دوای تیرۆرکردنی ژمارەیەک ڕۆژنامەنووسی کوردی باشوری کوردستان لە ساڵانی ڕابردوو لەسایەی دەسەڵاتی کوردیدا، پێنچشەممە 05-12-2013 دوای کاتژمێر نۆی شەو ڕۆژنامەنووس (کاوە گەرمیانی) لە شاری کەلار لە بەردەم ماڵەکەیدا تیرۆرکرا.
تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان ئاستی بڕوانەبوونی دەسەڵاتدارانی کوردی بە پرەنسیپە دیموکراتیەکان دەسەلمێنێ، وە ئاستی لاوازی سیستەمی داد و نەبوونی دادوەری لەهەرێمی کوردستان دەسەلمێنێ. تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان، تیرۆرکردنی ووشە و بیروڕای ئازاد و لێسەندنەوەی ژیانە. ڕۆژنامەنووسان بەهۆی ئەوەی گەندەڵیەکان و گەندەڵکاران ئاشکرادەکەن و ڕێگری لەتاڵانکردنی سامانی نیشتمانی دەکەن و بەرگری لەمافی هاووڵاتیان دەکەن، لەلایەن گەندەڵکارە چەک بەدەستە مشەخۆرەکانی دەسەڵات تیرۆردەکرێن.
ڕێکخراوی نەهێشتنی ئەشکەنجە و لەسێدارەدان - ئۆڕتە و فیدراسیۆنی زیندانیانی سیاسی کوردستان تاوانی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس کاوە گەرمیانی بەتوندی ئیدانە و مەحکوم دەکەین و هاوخەمی خۆمان لەگەڵ بنەماڵە و هاو پیشەکانی ناوبراو ڕادەگەیەنین، وە داوا دەکەین :
دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە و دادگایکردنی تاوانباران و سزادانیان.
پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەپێناو کۆتایی هێنانی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر، چیتر ڕۆڵی تەماشاکەر نەبینن.
ڕۆژنامەنووسان و فۆتۆگراف و ڕاگەیاندکارانی (ڕادیۆ، تیڤی، ڕۆژنامە) کان لەهەرێمی کوردستان ماوی ڕۆژێک مان بگرن، دەست لەکار هەڵگرن، تەنانەت لەتیڤیەکان هەواڵەکان بێ دەرکەوتنی بێژەر لەو ڕۆژەدا پێشکەش بکرێ، وەک ناڕەزایەتیەک لەدژی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان.
ڕێکخراو نەهێشتنی ئەشکەنجە و لەسێدارەدان - ئۆڕتە
فیدراسیۆنی زیندانیانی سیاسی کوردستان
FPPK
06-12-2013