بەدەستێکی سوکانەکەی گرتبو بەدەستەکەی تریشی خەریکی نامە ناردن بو بۆ یارەکەی کە چاوەڕێی بو لەجێژوان، لەنامەکەیدا نوسیبوی "دڵەکەم سێ دەقەی تر لەلاتم". بەڵام پێش ئەوەی بگات، بەهۆی سەرقاڵیی ناردنی نامەکەوە، ئۆتۆمبیلەکەی وەرگەڕاو گیانی لەدەستدا، یارەکەشی هەر بەوگوڵەی بەدەستیەوەبوو بەنیازبو بیداتێ لەجێژوان، چوە سەر گۆڕەکەی و بەخەمگەینییەکەوە وتی "خۆزگە ئه و کورتنامەیەت نەناردایە، گوڵەکەم بۆ دەهێنای بۆ جێژوان، نەک بۆسەر کێلی گۆڕستان".
ئا: ئاسۆ سەراوی
ئەوە کورتە فیلمێک بو کە ڕێکخراوی ترافیک بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی قوربانییانی هاتوچۆ لەرۆژی 16-11 بۆ کۆمەڵێک ڕۆژنامەنوسی نمایشکرد. ئەوان وەک خۆیان دەڵێن مەبەستیانە له و ڕێگایەوە بەهاوڵاتیان بڵێن دەشێ بەهۆی ناردنی کورتنامەیەک، یان تەلەفونکردنێک لەکاتی شۆفێرییدا دواجار بەمەرگی شۆفێرەکە و کەسانی تریش کۆتایی بێت.
سەرۆکی ڕێکخراوی ترافیک، سەربەست حسێن لەلێدوانێکیدا بۆ ئاوێنە ئاماژە بەوە دەکات، ئەوەی ئێمە نمایشمانکرد کورتە فیلمێک بو، بەڵام "بەدڵنیاییەوە نمونەی وەها زۆرن کە شۆفێران بەهۆی سەرقاڵبونیان بەبەکارهێنانی مۆبایلەوە گیانیان لەدەستداوە"، ئه و ڕونیدەکاتەوە کە بەشێک لەشۆفێران وادەزانن کە لەکاتی شۆفێرییدا مۆبایلیان بەکارهێنا و چاویان لەسەر شەقامەکە یان ڕێگاکە بو ئیتر سەلامەت دەبن، ئه و وتی "کاتێک مۆبایل بەکاردەهێنن هەرچەند چاویشیان لەسەر ڕێگاکە بێت، بەڵام بیر و هۆشیان لەلای قسەکانیانە و دەشێ به و هۆیەوە توشی کارەساتی گەورە ببن، بۆیە ڕێنمایی شۆفێران دەکەین بەهیچ جۆرێک لەکاتی شۆفێرییدا مۆبایل بەکارنەهێنن".
ئه و باس لەوەشدەکات، کە لەڵاتانی پێشکەوتوی دنیادا ئامارەکانی گیان لەدەستدان ساڵانە بەرێژەیەک کەمدەکات، بەڵام لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ساڵانە ڕێژەی گیان لەدەستدان بەهۆی ڕوداوی هاتوچۆ لە20% زیاددەکات. سەبارەت بەهەرێمی کوردستانیش بەرپرسی ئه و ڕێکخراوە هێمای بەوە کرد "ساڵانە لەهەرێمی کوردستان نزیکەی هەزار کەس بەهۆی ڕودای هاتوچۆوە گیان لەدەستدەدەن".
ئەندامێکی بۆردی ڕێکخراوی ترافیک، هەڵکەوت عەبدوڵڵا لەلێدوانێکدا بۆ ئاوێنە ئەوە ڕوندەکاتەوە کە دوای زۆربونی ڕوداوەکانی هاتوچۆ و بەرزبونەوەی ڕێژەی گیان لەدەستدان لەدنیادا، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان لە 26-10-2005دا بڕیاریدا سێیەمین یەکشەممەی مانگی یانزەی هەمو ساڵێک بکاتە ڕۆژی جیهانیی قوربانیانی هاتوچۆ "تا له و ڕۆژەدا وڵاتان بەخۆیاندا بچنەوە پلانی چەند ساڵە دابنێن بۆ کەمکردنەوەی ئامارەکانی قوربانیانی هاتوچۆ، بەنمونە وڵاتێکی وەکو سوید له 2006 تا 2010 پلانێکیان دانا بەمەبەستی ئەوەی ڕێژەی قوربانیانی هاتوچۆ تا ڕێژەی 50% کەمبکەنەوە، لەکۆتاییدا بۆیان دەرکەوت توانیویانە بەرێژەیەکی لەوە کەمتر ئه و کارە بکەن".
ئه و کاتێک دێتە سەر باسی هەرێمی کوردستان خەمبار دەبێت و ئەوەش بەپشتبەستو بەچەند ئامارێک کە لەنەخۆشخانە و دەزگا تەندروستیەکانەوە وەریانگرتوە، وەک ئه و باسی دەکات لەساڵی 2011دا 811 کەس بەروداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە، لە 2012دا ئامارەکە بۆتە 845کەس و لەساڵی 2013دا ڕێژەکە بەرزبۆتەوە بۆ864 کەس، ئه و وتی "بەداخەوە لایەنە پەیوەندیدارەکان ساڵانە تەنها ئامارەکانی گیان لەدەستدانی قوربانیانی هاتوچۆ بڵاودەکەنەوە، هەڵوێستەیەک لەسەر ئه و ئامارانە ناکەن، نەمانبینی پلانێکی چەند ساڵە هەبێت بۆ بەرگرتن لەزیادبونی ئه و ئامارانە".
ئه و باس لەوەشدەکات کە بەنیازبون لەرۆژی 16-11ی ئەمساڵ لەسەر داوای فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومیەکان، کۆنفرانسێک لەبارەیەوە ببەستن، بەڵام لەبەر دو هۆکار ئەوەیان نەکردوە "یەکەم خراپیی بارودۆخی هەرێم کە کێشەی دارایی هەیە و لەشەڕیشدایە، دووەم لایەنی پەیوەندیدار ئامادەنەبوە داتاو زانیاریمان پێبدات، هەر بۆیە بۆ چەند مانگێک دوامانخستوە بەئومێدی ئەوەی لایەنی پەیوەندیدار له و ڕوەوە هاوکارییمان بکات بۆ سەرخستنی ئه و کۆنفرانسە کە دواجار لەخزمەتی گشتییدایە".
- 24-11-2014