خەڵکیی بە شەرەفی کوردستان..
ماوەیەکە بەشێوەیەکی ڕێکخراو هەر لە سەرەتای تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی جوانەمەرگەوە هەڵمەتێکی ناڕەوا لەلایەن میدیاکانەوە بەرامبەر بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان و ئێمەش دەستیپێکردووە و بەردەوامیشە، بەبێ ئەوەی ئەم کەیسە لەلایەن دادگاوە یەکلاکرابێتەوە.
ئێمە دەزانین ئەمە کارێکی بەرنامە بۆ داڕێژراوە و خەڵکانێک حوکمی پێشوەخت ئەدەن، ئەوەندەی مەبەستیان بەلاڕێدابردن و شێواندنی ڕاستییەکانە ئەوەندە مەبەستیان گەیشتنە ئەنجام و دۆزینەوەی تاڵە دەزووەکانی ئەو تاوانەیە نییە.. لەوەش تێئەگەین کە بەلاڕێدابردن و بەکارهێنانی ئەم کەیسە بۆ مەبەستی سیاسی هیچ کەمتر نییە لە تاوانی تیرۆرکردنەکەی.
ئێمە هەر لە سەرەتاشەوە لەگەڵ بەڕێز جێگری سەرۆکی حکومەتدا قسەمان کردووە و پشتیوانی تەواومان بۆ بەدواداچوون و دەستگیرکردنی هەر کەس لایەنێک ئەم کارەی کردبێ، دەربڕیوە.
بۆیە جارێکیتریش کۆمەڵانی خەڵکیی دڵنیا ئەکەینەوە وەکو پێشتریش ڕامانگەیاندووە بەوپەڕی سەربەرزییەوە ئەچینە بەردەمی دادگا و پابەند ئەبین بە سەروەری یاسا و لەوێش بێتاوانی خۆمان ئەسەلمێنین، لەکاتێکدا هەموو تۆمەتبارێک بێتاوانە تاکو تۆمەتەکەی بە بەڵگەی یاسایی بەسەردا ئەسەپێنرێ.
ئێمە خەباتمان بۆ دامەزراندنی حوکمی یاسا و بەرز ڕاگرتنی دەسەڵاتی دادوەری کرد.. بڕیاری ئامادەبوونیشمان لەبەردەمی دادگادا هەر لەوەوە سەرچاوەی گرتووە لەدوای گرتنەبەری ڕێوشوێنە یاساییەکان.
ئەو هەواڵە هەڵبەستراوانەش کە گوایە ئێمە بە قەرەباڵغی ئەچینە بەردەمی دادگا هیچ ڕاستییەکی تێدا نییە و هەموو ئەو دەستانەش ئەناسین کە خەریکی ئەو جۆرە ورووژاندنەن، وەکو مافێکی سادەی خۆشمان لەبەرامبەر هەر هەوڵێکی چەواشەکارانەی بێ بەڵگە لەلایەن هەر کەس و لایەنێکەوە بێت لە دژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و خۆشمان، بێدەنگ نابین و هەموو ڕێوشوێنێکی یاسایی ڕاست و ڕەوا ئەگرینەبەر.
هەرکەسێکیش پێویستی بە بەدواداچوون هەیە دەتوانێ پەیوەندی بە تیمی پارێزەرانی تایبەت بەم کەیسەی ئێمەوە بکات تا وەڵامی ڕاستی دەستبکەوێت.
داواش لە کەسوکاری شەهید کاوە گەرمیانی دەکەین کە بە عەقڵی خۆیان و بە قازانجی ئەو زیانەی لێیانکەوتووە کاربکەن نەک لەژێر کاریگەرێتی پلانی ئەو خەڵکانەی هیچ بەرژەوەندییەکیان نییە جگەلە تێکدان.
ئەمانەوێ ئەوەش ڕوونبکەینەوە کە لە ڕاگەیاندنەکاندا بڵاوکرایەوە گوایە ئێمە هیچ پلەیەکی سەربازیمان نییە، بەپێچەوانەوە ئێمە بە فەرمی خولی سەربازیمان بینیوە و بە فەرمانی فەرمیش پلەی (فەریق)مان وەرگرتووە، جگەلەوە بە فەرمی نوێنەری فەرماندەی گشتی (ه.پ.ک) بووین و هەموو دەسەڵاتەکانی فەرماندەی گشتیمان هەبووە و لەهەموو کۆڕ و کۆبوونەوە سەربازی و پێشمەرگایەتییەکاندا بەشداریمانکردووە و ئەندامی تیمی یەکخستنەوەی (ه.پ.ک) بووین.
دەخوازم هەموو لایەک هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن لە دەربڕین و بڵاوکردنەوەی زانیاری و خۆیان بەدووربگرن لە کاری پەلە و بێبنەما و ناوزڕاندن کە لە بەرژەوەندی کەسدا نییە تاکو کارەکانی دادگا و گەیشتنە ئەنجام بە ڕێکوپێکی بڕوات و هەموو لایەکمان مافی خۆی وەربگرێت، چونکە کەس سوود لە ئاڵۆزاندنی دۆخەکە وەرناگرێ.
مەحمود سەنگاوی
- 26-12-2013