڕێژەی سەدی 25 دەکەن بۆ ناو سەرکردایەتی یەکێتی، لەدوایدا لە کۆنگرەی سێی حزبەکەدا، بە پلەی سەدی 20 کۆتا بۆژنان پەسەند کرا.
هەر لە 2008 دا دەچێتە ئەمەریکاو لەوێ لەهەردو زانکۆی کاپڵان و ئینستیتیوتی نێودەوڵەتی واشنتۆن بۆ زمان، بڕوانامەی پرۆفیشناڵەتی زمانی ئینگلیزی بەدەست دەهێنێ، هاوزەمان هەردو کتێبەکەیبەناوی؛ سیستەمی حزبی ئەمەریی و کاریگەری لەسەر سیستەمی حوکمڕانی دەوڵەتەکە، (ژن،تاک، سیاسەت) بەچاپ دەگەیەنرێ لە پرۆژەی 30 کتێبی سەنتەری جێندەردا.
لە 2009دا گۆشەی بە ڕاشکاوی لە ڕۆژنامەی هەواڵدا دەکاتەوە کە گۆشەیەکی حەفتانەدەبێت.
لە 2010 دەگەڕێتەوه و بۆ کۆنگرەی یەکێتی خۆی دەپاڵێوێ بەڵام سەرکەوتن بەهۆکاری ململانێی ناوخۆی حزبەکە بەدەستناهێنێو لەئەنجامدا دەست دەکێشێتەوە.
لە 2011 دەست بەخوێندنی ماستەر لە زانکۆی ئەمەریکی دەکا لە سلێمانی و بەپلەی زۆرباشی باڵا بروانامەی زانستی لە بواری کارگێڕی نێودەوڵەتی و سەرکردایەتیدا لە هەردو زانکۆی ئەمەریکی و فۆرتوانگن ی ئەڵمانی بەدەست دەهێنێ.
لە 2012 دا بەشداری کۆنفرانسی نێودەوڵەتی زانکۆی فلەچەر لە بۆستن دەکا لەسەر پرسی ئاشتی.
لە 2013 دا لەگەڵ ژمارەیەک وەرگێڕدا کار لە وەرگێڕانی هەردو کتێب، بنەماڵەی بن لادن و ژنانی عیراق دا دەکا.
لە 2013 و 2014 دا جگە لەوەی بەفەرمی دەگەڕێتەوە سەر میلاکی حکومی، لەسەر زانکۆی سلێمانی وەک فەرمانبەری بەشی کتێبخانە لەسەرەتاداو دواتر بە پلەی مامۆستای یاریدەدەر ژیانی ڕێکدەخاتەوە، هاوکات سەرپەرشتی پڕۆژەیەکی وەرگێڕان دەکا کە 33 کتێب لەگەڵ ژمارەیەک وەرگێڕدا لە ئینگلیزیەوە وەردەگێرنە سەرکوردی و بەشێکی ئه و کتێبانە بەچاپ دەگەیەنرێن، ئەوی تریشی تا نوسینی ئەم ژیاننامەیە بە چاپنەکراوی ماونەتەوە.
لە 2014 دا لە خوێندنی دکتۆرا لە ئیسپانیا دەستبەکار دەبێ لە بواری سیاسەتی بەراوردکاری، بەدامەزراوەکردنی سیستەمی پارتەکان، لە فاکەڵتی یاساو تاوانناسی و زانستی سیاسی
ناوبراو پێشەکی بۆ چەندین کتێبی زانستی و سیاسی نوسیوە، هاوکات نوسەری سەدان وتاری سیاسی و کۆمەڵایەتی سیاسیە لە ڕۆژنامەکانی ئاوێنە، هاوڵاتی، کوردستانی نوێ، چاودێر، هەواڵ، زانکۆ، للەبواری ئەدەبیش کەمێک سەردەردەکا بەڵام کەمتر کاتی بۆ تەرخان کردوە.
جگە لەتێزی دکتۆراکەی سەرقاڵی نوسینی کتێبێکە بەزمانی ئینگلیزی لەسەر مێژوی سیاسی ژنی کورد وەک ژنی نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت.