بەرپرسێکی وەزارەتی ئەوقاف بە ژمارە ئاشکرای دەکات، کە نزیکەی 500 کەس لە هەرێمی کوردستانەوە ڕۆشتوونەتە ناو داعش و له و ژمارەیەش نزیکەی 265 کەسیان لێکوژراوە و 150ی دیکەش خۆیان تەسلیم کردووەتەوە.
مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی وەزیراتی ئەوقاف وکاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە خەندانی ڕاگەیاند: "ژمارەی ئەو مسوڵمانانەی لە وڵاتی بەلجیکاوە چوونەتە ناو داعش زیاترە لە ژمارەی ئەو موسڵمانانەن کە لە هەرێمی کوردستانەوە ڕۆیشتونەتە ناو ئەو ڕێکخراوەوە".
ئاماژەی بەوەشدا، کەئێستا ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، هیچ هیوا و ئومێدێکی بە مسوڵمانانی کوردستان نەماوە و کار لەسەر مسوڵمانانی وڵاتانی ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا دەکات.
ئەوەشی خستەڕوو، کە ئەوانەی لە هەرێمی کوردستانەوە ڕۆیشتوون لە 500 کەس کەمترن و لەو ژمارەیەش تا ئەمڕۆ 265 کەسیان لێکوژراوە و نزیکەی 150 کەسیشیان گەڕاونەتەوە و تەسلیم بوونەتەوە بە دەزگا ئەمنییەکان و هێزەکانی پێشمەرگە، وتیشی: "بەڵام لە بەلجیکاوە نزیکەی 510 کەس چوونەتە ناو داعش و تائێستا کەمتر لە 100 کەسیان لێکوژراوە".
ئه و بەڕێوەبەری وەزارەتی ئەوقاف، وتیشی: "زۆربەی ئەو مسوڵمانانەی بەلجیکا کە چوونەتە ناو داعش لە سوریان، بەڵام کوردەکانی هەرێم زۆربەی هەرە زۆریان لە عیراقدان".
سەبارەت بەوەی کە ئایا حکومەتی هەرێم هیچ هەماهەنگییەکی لەگەڵ چەکدارە کوردەکانی ناو داعش هەیە بۆ خۆتەسلیمکردنەوەیان، وتی: "نەخێر پلانی داڕێژراو لە حکومەتی هەرێم بۆ گەڕانەوەی ئەو گەنجانە نییە و ئەوان خۆیان ڕادەستی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان دەکەن، بەڵام پێشتر کەسوکاری ئەو گەنجانەی کە لە سوریا چووبوونە ناو داعش دەهاتنە لای ئێمە و لای دەزگا ئەمنیەکانیش تا کارئاسانی گەڕاندنەوەی کوڕەکانیان بۆ بکەین".
هەروەک باسی لەوەش کرد، کە ڕۆیشتنی گەنجانی کورد لەهەرێمی کوردستانەوە بۆ ناو داعش لە ئێستادا وەستاوە، وتیشی: "بەڵام لە ئەوروپاوە هێشتا لە بەرانبەر پارەدا مسوڵمانان دەڕۆنە ڕیزەکانی داعش، نیوەی ئەو مسوڵمانە ئەوروپیانەی لە بەلجیکاوە چوونەتە ناو داعش ئافرەتن".
هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، کە ڕۆیشتنی مسوڵمانانی ئەوروپا زیاتر بۆ گۆڕانکارییە لە ژیانی خۆیان، چونکە زۆربەی ئەو مسوڵمانانەی ئەوروپا کە دەڕۆنە ناو داعش خەڵکی شکستخواردوون لە ئەوروپا و ژیانیان کێشەی تێدایە.
- 18-10-2015