هاوڵاتیانی ئازیز
کوردستانیانی هێژا
وەک هەموان دەزانن، هەر لەو کاتەوە کە گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناوچەکە و ووڵاتی سوریا، هەل و مەرجێکی نوێی بۆ کوردانی ڕۆژئاوا هێنایە ئاراوە، ئێمە لە هەرێمی کوردستان و لە پارتی دیموکراتی کوردستان وەک ئەرکی نەتەوەیی و هاوپشتی برایانەمان بەرامبەر کوردانی ئەو پارچە ئازیزەی کوردستان و لە پەرۆشیمان بۆ ئەوەی هەلومەرجەکە بە قازانجی سیاسیی خەڵکی ڕۆژئاوا بشکێتەوە، دەستی هاوکاری و پشتیوانیمان بۆ هەموو لایەنەکان درێژ کرد و هەموو هەوڵێکماندا تا هەموویان یەک دەنگ و هاریکاری یەکدی بن و پێکەوە کاربکەن تا لە دوارۆژی ئەو ووڵاتەدا مافەکانی گەلی کورد زامن و مسۆگەر بن، بەڵام بەداخەوە حزبی پەیەدە هەر زوو لەم ڕەوتە هەڵگەڕایەوە و لەسەر ئاستی ناوخۆ سیاسەتێکی تاکڕەوانەی قۆرغکارانەی خۆسەپێنی گرتەبەر و لەسەر ئاستی سوریا و سەنگەربەندیی هەرێمایەتیش، ڕۆژئاوای لە سیاسەتێکی شووم و نەزۆک و سەرکێشانەوە تیوەگلاند کە جگە لە مەترسی و ئایندەی نادیار هیچی دیکەی بۆ کورد لێ شین نابێت.
پەیەدە بەوەندەشەوە نەوەستا و تاکڕەوی و پاوانکاری گەیاندە ئاستی دژایەتییەکی بێشەرمانەی هێزە سیاسییەکانی دیکە و دەستنەپاراستن لە گرتن و ڕاوەدونان و دەرکردنی سەرکردە و کادیر و لایەنگرانی حیزبەکانی دیکە و بە تایبەت پارتی دیموکراتی کوردستانی سوریا وەک لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا بەشێوەیەکی فراوان ڕوویدا.
لە سایەی ئەو سیاسەتە تاکڕە و و ناڕەوایەی پەیەدەدا، ئێستا ڕۆژئاوا لە جیاتی ئەوەی ببێتە نموونەیەکی سەرکەوتوانەی کورد لە خۆبەڕێوەبردنێکی دیموکراتیانە و فەزایەک بۆ ئازادی خەبات و هەڵسوڕانی سیاسیدا، کەچی خراپتر لە ناوچەکانی ئیدارەی ڕژێم، بۆتە جێیەک بۆ قۆرغکاری و سەرکوتکردنی ئازادی سیاسیی.
پەیەدە کە داوای ئازادی هەڵسوڕانی سیاسی و کرانەوەی پارچەکانی کوردستان لەسەر یەکدی دەکات کەچی بۆ خۆی بەو شێوازە دیکتاتۆریانەیە مامەڵە لەگەڵ تێکۆشەران و جەماوەری ڕۆژئاوای کوردستان دەکات، مامەڵەیەک کە لە دونیای تێکۆشانی ئەم سەردەمەدا مۆدێلێکی قیزەونی بەسەرچووی نەفرەت لێکراوە و بە هیچ جۆرێک قابیلی قبوڵ نییە، بۆیە پێویستە پەیەدە دەستبەرداری ئەم سیاسەتە تاکڕەو و خۆسەپێنە بێت، کە بەهەموو پێوانەیەک زیانی گەورە بە بەرژەوەندی ڕۆژئاوا دەگەیەنێت، پێویستە پەیەدە وەڵامدەرەوەی ئیرادەی کوردانی ڕۆژئاوا بێت کە بەسەر حیزب و بیر و ڕای جۆراو جۆردا دابەش بوون و هەمووانیش خەڵکی ڕەسەن و ڕۆڵەی ئەو پارچەیەی کوردستانن و هیچ هێزێک بۆی نییە ئازادی تێکۆشان و کاری سیاسسیان لێ قەدەغە بکات.
ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوپەڕی هاوسۆزی خۆمان لەگەڵ خوشک و برایانی کوردی ڕۆژئاوا و تێکۆشەرانی پارتی دیموکراتی کوردستانی سوریا ڕادەگەیەنین.
بە توندیش ئیدانەی ئەو شاڵاوی ڕەشبگیرە دەکەین کە لە لایەن پەیەدەوە دەکرێتە سەریان..
جارێکی دیکەش دووپاتی دەکەینەوە کە بەرژەوەندی ڕۆژئاوای کوردستان لە پێکەوەکارکردنی هەموو لایەنەکاندایە و پێویستە ئەم تاکڕەوی و خۆسەپاندنە کۆتایی بێت.
مەکتەبی سیاسی
پارتی دیموکراتی کوردستان
18 – 5 - 2014