خەندان ڕاماڵ قەسرەیی
لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرماو بارینی بەفرو باران و هاتنەخوارەوەی ئاژەڵ و پەلەوەرە کێوییەکان لەچیا سەختەکان بۆ نزیک گوند و ئاوایەکان دیاردەی ڕاوکردن لەناوچەی باڵەکایەتی ڕووی لەزیادبوون کردوە و له و ماوەیەشدا هێزەکانی ژینگەپارێزی 15 ڕاوچیان دەستگیرکردوە.
نەقیب ئیسماعیل حەسەن، بەرپرسی لقی پیَِنجی ژینگەپارێزی باڵەکایەتی بە (خەندان) ی ڕاگەیاند: لە دوو هەفتەی ڕابردوودا لە کوێستانەکانی باڵەکایەتی زیاتر لە 15 کەسیان دەستگیر کردووە کە خەریکی ڕاوکردن بوون.
وتیشی: "لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما و بارینی بەفر لە چیاکان ئاژەڵ و پەلەوەری کێوی بەتایبەتی کەو، لە لوتکە چیا و شوێنە بەرزەکاندا کۆچییان کردووە بۆ شوێنی گەرمتر و نزیک گوند و ئاواییەکان، ئەمەش بوەتە هۆکار بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی ڕاو دەکەن ئەم هەلە بقۆزنەوه و بە نیوەشه و بگەڕێن و ئەم ئاژەڵ و کەوانە ڕاو بکەن، بەڵام ئێمە شەوانە مەفرەزەمان هەیە و بۆ شوێنە جیاجیاکان دەردەچین بۆ پارێزگاریکردن لە سروشتی کوردستان و گیانی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان".
نەقیب ئیسماعیل ڕاشیگەیاند: لەکاتی دەستگیرکردنی ڕاوچییەکاندا دەستیان بەسەر کۆمەڵێک کەل و پەلی ڕاوکردندا گرتووە، کە بریتین لە شەش چەکی تاپڕ و زیاتر لە 200 گوللەی چەکی تاپڕ و چەند بلاجکتۆرێک.
بەرپرسی لقی پێنجی ژینگە پارێزی چۆمان ئاشکراشیکرد: ئەوکەسانەی کە دەستگیر کراون پەڕاوەکانیان لە دادگای بەرایی چۆمانه و داراونەتە دەستی یاسا بۆ ئەوەی ئیجرائاتییان لەگەڵ بکرێت، هەندێکیش کە تەنها لەرێگا و بانەکان و کوێستانەکان گومانیان لێ کراوە، دەستگیریان کردوون بەڵێننامەیان لێ وەرگیراوە کە دووبارە نەڕۆنەوە بۆ ڕاوکردن، دواتر ئازاد کراون.
هەڵکەوتەی جوگرافیا و بەرفراوانی سنورەکە و هەبوونی چەندین چیای بەرز و سەخت و کوێستان و دارستان وایکردوە کە بەرێژەیەکی زۆر باڵنده و ئاژەڵی کێوی لەناوچەی باڵەکایەتی بژین، بەڵام بەهۆی ڕاوکردنیانەوە بەردەوام ئەم ئاژەڵ و پەلەوەرە کێویانە لەژێر هەرەشەدان و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەهاوکاری چەند وڵاتێکی بیانی لەبەرنامەیدایە پڕۆژەی ناشناڵ پارکی هەڵگرد سەکران له و ناوچەیە ئەنجام بدات کە پرۆژەیەکی جیهانیه و بەهێزترین بنەمای ئەو پرۆژەیەش پاراستنی ئاژەڵ و باڵەندی کێوین.
- 18-11-2013
Αυτό το στοιχείο έχει γραφτεί σε (کوردیی ناوەڕاست) γλώσσα, κάντε κλικ στο εικονίδιο
για να ανοίξετε το στοιχείο στην αρχική γλώσσα!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Αυτό το στοιχείο έχει προβληθεί φορές 5,788
Γράψτε το σχόλιό σας για αυτό το προϊόν!