ئەو کوردانەی لە باشوری کوردستانەوە چوونەناو داعش و داوایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە بریتانیا، هەروەها ترس و نیگەرانیەکانی دەوڵەتی تورکیا لە جەنگاوەرو گەریلای پارتە کوردیەکانی خۆرئاوا و باکور، بەشێکن لەو بابەتانەی کە ئەمڕۆ چەند میدیایکی جیاجیای بیانی باسیان لێوە کردووە.
voltairenet: 85%ی ئەو کوردانەی چوونەتە ناو داعشەوە لەخوێندنگە ئیسلامیەکان خوێندوویانە
وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد 85%ی ئەو کوردانەی هەرێم کە چوونەتە ڕیزەکانی داعش-ەوە، لە خوێندنگە ئیسلامیەکان پەروەردە کراون.
ئەم خوێندنگە ئیسلامیانە بەزۆری لە ئەفغانستان و میسر و یەمەن و ئێران هەن و 23 خوێندنگەی ئیسلامیش لە هەرێمی کوردستان هەیە.
زیاتر لە 150 کەس لەو کوردانەی هەرێمی کوردستان کە چووبوونە ناوداعش-ەوە، گەڕاونەتەوە هەرێم و لەژێر چاودێریی پۆلیسدان.
گاردیان: پێشمەرگە داوای لە بریتانیا کردووە هاوکاریی بکات لە دژی هێرشی کیمیایی داعش
ڕۆژنامەی گاردیان-ی بریتانی ئاشکرای دەکات، لە کاتی خۆئامادەکردنی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ بەشداریکردن لە ئۆپراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی موسڵ لەدەستی داعش، نووسراوێکیان ئاڕاستەی وەزیری بەرگری بریتانیا کردووە و داوایان لێکردووە بە پەلە هەندێک کەرەستەی خۆپاراستنیان بۆ بنێردرێت لە دژی هەر هێرشێکی کیمیایی داعش.
ڕۆژنامەکە نووسیویەتی:شەڕی کۆنتڕۆڵکردنەوەی موسڵ پێشبینی دەکرێت لە ناوەڕاستی ئەم مانگەوە دەستپێبکات و چاوەڕواندەکرێت کورد ڕۆڵێکی زۆر گرنگ و بەرچاو لە ئۆپڕاسیۆنەدا ببینێت.
ئەوەش ڕوونکراوەتەوە کە ئەو نامەیەی هێزی پێشمەرگە لە لایەن نوێنەرێکی باڵای کورد لە بریتانیا کە (کاروان جەمال تاهیر)ە پێشکەشی وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە کراوە. کاروان وتوویەتی:"بە هۆی ئەو ڕەفتار و کردارانەی پێشووی دعش-ەوە، لە ئێستادا مەترسی ئەوە هەیە جارێکی دیکە گازی کیمیایی و مەترسیدار لە موسڵ بەکاربهێنێت". هەربۆیە پێشوەختە و بە پەلە کوردەکان داوای هاوکارییان لەبریتانیا کردووە پێداویستی گونجاوی دژ بە کیماییان بۆ بنێرێت.
ڕۆیتەرز: تورکیا دەڵێت پێویستە ئەمریکا گرەنتی کشانەوەی میلیشیا کوردیەکان بکات بۆ خۆرهەڵاتی ڕووباری فوڕات
ماڵپەڕی ڕۆیتەرز بڵاوی دەکاتەوە، وتەبێژی حکومەتی تورکیا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاندووە: پێویستە ئەمریکا گرەنتی کشانەوەی هێزەکانی یەپەگە بکات بۆ ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فوڕات، بەمەش فشاری زیاتر دەخەنە سەر واشنتۆن بۆ ئەوەی ئاگاداری هێڵی سووری تورکیا بێت.
نوعمان کورتولمس، وتەبێژی حکومەتی تورکیا لە کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتەکەیاندا ڕایگەیاند:"ئێمە دەزانین هێشتا هێزی یەپەگە و پەیەدە بوونیان هەیە، بۆیە جارێکی دیکە داوا لە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکەینەوە پەیمانەکانی بپارێزێت و یەپەگە و پەیەدە بکشێنێتەوە بۆ خۆرهەڵاتی ڕووباری فوڕات."
ماڵپەڕەکە ئەوەشی بڵاوکردووەتەوە کە تورکیا هێزی سەربازیی ناردووە بۆ باکوری سوریا بۆ وەدەرنانی داعش لەو سنوورانە و بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە هێَزەکوردیەکان بەرەو ناوچەکان و سنوورەکانی ئەم نایەن.
هەروەها وتەبێژەکە جەختیشی لەوەکردووە ئەنقەرە چەندین جار دووبارەی کردووەتەوە کە بەشداریی لە هیچ ئۆپراسیۆنێکی ئازادکردنی موسڵ و ڕەقەدا ناکات ئەگەر کوردەکانی سوریا، یەپەگە و پەیەدە، بەشداری بکەن.
حوڕییەت دەیلی نیوز: یڵدرم دەڵێت کێشەمان لەگەڵ کودەکان نییە، تەنیا کێشەمان لەگەڵ پەکەکە هەیە
لە ڕاپۆرتێکی ئەمڕۆی ڕۆژنامەی حوڕییەت دەیلی نیوزدا هاتووە، بینالی یڵدرم سەرەک وەزیرانی تورکیا ڕەتیکردووەتەوە کێشەیان لەگەڵ کورددا هەبێت و وتوویەتی:" ئێمە تەنیا کێشەمان لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دا هەیە و کێشەی تیرۆرمان لەگەڵیاندا هەیە. لەبەرئەوەی لە خۆرهەڵات و باشوری خۆرهەڵاتی وڵاتەکەماندا کێشەمان بۆ دروست دەکەن".
یڵدرم ڕاشیگەیاندووە"ساڵانێکە بەدەست تیرۆرەوە دەناڵێنین، لەڕاستیدا هیچ کێشەیەکی کورد نییە لە تورکیا. ئێمە تەنیا کێشەمان لەگەڵ پەکەکە هەیە و پەکەکە تیرۆریستن".
- 04-10-2016