ئەسعەد عەلی نەبی ئەحمەد ناسراو بە (فەتحی تۆپچی)
لە (1-7-1940) لە بنەماڵەیەکی زەحمەتکێش و کوردپەروەر لە شارۆچکەی (مەخمور) دایک بوە، لە بەر سەختی ژیان و ناهەمواری ڕەوشی ئه و کاتی عێراق نەیتوانی قۆناغەکانی خوێندن بە سەرکەوتویی تەواو بکات بۆیە دەچێتە ڕێکخستنە نهێنیەکانی ئه و کات لە ناوچەکە بونیان هەبوە.
لە بەر زیندویی و چالاکی و کاریگەری ئه و لە سەر هاورێ و کەسەکانی و جموجۆڵە بەردەوامەکانی دەبێتە جێگای سەرنج، تا لە ساڵی 1963 لە لایەن #بەعس#یەکانەوە دەستگیر دەکرێت و بۆ ماوەی (2) ساڵ و چەند مانگێک لە ژێر ئازار و ئەشکەنجە لە گرتوخانەکانی موصل و بەغدا و کەرکووک زیندانی دەکرێ، لە سەر ئەوەی پەیوەندی بە ڕێکخستنە نهێنیەکانی حزبی شیوعی ئه و کاتەوە هەبوە.
دوای ئازاد کردنی لە ساڵی (1965) ڕاستەوخۆ خۆی دەگەیەنێتە ئه و ناوچانەی لانکەی شۆرش و بەرخودان بونە و پەیوەندی بە شۆرشی کوردەوە دەکات و لە دەڤەری #ڕواندز# دەگیرسێتەوە.
ماوەی (51) ساڵ لە زێدی باب و باپیرانی و کەس و کار و دڵسۆزانی دوور کەوتەوە بەس بۆ ئەوەی کوردایەتی بکات، کەم کەس دەیزانی ئه و لە پێدەشتەکانی قەراج و کەندێناوە لە دایک بوە و بۆ خەبات و کوردایەتی هاتۆتە کوێستانەکانی باڵەکایەتی بناری هەندرێن و کارۆخ و کورەک.
لە ماوەی مانەوەی بەشداری دەیان داستان و قارەمانێتی ئەکات و ناوی بە زوویی لە دەڤەرەکە بلاو دەبێتەوە، دیارترین ئه و داستان و نەبەردییانەی بەشداری تێدا کردوە :
(داستانی هەندرێن – داستانی چیای کورەک – داستانی ڕەشمالۆک و چیای زۆزک) لەگەڵ چەندین قارەمانێتی و نەبەردی لە ڕواندز و دۆڵی ئاکۆیان و دەڤەری باڵەکایەتی، خەڵکی ئه و دەڤەرهش شایەتی خەبات و مەردایەتی بۆ دەدەن.
لە بەرامبەر ئازایەتی و لە خۆبوردویی ناوبراو لە دوای سەرکەوتنی داستانی هەندرێن لە لایەن کۆچکردوو (ئیدریس مستەفا بارزانی) تفەنگێکی بە دیاری پێ دەبەخشرێ.
لە ساڵی 1971 لە دەڤەری باڵەکایەتی گوندی (ڕەزانی مەلا برایم – کانی زیل) کە بارەگایەکی سەربازی شۆرشی لێبوە وەک کەسێکی سەربازی باوەرپێکراو و لێهاتوو ڕاهێنانی به و کەسانە کردوە کە هاتونەتە ڕیزەکانی شۆرش.
بەشداری کاریگەری هەبوە لە شۆرشی ئەیلول و کەسێکی خاوەن ئیرادە و متمانە پێکراوی فەرماندە باڵاکانی شۆرش بوە، بۆیەشە هەمیشە فەرماندە باڵاکان دڵنیا بونە لەوەی ئه و لە کوێ بێ نە بە جێی دەهێلێت نە چەک و کەل و پەلەکان بۆ دوژمن جێدەهێڵێت.
لە نسکۆی 1974 وەک تەواوی خەڵک ڕوو دەکاتەوە ئێران و ژیانێکی سەخت و پڕ کولەمەرگی بەرێ دەکات تا لە ساڵی (1979) دەگەرێتەوە وڵات.
لە ماوەی ژیانی (4) جار ماڵی دەسوتێ و ئاوارە دەبێ. ئەمە جگە لە چەندین نەهامەتی و دەردەسەری، وەک خەڵکی دۆڵی ئاکۆیان و دەڤەری باڵەکایەتیش دەگێرنەوە : فەتحی تۆپچی، کەسێکی سادە و لە سەر خۆ و دڵسۆز بوە بۆ خاک و نیشتیمان، بۆیە بە زوویی چۆتە دڵی خەڵک و خۆشەویست بوە لە لایەن ئه و گوندنشینانەی سەردانی کردون یا ماوەتەوە.
لە دوای گەرانەوەی لە وڵاتی ئێران لە بەرێوەبەرایەتی ئیشغال دەستبەکار دەبێت و له و ماوەیەشدا لە کاتی هاتوچۆی بۆ سنورەکان ژیانی خۆی خستۆتە مەترسی و یارمەتی و کۆمەکی سەربازی و ئازوقەی زۆری بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بردوە و هاوکاری پێشمەرگەکانی کردوە لە چون و هاتن بۆ شوێنەکان کە پێویستی کردوە.
ماوەی زیاتر لە 30 ساڵ له و کارەی بەردەوام دەبێت و دواتر خانەنشین دەکرێت.
کەسێکی خوێندەوار و هۆگری خوێندنەوە بوو، بەردەوام لە کاتی بێ کاریدا خۆی بە خوێندنەوەی گۆڤار و ڕۆژنامەکان خەریک دەکرد.
لە دوای خۆیشی 18 ڕۆڵەی بۆ گەل و نیشتیمان بە جێهێشت (9) کور و (9) کچ، کە ئێستا لە بوارە جیا جیاکان خزمەت دەکەن
لە (13-10-2016) دوای ململانێیەکی سەخت لەگەڵ نەخۆشی لە شاری #هەولێر# کۆچی دوایی کرد و لە سەر وەسیەتی خۆی لە شاری ڕواندز بە خاکسپێردرا.