خەندان_ شوان بەرزنجی(باس)
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان فۆرمی دامەزراندن و دیاریکردنی میلاک بۆ وەزارەتەکان دەنێرێت و ئەندامێکی لیژنەی باڵای دامەزراندنیش چەند زانیاریەک لە سەر دامەزراندن دەخاتەروو.
لە بودجەی 2013، پەرلەمانی کوردستان (15) هەزار پلەی دامەزراندنی پەسند کرد، بەڵام بە بەراورد لە گەڵ ساڵی ڕابردوو ئەمساڵ پرۆسەی دامەزراندن دواکەوتووە وەزارەتی دارایش لە ڕێگەی وەزارەتەکان پلە تازەکانی دامەزراندن پڕ دەکاتەوە.
بە پێی نوسراوێکی وەزارەتی دارایی کە لە لایەن وەزیری دارایی لە 09-07-2013 بۆ سەرجەم وەزارەتەکان ڕەوانەکراوە و کۆپیەکی دەست ڕۆژنامەی (باس) کەوتووە. ئەوەی تیادا خراوەتەروو کە دوو لیسی تایبەت بە فۆرمی دامەزراندن بە پێی ڕێژەی دانیشتوان دابەش بکرێتە سەر دام و دەزگا و فەرمانگەی وەزارەتەکان و هەوەها لیسی پەسندکراوی میلاکاتی فیعلیش دەبێت لە لایەن وەزارەتەکانەوە بۆ وەزارەتی دارایی ڕەوانە بکرێت.
لە فۆرمی یەکەمدا کە تایبەتە بە خشتەی دامەزراند لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2013 ئەوەی تیادا ڕوونکراوەتەوە کە وەزارەتەکان دەبێت دیاری بکەن کە پێویستیان بە چەند پلەی وەزیفی هەیە و بە فیعلیش چەند دامەزراویان لە فەرمانبەری هەمیشەیی و گرێبەست هەیە.
لە بەشێک لە 15هەزار پلە وەزیفیەکەی ئەمساڵ 3350 پلەی بۆ وەزارەتی پەروەردەیە 2500 بۆ وەزارەتی ناوخۆیە، 1500 بۆ وەزارەتی تەندروستیە. بۆ خویندنی باڵاش 1200 و بۆ وەزارەتی شاروانی و گەشتوگوزار 950 پلە و بۆ وەزارەتی کارەباش 500 و وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی 500 پلە دیاریکراوە. پلەکانی تریش بە پێی پێداویستیەکان بەشێکی بۆ کەم ئەندامانە و بەشەکەی تریش بۆ چەند وەزارەتێکە کە دامەزراندنیان بۆ دیارینەکراوە.
بە پێی ئەو زانیاریانەی دەست ڕۆژنامەی (باس) کەوتوون بە شێک لە فەرمانگەکان ئەو فۆرمانەیان بۆ وەزارەتەکانیان ڕەوانە کردۆتەوە و بەشێکی تریش تاوەکو ئێستا نەیان گەراندۆتەوە ئەوەش وای کردووە کە گەیشتنەوەی ئەو فۆرمانە بۆ وەزارەتی دارایی دوابکەوێت.
بە پێی لێدوانی دلێر تاریق گوتەبێژی وەزارەتی دارایی بۆ (باس) دوای تەواوکردن و پڕکردنەوەی ئەو فۆرمانە لە لایەن وەزارەتەکان دەبێت بۆ بەرێوەبەرایەتی گشتی میلاکی وەزارەتی دارایی بگەرێندرێنەوە بۆ ئەوەی دواتر پەسند بکرێن.
جەمشید موشیر ئەندامی لیژنەی باڵای دامەزراندن لە پارێزگای هەولێر بە (باس)ی ڕاگەیاند دوای تەواوبوونی ناردنەوەی میلاکی وەزارەتەکان بۆ دارایی ئەو وەزارەتە میلاکات پەسند دەکات و پاشان پرۆسەی دامەزراندن دەست پێ دەکات. گوتیشی: لە دووساڵی ڕابردوودا پاش ئەوەی وەزارەتەکان لە ڕێگەی فۆرمی تایبەت داوای پلەی دامەزراندنی خۆیان دەکرد، پاشان وەزارەتی دارایی پەسندی دەکرد و بۆ لیژنەی باڵای دامەزرانی ڕەوانە دەکرد و پرۆسەکە دەستی پێ دەکرد.
جەمشید موشیر ئاماژەی بەوەشدا کە بۆ پرۆسەی دامەزراندنی ئەمساڵ ڕێنمایی نوێ دەرنەچووە" بۆیە ڕوون نەبۆتەوە ئایا پرۆسەکە هەر لە ڕێگەی لیژنەی دامەزراندنی پارێزگاکان دەبێت یاخود ئەنجومەنی ڕاژە دادەمەزرێت و پرۆسەکە ڕادەستی ئەوان دەکرێت.
یاسای ژمارە 7 ئەنجومەنی ڕاژە لە 15-06-2011 لە پەرلەمان دەرچووە،بە پێی برگەیەکی یاساکە پێویست بوو لە 15-08-2011 جێبەجێبکرایە و کار بۆ دروستکردنی کرابوایە. بەڵام تاوەکو ئێستا ئەنجومەنەکە دروست نەکراوە.
لە ساڵی 2011 (25)هەزار فەرمانبەر و لە ساڵی 2012 (17) هەزار فەرمانبەر لە ڕێگەی لیژنەکانی دامەزراندن لە پارێزگاکان دامەزرێندران.ئه و ئەندامەی لیژنەی باڵای دامەزراندن ئەوەی خستەروو کە ئەو میلاکەی لە لایەن وەزارەتی دارایی بە پێی فۆرمەکان ئەمساڵ پەسند دەکرێت دەستکاری ناکرێت و لە سەر ئەو میلاکە 15 هەزار پلە وەزیفیەکە پڕ دەکرێنەوە.
ناوبراو جەختی لە سەر ئەوە کردەوە بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو پرۆسەی دامەزراندن زۆر دواکەوتووە. گوتیشی: ساڵی ڕابردوو له و کاتانەدا زۆربەی فۆرمەکانمان داخیلی کۆمپیوتەر کرد بوو، بەڵام ئەمساڵ تاوەکو ئێستا ڕێنماییش دەر نەچووە.
محەمەد قەرەداخی سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکردووە کە تاوەکو ئێستا ئەنجومەنی وەزیران میکانزمی دامەزراندنی فەرمانبەرانی بۆ ساڵی 2013 تەواو نەکردووە و ئێستا سەرقاڵی دانانی ئەو میکانزمەیە.
- 06-08-2013